نوێنەری یۆنامی سەردانی زیندانیانی بادینانی کرد
نوێنەری یۆنامی (کۆمسیۆنی هاریکاری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان) سەردانی زیندانیانی بادینانی کرد، کە لە مانگرتن لە خواردن دان و گفتوگۆیان لەبارەی ئازادکردنیان و ئامانجی مانگرتنەکەیان لەخواردن کرد.
نوێنەری یۆنامی (کۆمسیۆنی هاریکاری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان) سەردانی زیندانیانی بادینانی کرد، کە لە مانگرتن لە خواردن دان و گفتوگۆیان لەبارەی ئازادکردنیان و ئامانجی مانگرتنەکەیان لەخواردن کرد.
ئایهان سەعید برای یەکێک لە بەندکراوانی بادینان ڕایگەیاند، ئۆکستین باهیمۆتا سەرۆکی ڕۆڵی یاسا لە ڕێکخراوی یۆنامی سەردانی چاکسازی گەورانی هەولێری کرد و وتیشی: "ئامانج لە سەردانەکە باسکردن لە ئازادبوونی بەمەرج بوو لەڕووی یاساییەوە لەگەڵ دوو لەمانگرتوانی بادینان "شێروان شێروانی" و " شڤان سعید" وەک نوێنەری مانگرتوانی بادینان".
ئایهان سەعید ڕاشیگەیاند، دوای گوێگرتن لەداواکارییەکانی مانگرتوانی بادینان پێیان ڕاگەیاندن بڕیارە شاندێکی یۆنامی لەگەڵ پارێزەرانی گیراوانی بادینان و داواکاری گشتی کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئازادکردنیانەوە بکەن.
لە ١٩ی تەموزەوە زیندانیانی بادینان و شێلادزێ و ژمارەیەک زیندانیی دیکە مانیان لە خواردن گرتووە و تاوەکو دێت باری تەندروستیان بەرەو خراپی دەڕوات.
زیندانییەکانی بادینان لە نوێترین پەیامیاندا ڕایانگەیاند، ئەگەر رێگە نەدەن بەپێی یاسا ئازاد ببین، دەبێت تەرمەکانمان لە زیندان ببنە دەرەوە.
ژ.ت