پاکتاوی سیاسی: زیاتر لە ٥٠ کەس زیندانی کران

لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیدا ١١٠ کەس دەستبەسەرکران، کە بڕیاری زیندانیکردن بۆ ٥٠ کەسیان دەرچوو.

لە چوارچێوەی لێپرسینەوەیەکی داواکاری گشتیی کۆماری لە بەدلیس لە ٢٨ ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبردا لە ناوچەکانی خیزان و تاتوانی وان و هەروەها لە وان و چەند شارێکی دیکەدا پۆلیس هەڵیکوتایە سەر زۆر ماڵ و لەئەنجامدا ١١٠ کەس کە ژن و منداڵیشیان لەناودابوو دەستگیرکران. بەشێکی زۆری ئەو دەستبەسەرکراوانە بە تۆمەتی "ئەندامێتی"، "هاوکاری" و "پارەدارکردنی رێکخراو" دەستبەسەرکرابوون و گواسترابوونەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەدلیس.

دوای وەرگرتنی وتە، دەستبەسەرکراوان رەوانەی دادگای بەدلیس کران و دادوەر فەرمانی زیندانیکردنی بۆ زیاتر لە ٥٠ کەسیان دەرکرد.

زانرا کە دەستبەسەرکراوان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەدلیس توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیاری بە نهێنی هێشتنەوە لەبارەی دۆسیەکەیانەوە دراوە، تائێستا رێگە بە پارێزەران نەدراوە چاویان بە موەکیلەکانیان بکەوێت.

پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی کەسێک کە لەسەدا ٧٠ توانای بینینی نییە

لە گوندی شێنی سەر بە ناوچەی خیزان لە میانی ئۆپراسیۆنی هەڵکوتانە سەر ماڵاندا پۆلیس و سەربازەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەڵیان کوتابووە سەر ماڵی هاووڵاتیەک کە لەسەدا ٧٠ توانای بینینی لەدەستداوە و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکە و چەند کاتژمێر پشکنینی ئەو ماڵە، سەربازەکان بۆیان دەرکەوت بە هەڵە چوونە سەر ئەو ماڵە و بۆ ئەوەی خاوەن ماڵەکە لە سکاڵا پاشگەز بکەنەوە، هەڕەشەیان لێکرد.

هـ . ب