پەدەکە لە برادۆست بارەگایەکی نوێی بۆ دەوڵەتی تورک دروستکرد

دوای ئەوەی هێزەکانی پەدەکە لە کوێستانەکانی برادۆست جێگیربوون، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەستی بە دروستکردنی بارەگایەکی سەربازی نوێ کرد.

بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە یەنەکە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە هەڕێمی برادۆست بارەگایەکی سەربازی نوێ دروست دەکات.

لە رێگەی ئەو بارەگا نوێیەوە دەوڵەتی تورک هێندەی ١٠ کیلۆمەتری دیکە هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

بەپێی وتەی سەرچاوە خۆجێییەکان لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە نزیکەی ١٠٠ سەرباز لە بارەگاکەی برادۆست دابەزێندراون.

بارەگا سەربازیە نوێکە کەوتووەتە ناوچەی دوریە و لە رێگەی ئەو بارەگایەوە دوریە لە خواکورک دادەبڕێنرێت و گۆڕەپانەکانی تارستان، کەم کۆرا، سنین، لۆلان بەتەواوەتی دەکەونە ناو بازنەی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکەوە.

دروستکردنی ئەم بارەگا سەربازییەی دەوڵەتی تورک دوای ئەوە دێت کە پەدەکە لە ناوچەکە جێگیربوو. لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣دا بە سەدان ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی پەدەکە بە چەکی قورسەوە بەرەو هەرێمی برادۆست پەڕینەوە.

پەدەکە بەر لەوەی بچێتە هەرێمەکەوە ماوەی ٢٤ کاتژمێری بە کۆچەرییەکانی هەرێمەکە دابوو، کە ئەو ناوچەیە جێبهێڵن و لە ژێر هەڕەشە و گوشاردا لەناوچەکە دەریکردبوون.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان نزیکەی ٢٨٦ خێزان ناچاربوون بە هۆی گوشارەکانی پەدەکە رەز و باخەکانیان جێبهێڵن.

رۆژانە فڕۆکەی شەڕ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک بۆردومانی ناوچەی برادۆست دەکەن و بە تۆپ و هاوەنیش ئەو ناوچانە دەکرێنە ئامانج.  

هـ . ب