پاکتاوی سیاسی؛ ١٢ کەس دەستگیرکران

لە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی لە مێردین و شرنەخ ١٢ کەس دەستگیرکران.

ئەم بەیانییە لە ناوچەکانی ئارتوکلو و کەربۆرانی مێردین و ناوچەی هەزەخی شرنەخ لە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی و لە هەڵکوتانە سەر ماڵان دا ١٢ کەس دەستگیرکران.

لە گەڕەکی ساراچۆگلو لە ناوچەی ئارتوکلو لە مێردین لە هەڵکوتانە سەر ماڵان دا ڕەمەزان، عەگید و هێژا کاڵکان لە یەک بنەماڵە و هیڤیدار و بێریڤان تاش دەستگیرکران. هەروەها فرات ئاکار و ڕۆژهات ئاڵتاش-یش لە ناوچەی ئارتوکلو دەستگیرکران و بە گوێرەی زانیارییەکان کەسە دەستگیرکراوەکان بۆ لێکۆڵینەوە دەبرێن بۆ ئامەد، چونکا ئەو ئۆپەراسیۆنە پاکتاوکارییە سیاسییە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە ئامەد سەبارەت بە کۆنگرەی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە ئەنجامدراوە.

هەروەها لە کەربۆرانیش مەروە ئۆگوز و کەسێکی تر، ک تا ئێستا ناوەکەی ڕوون نەبووەتەوە، دەستگیرکران.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو ١٧ کەسەی دوێنێ لە مێردین دەستیگرکرابوون، تا ئێستا لە فەرماندەیی جەندرمە ڕاگیراون.

شرنەخ

لە بەردەوامیی هەڵکوتانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ماڵان لە ناوچەی هەزەخی شرنەخ-یش هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و هەر یەک لە جڤان کاراڤیش، ئومێد گەچگەل و یوسف کارگۆل دەستگیرکران. کەسە دەستگیرکراوەکان براوان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوچەکە.

ژ.ت