پەدەکە هاووڵاتییەکی برینداری هێرشی دەوڵەتی تورکی زیندانیکرد

پەدەکە هاووڵاتییەکی بە ناوی سلێمان مەلا شێخۆ، کە بەهۆی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک لە کانی ماسی بریندار بوو بوو، لە بریی چارەسەرکردنی زیندانیان کرد.

لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانى سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گوندی بیگداد لە شارۆچکەى کانی ماسیی باشووری کوردستانیان بۆردومانکرد. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هاووڵاتییەک بە ناوی سلێمان مەلا شێخۆ خەڵکی گوند بێدەهێ بریندار بوو و زیانێکی زۆریش بە ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی ئەو گوندە گەیشتبوو.

سلێمان مەلا شێخۆ کە پێویستیی بە چارەسەری هەبوو، لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەى و بردیان بۆ ئاسایشی دهۆک و دوای ئەوەش خستیانە زیندان.

بەپێی زانیارییەکان لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە، ئاسایشی پارتی رێگا نادات سلێمان شێخۆی بریندار چارەسەریی بۆ بکرێت.

تاوەکو کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی روون لەبارەى ژیان و چارەنووسی سلێمان مەلا شێخۆ لە بەردەستدا نییە و شوێنی زیندانیکردنەکەشى لە بنەماڵەکەى دەشارنەوە.

لەبارەی ئەو رووداوەوە هاووڵاتییەکی ناوچەى کانی ماسی بە ناوی مامۆستا هـ.س وتی، "پارتی بەو کارانەى پلانەکانی دەوڵەتى تورک تەواو دەکات. لە بریی ئەوەى هێرشبەرەکان راوەستنێنن، دێن هاووڵاتییان بێ تاوان، کە برینەکەى چارەسەر نەکراوە، زیندانی دەکەن. ئێمە دەزانین دەوڵەتی تورک هەموو دام و دەزگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەڕێوەدەبات و پەدەکە ناتوانێت هیچ هەڵوێستێک لە خۆی نشان بدات".

ژ.ت