ئەمڕۆ، ئەندامانی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی (پادێ) لەبەردەم بارەگای حزبەکە لە ناوچەی سنونێی سەر بە شەنگال گردبوونەوە و تێیدا سلێمان حاجی، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پادێ بەیاننامەیەکی بۆ ڕایگشتیی خوێندەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە لە سەرەتای هێرشەکانی حکومەتی کازمییەوە بۆ سەر شەنگال هەوڵی کردنەوەی دەرگای دیالۆگ دەدەن و هاتووە: لە ٢ی ئایارەوە شەڕ و پێکدادانەکان وەستاون و هەوڵی سیاسیی و کۆمەڵایەتیش لەئارادایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی عێراق.
پادێ جەختیش دەکاتەوە، کە ئەوان لەگەڵ خواستەکانی کۆمەڵگەی ئێزدییدان و بەپێویستیشی دەزانێت، فشار و هەڕەشە و هێرشەکان بۆ سەر شەنگال بووەستێندرێن و دان بە ئیرادەی شەنگالدا بنرێت، هەروەک هاتووە: ئێمە بەردەوامین لە دیالۆگ و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی عێراق و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ شەنگال، بەڵام دەبێت ئەوەشمان بیرنەچێت کە تا ئێستا پەدەکە و حکومەتی کازمی دەستبەرداری سیاسەتەکانیان نەبوون دژی شەنگال.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەشدا هاتووە، کە حکومەتی کازمی لەبری ئەوەی لەگەڵ نوێنەر و دامەزراوەکانی شەنگال کۆببێتەوە و کۆمەڵگەی ئێزدیی بە بنەما وەربگرێت، “چووەتە بەرەی پەدەکە و هەوڵدەدات ڕێککەوتننامەی ٩ی ئۆکتۆبەر کە لە نێوان حکومەتی بەغدا و هەولێر واژۆکراوە درێژبکاتەوە و جێبەجێی بکات”.
پادێ لەبارەی ئەو شاندەی کە بەناوی ئێزدییەکانەوە چوونەتە بەغدا بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی کازمیی، ڕایگەیاندووە: ئەو شاندەی کە بە ناوی شەنگال و کۆمەڵگەی ئێزدیی چوونەتە بەغدا لەگەڵ حکومەتی کازمیی کۆدەبنەوە، لەلایەن پەدەکەوە ڕێکخراوە و زۆرینەیان ئەندام و لایەنگری پەدەکەن، دەیانەوێت بەناوی کۆمەڵگەی ئێزدیی شەنگالەوە دانووستان ئەنجامبدەن.
پادێ جەختیش دەکاتەوە، کە ئێزدییەکان هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەو شاندە بەبنەما وەرناگرن و داوا لە حکومەتی کازمی دەکات، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا پێگەیەکی دڵسۆزانە و ڕوون بگرێتەبەر و دەڵێت: یاری لەم شێوەیە زەمینەی دیالۆگ و چارەسەر بەهێز ناکات، بەڵکو تێکیان دەدات، ئەگەر هیچ نیازێکتان هەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر دەبێت واز لەو پیلانانە بهێنن و کۆمەڵگای ئێزدی بە بنەما وەربگرن و ئیرادەی شەنگالییەکان بناسن.
هەروەها داوا لە هەموو ئێزدییەکان دەکات، کە ئیرادەی خۆیان نیشانی جیهان بدەن و دەڵێت: نابێت ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدەین کە لە جیاتی ئێمە ئەم جۆرە دانیشتنانە ئەنجام بدەن، چونکە ئەو کەسانە بەدوای بەرژەوەندی ئێزدییەکانەوە نین، بەڵکو بەدوای بەرژەوەندی بنەماڵە و خێڵ و حزبەکەیاندا دەگەڕێن.
ف.ق