رۆژنیوز لە سەنتەری مێترۆ لە سلێمان سەبارەت بە رفاندنی رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە و لەپێناو ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو رۆژنامەوانە، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد. لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا راگەیەندراوی رۆژنیوز لەلایەن ژاوڕێ کاروانەوە خوێندرایەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
"بە ناوی ئازادیی
“دەستبەجێ و بە بێ مەرج ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئازاد بکەن”
ماوەی ٩٣ڕۆژە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبیی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە ڕفێندراوە و بێسەروشوێن کراوە، تا ئێستاش نە ئێمە و نە خانەوادەکەی هیچ زانیارییەکمان لەبارەیەوە نییە.
لە ماوەی ڕابردووشدا وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئێمە و خانەوادەکەی، چەندین جار تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد هەوڵیانداوە دۆسییەکەی ببینن و دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە ڕێگەیان پێ نەدراوە، تەنانەت ڕێگەش نەدراوە بە هیچ پارێزەرێک، کە وەکالەتی سلێمان ئەحمەد وەربگرێت و کار لەسەر دۆسییەکەی بکات، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقە.
سەرەتا بە بیانووی ئەوەی، کە لای ئەوان نییە ڕێگرییان لە بینینی دەکرد، دوای ئەوەی کە لە ڕێگەی تیمی پارێزەرانەوە دڵنیابووینەوە کە لە زیندانی ئاسایشی دهۆکە و کەیسەکەی لە ژێر دەستی دەزگای پاراستندایە، دواتر وتیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە ناتوانن بیبینن.
لە ماوەی ٩٣ ڕۆژی ڕابردوودا، ئێمە وەک ئاژانسی ڕۆژنیوز و تیمی پارێزەرانی و خانەوادەی سلێمانی ئەحمەد، هەموو ڕێکارە یاسایی و مەدەنییەکانمان گرتووەتە بەر بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی و ئازاد کردنی، جگە لە ناڕەزایەتی سەدان ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی و ئەنجامدانی چەندین چالاکی مەدەنییانە و کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی لەمبارەیەوە.
هاوکات سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى ڕۆژنامەنووسان، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT)، فیدراسیۆنی ڕۆنووس، ناوەندی پێنی کورد، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، ناوەندی مافی مرۆڤی عێراق، ئەندامانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەریەک لە کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (دەفەگە) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا (مەکەگە) و چەندین ڕێکخراو و سەندیکا و دەزگا و دامەزراوەی جیاواز، لە دژی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد هەڵوێستیان نیشنداوە و داوای ئازادکردنی دەکەن.
هەر لە ماوەکانی ڕابردوودا، تیمی پارێزەرانی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد کەیسەکەیان گەیاندە یۆنامی و بەرپرسی یۆنامی ڕایگەیاند، ئاگامان لە کەیسەکەی هەیە و حکومەتی هەرێم ناچار دەکەین سەرجەم مافە یاساییەکانی دەستەبەر بکات و لە نزیکترین کاتدا سەردانی دەکەین.
وێڕای ئەو هەموو هەوڵدان و فشار و دەنگ و ناڕەزایەتییە، کەچی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، زۆر نابەرپرسانە و خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا دەکەن و بە نەفەسێکی حزبی لێی دەڕوانن، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئاشکراکردنی ئامارەکانی پێشێلکاریی ساڵی ڕابردوو لەبەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، بە هیچ جۆرێک ناوی سلێمان ئەحمەدیان نەهێنا و کاتێک ڕۆژنامەنووسان پرسیان بۆ چی ناوی سلێمان ئەحمەدی تێدا نییە، لە وەڵامدا بە هەمان نەفەسی دەسەڵات ئەو کەیسەیان کرد بە سیاسیی و وتیان گوایە پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە.
سلێمان ئەحمەد وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازادییخواز و سەربەخۆ، قەڵەمەکەی خۆی نەفرۆشت، لەو پێنج ساڵەی کارکردنیدا لە ڕۆژنیوز، داکۆکیکارێکی سەرسەختی کەیسی زیندانییانی بادینان و هەموو کەیسەکانی پەیوەست بە ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی و مافی مرۆڤ بوو، لە ئێستاشدا باجی ئەو هەڵوێستانەی دەدات، لە زیندانی دەسەڵاتێکی خێڵەکیی و دژە ئازادییدا.
ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد، پێچەوانەی هەموو یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە پەیوەست بە ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە، هاوکات پێشێلکارییەکی زەقی مافی مرۆڤە و لە هیچ بەند و یاسا و دەستوور و لۆژیکێکدا جێگای نابێتەوە.
ئەم کردەوەی ئاسایشی پارتی و دەسەڵاتداران، زەنگێکی مەترسیدارە و تۆڵەکردنەوەی سیاسییە، لە سەرجەم ئازادییخوازان و ڕەخنەگران و دەنگە ناڕازییەکان، بۆیە ئەرکی هەموو ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان و سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆیی نێودەوڵەتییەکانە، کە لە بواری مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی ڕادەربڕین کاردەکەن، بەدەنگ بێن و چیتر ئەم پێشێلکاریی و مامەڵە دڕندانەی دەسەڵات قەبووڵ نەکەن، کە هەرێمەکەمان بەرەو ئایندەیەکی تاریک دەبات.
لە کۆتاییدا ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە، کە سلێمان ئەحمەد بێ تاوانە و لەسەر کاری ڕۆژنامەوانیی و هەڵوێستەکانی وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد و سەربەخۆ ڕفێندراوە و بێسەروشوێن کراوە، سەلامەتی گیانی ئەو لە ئەستۆی ئاسایشی پارتی و دەسەڵاتدارانی هەرێمدایە، ئێمە کۆڵ نادەین و ڕۆژ بە ڕۆژ سوورتردەبین لەسەر کەیسەکەی و دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرج ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت".
هـ . ب