"پەدەکە بەفیتی داگیرکەر هەوڵدەدات شەڕی کورد بە کورد هەڵبگیرسێنێت"

چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: "ئەوانەی شەڕی کورد بە کورد خۆش دەکەن دەیانەوێت تێکۆشەرانی کورد لە شەڕی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی گەل دووربکەنەوە".

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هیزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە رۆژی پێنج شەممە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سەبارەت بە پێکدادانەکانی لە ئامێدی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرشەکەى ئامێدی بە هاوبەشی پارتی و دەوڵەتى تورک ئەنجام دراوە و هیزەکانی پەدەکە لە زەمینەوە بۆسەیان بۆ گەریلاکانیان داناوە و بە چەکی قورس هێرشی کردووەتە سەریان، هاوکات دەوڵەتی تورکیش لە ئاسمانەوە بۆردوومانى کردوون.

لە دەقی راگەیەندراوەکەی هەپەگە هاتووە: ٢٤ی کانونی دووەم کاتژمێر ١١ هێزەکانمان کە بە ٢ ئۆتۆمبێل دەچوونە شاخی ئامێدی لە گۆڕەپانی سەرگەلێ کەوتنە بۆسەی هێزەکانی پەدەکە، پەدەکە لە سەر رێگەکە بە ئۆتۆمبێلێک کە دۆشکەی لەسەر بووە، بۆسەی داناوە و تەقەی لە هێزەکانمان کردووە، بەوهۆیەشەوە هێزەکانمان لە ئۆتۆمبێلەکان دابەزیون و بەرپەرچیان داونەتەوە و بۆ ماوەیەکی کورت شەڕ روویدا، هەر لەو کاتەدا فڕۆکە سیخوریەکانی تورکیاش کەوتنە جوڵە و بە سەر هەرێمەکەدا سوڕانەوە، لە ئەنجامی تەقە و دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی پەدەکەدا ٢ هەڤاڵمان برینداربوون، هەر بەهۆی رووداوەکەوە ئۆتۆمبێلەکانمان لە گۆڕەپانەکە لەکارکەوتن و بە ناچاری لەوێ جێهێڵدران، دواتر فڕۆکەی شەڕی دەوڵەتی تورکیش دەستوەردانیان کرد و هەردوو ئۆتۆمبێلەکانمانیان بۆردومان کرد. رووداوەکە بەم جۆرەبوو.

جێگای باسە، ئەو هێرشە لەدوای بڕیارێکی فەرماندەی هێزی زێرەڤانی پارتییەوە دێت کە فەرمانی کردبوو لە هەر شوێنێک گەریلای پەکەکەیان بینی تەقەیان لێ بکەن و بیانکوژن.

لەلای خۆیەوە، محەمەد نەسڕەدەین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بەم بابەتە دوا.

شەڕی کورد بە کورد لە قازانجی داگیرکەران و دوژمنانە

محەمەد نەسڕەدەین چاودێری سیاسی سەبارەت بە هێرشەکانی پەدەکە بۆ شەڕ گەریلا و هەوڵدان بۆ نانەوەی شەڕی کورد بە کورد، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "هیچ کات شەڕی کورد بە کورد لەبەرژەوەندی کورد نەبووە، هەموو کات شەڕی کورد بە کورد قازانجی داگیرکەران و دوژمنانی تێدایە بۆیە لەم دۆخەی ئیستا کە ناوچەکە و تەواوی کوردستان پیدا تێدەپەڕێت هەر لایەنێکی سیاسی ڕێخۆشکەر و دەستپێشخەر بێت بۆ شەڕی کورد بە کورد ئەوە ئەو لایەنە سیاسییە بزانێت یان نا ئەوە نوێنەرایەتی داگیرکەران و دوژمنانی دەکات".

