پادێ داوای لە حکومەتی عێراق کرد؛ رێککەوتنەکەى سەر شەنگال هەڵوەشێنێتەوە

پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئێزدیەکان (پادێ) داوای لە حکومەتی عێراق کرد، رێککەوتنەکەى سەر شەنگال هەڵبوەشێنێتەوە.

پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئێزدیەکان (پادێ) دوای کۆنگرەى سێیەمی خۆی لەبارەى پێشهاتەکانی ناوچەکەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

پادێ لە دوای بەڕێوەچوونی کۆنگرەى سێهەمیدا رایگەیاند، دەبێت هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال رابوەستێنرێن و  کۆمەڵکوژییەکان بە جینۆساید قبوڵ بکرێن و بناسێنرێن. بۆ ئەوانەش پادێ داوای لە حکومەتی عێراق کرد، رێککەوتنەکەى سەر شەنگال هەڵبوەشێنێتەوە.

لە راگەیاندراوەکەى پادێ دا هاتووە:

"بۆ ئەو پەنابەرانەى کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شەنگال، دەبێت رێگاکان ئاسان بکرێن و پێداویستییەکانیان دابین بکرێن. پێویستە بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر شەنگال رابوەستێنرێن، چونکە هێرشەکان دەبنە هۆی ئەوە، کە پەنابەرەکان نەگەڕێنەوە. دەبێت شەنگال وەک پارێزگایەکی ناوەندی و سەر بە حکومەتی ناوەندی قبوڵ بکرێت. پێویستە لە ماددەی ١٤٠ دەربهێنرێت و مافی ئێزدییەکان بپارێزرێت.

ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەسەر ئێزدییەکاندا هێنراون، بە تایبەتی کۆمەڵکوژیی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە جینۆساید بناسرێت و خەڵکی ئێزدی گارانتی بکرێت.

پێویستە رێککەوتنەکەى سەر شەنگال هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئێزدییەکان بە هیچ شێوەیەک بەشداری ئەو رێککەتنە نەبوون و هیچ پرسێک بە ئێزدییەکان نەکراوە. نابێت ئەو لایەنەى، کە شەنگالی پاراستووە بکرێت ئامانج. نابێت ئاسایشی ناوچەکە بکەوێتە دەست پۆلیسەکان، کە زۆربەیان سەر بە حیزبەکانن.

دەبێت دادگایەکی تایبەت بۆ هەموو ئەو کەسانە دروست بکرێت، کە بوونە هۆی ئەوە داعش شەنگال داگیر بکات. بۆ ئازادیی ئێزدییەکانی ژێر دەستی داعش کاری زیاتر بکرێت و پێداویستیی تەندروستیی تایبەتیان بۆ دابین بکرێت. دەبێت مافی بنەماڵەی شەهیدان و قوربانیانی دەستی داعش بپارێزرێت، لیژنەیەک لە پێکهاتەکانی شەنگال بۆ دامەزراندنی هەرێم دروست بکرێت".

ژ.ت