دەیانەوێت کورد لە شەڕی ڕاستەقینەی بەرژەوندییەکانی گەل دووربکەنەوە

هەروەها ئەو چاودێرە سیاسییە ووتیشی: "ئەمرۆ لە تەواوی بەشەکانی کوردستان دەزانین مافی کورد لەلای کێیە، ئەوەی ئەمرۆ شەڕی کورد بە کورد خۆش دەکات ئەو لایەنانە دەیانەوێت تێکۆشەرانی کورد لە شەڕی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی گەل دووربکەنەوە وە بیئاڵێنە شەرێک کە زەرەمەندی یەکەم میللەتەکەمان و تێکۆشەرانی دەبێت".

بەفیتی داگیرکەران هەوڵدەدەن شەڕی کورد بە کورد هەڵبگیرسێنن

محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی، تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی پەدەکە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و ڕایگەیاند: "من پێم وایە دەبێت ئەو لایەنانەی بەفیتی داگیرکەران هەوڵدەدەن شەڕی کورد بە کورد هەڵبگیرسێنن ئەوە زەرەمەندی یەکەم خۆیان دەبن چونکە داگیرکەران هیچ کات بەرژەوەندی هیچ حزبێکی کوردییان نەویستووە، داگیرکەران و دوژمنانی کورد دەیانەوێت هەندێک حزب و لایەنی کوردی بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەر کاتێک کە بەرژەوەندییەکەیان تەواو بوو وەکو نۆکەر و کۆیلە تەمەشای دەکەن".

پێویستە بەفیتی داگیرکەران پێشڕەویی لەشکری دوژمن نەکات

ناوبراو هۆشداری-دا لە مەترسییەکانی پێشرەوەی کردنی سوپای داگیرکەر لەلایەن پەدەکەوە و ووتی: "پێویستە هیچ لایەنێکی سیاسی کوردی بەفیتی داگیرکەران و دوژمنانی کورد پێشڕەویی لەشکری دوژمن نەکات و شەڕی کورد بە کورد بەرپابکات لەهیچ بەشێکی کوردستان چونکە تەنها براوە لەم شەڕەدا داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کورد دەبن و زەرمەندیش گەلی کورد و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی کورد دەبن".

ئەم ترسە وایکردووە داگیرکەر شەڕی کورد بە کورد بکات

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "گۆڕانکارییەک لە ناوچەکە هەیە و دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و دەستکەوتیش بەدەستبهێنێت، ترسی داگیرکەران لەوەی کە کورد دەستکەوت بەدەستبهێنێت یەکێک لە هۆکارەکانە کە داگیرکەران پەنابەرنە بەر شەڕی کورد بە کورد، وە هەر لایەنێکی سیاسی کوردی ڕێخۆشکەر بێت بۆ ئەم شەڕە ئەوە دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ لەدەستدانی ئەو دەستکەوتە کەمەی کە گەلی کورد لەهەر پارچەیەکی کوردستان بەدەستیهێناوە".

بەرژەوەندی ئێمە لە یەکگرتوویی و یەک ووتاری سیاسییە

سەبارەت بە ئەزموونی تاڵی باشور لە مێژووییەکی دوور و درێژی شەڕی نێوان حزبەکانی باشوری کوردستان، محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی، ووتی: "باشوری کوردستان ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ شەڕی کورد بە کورد هەبووە، تەواوی دەستکەوتەکانی کورد لە باشوری کوردستان لە ئەنجامی تەبایی یەکڕێزی لەڕووبەڕووبوونەوەی دەوژمنان بەدەستمان هێناوە، هەموو شکست و لەدەستدانی ٥١٪ی خاکی باشوری کوردستان لە ئەنجامی پەرتەوازەیی و ناڕێکیی لایەنە سیاسییەکان بووە، بۆیە ئەو ئەزموونە تاڵەی کە لە باشوری کوردستان ڕوویدا نابێت لە هیچ پارچەیەکی کوردستان لەنێوان هیچ هێزێکی کوردی دووبارە ببێتەوە، هەموو هاووڵاتیانی کورد لە تەواوی جیهاندا لەوە تێدەگەن بەرژەوەندی ئێمەی کورد لە یەکگرتووی و یەک ووتاری سیاسییە وە زیانی گەورەی کورد لە ناکۆکی سیاسی و بەکارهێنانی هێزە لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان".

هـ . ب