لەنامەکەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، سکرتێری گشتیی ئەو کاتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ جۆرج حەبەش سکرتێری ئەو کاتی بزوتنەوەی رزگاریبەخشی گەلی فەلەستین لە ساڵی ١٩٨٤دا، هاتووە:
"بزوتنەوەی خۆڕاگریی شۆڕشگێڕیی فەلەستین لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٦٠ رۆڵێکی گرنگی لە تێکۆشان دژی ئیمپریاڵیزم، زایۆنیزم و دواکەوتوویی لەناوچەکە گێڕاوە. هەرچەندە بزوتنەوەی رزگاریبەخشی فەلەستین لەو ساڵانەدا وەک بەشێک لە جیهانی سۆسیالیستی و ئازادیبەخشی نەتەوەیی دەرکەوت، بەڵام دەستڕۆیشتوویی کەسانی راستگەرای بورژوازی لەناو ریزەکانیدا هێشتەوە و بەهێزی کردن. سەرکردایەتی راستگەرا لە بری هاوکاری و بوونی هیوا بە چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین ، پشتی بە ئیمپریاڵیزم و کۆنسێرڤاتیزمی عەرەبی بەستووە. مایەی سەرسوڕمان نییە کە ئەم سەرکردایەتیە راستڕەوە ئەمڕۆ لە پێری نۆکەرە سەرەسەختەکانی ئیمپڕیاڵیزمی ئەمریکا، حوسنی موبارەک چوارەم سەرۆک کۆماری میسر، مەلیک حسێن پاشای ئوردن و هەروەها سەدام حسێنی بکوژی گەلان (دیکتاتۆری پێشووی عێراق) وەستاوە، ئەمەش بە گوێرەی جەوهەری چینایەتی ئەوانە.
ئەوەی لەم دواییەدا لە کۆبوونەوەکانی خۆبەدەستەوەدان و پاکتاوکارانەی عەمانی پایتەختی ئوردن روویدا، بەشێک لە پیلانگێری بۆ لەناوبردنی شۆڕشی فەلەستین کە خوێنی هەزاران شۆڕشگێڕی نیشتمانپەروەر و ئینترناسیۆناڵیست لە پێناویدا رژاوە. لەمەودوا، جێبەجێکردنی بڕیارنامەکان و پرۆژەکان بۆ تەواوکردنی لەناوبردن لە رێگەچارەی نادروستی ئاستی ناوچەیی لەسەر بنەمای پرۆژەکانی کامپت دەیڤید و ریگان خێراتر دەبێت. روونە کە بە لەبەرچاوگرتنی رەهەندی ئینترناسیۆناڵیستی شۆڕشی فەلەستین، خۆڕاگری و بەرخودانی سەرجەم خەڵکانی ناوچەکەش لەناو دەچێت و ئیمپریاڵیزم و نۆکەرانی سود لە لەناوچوون و کۆتاییهاتنی فەلەستین وەردەگرن.
بە کورتی هەوڵ دەدەن تا ئەو شۆڕشە دوو هێندەی ئەوەی بەدەستیهێناوە، لەدەستی بدات. لەوەها قۆناغێکی هەستیاردا بەرەی رزگاری کە ١٧یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پیرۆز دەکات، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. لە سەرەتای رۆڵگێڕانی ئێوە لە بزوتنەوەی خۆڕاگری فەلەستین، حزب و بزوتنەوەکەتان بە بەردەوامی رووبەڕووی پیلانگێریی پاکتاوکارانەی رێبەرایەتی باڵی راستگر بوونەوە. لە واتایەکدا، بەم واتایە، رۆڵی رێبەرایەتیتان لە شۆڕشی فەلەستیندا قەتیس ماوە و گەیشتوونەتە خاڵی خۆبەدەستەوەدان و چۆکدادانی ئێستا.
ئەرکی هەنوکەیی بەرەنگاربوونەوەی بەهێزە لە بەرامبەر هەر هەنگاوێکی پاکتاوکاری، کاپیتۆلاسیۆن و ملکەچکردن بۆ سازشکارییەکان لە بەرژەوەندی باڵی راستڕەو و لە تەنیشت ئەویشەوە دەبێت سەرلەنوێ ئەڵترناتیڤی خۆڕاگری چەکدارانەی شۆڕشگێڕی بەهێز بکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە یەکگرتوویی نەتەوەیی پاڕێزگاری لێبکرێت و پەرەی پێبدرێت. لەقاودان و گۆشەگیرکردنی رێبەرایەتی باڵی راستگر پێویستە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەمە تاکە ڕێگەی دروستە بۆ یەکگرتوویی و یەکڕیزی نەتەوەیی شۆڕشگێڕانە و ئەمەش بەدەر لە تاقمێکی بورژوازی دواکەوتوو و نوێنەرانیان کە وەک مشۆخۆر لەسەر ئەم شۆڕشە دەژین، ئەم ئاراستەیەش رێگەی راستەقینەی رزگاری گەلی فەلەستینە.
رزگاری گەلی کورد، کە چارەنوسێکی هاوشێوەی چارەنوسی گەلی فەلەستینی هەیە و پارێزگاریکردن لەو گەلە لەبەرامبەر کۆلۆنیالیزمی فاشیستی و سەربازی تورکیا کە هیچی کەمتر نییە لە دڕندەیی زایۆنیزم، لە رێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان کە گەشەسەندنێکی سەربازی و رەوای هەڵقوڵاوی ئاڵنگارییە بێهاوتاکانی و لە سەر بنەمای کۆڵەکەیەکی پتەو سەریهەڵداوە. لە بونیادنانی پەیوەندییەکی گیانبازانە لەگەڵ شۆڕشی فەلەستین درێخی نەکردووە. لە هەمان کاتدا کاریگەرییەکانی باڵی راستگری ناسیۆناڵیستی (لە بەرەی رزگاریبەخشی گەلی فەلەستین) رێگرە لە گەشەپێدان و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە. ئەوان بەردەوامن لە پشتیوانی کردن لە ئەنقەرە و چوار نوێنەری پەرلەمانی فاشیستی تورکیایان بۆ کۆبوونەوەی ناپاکانەی عەمان بانگهێشت کردبوو. لەم دواییەشدا چوار کەس لە بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن پەرلەمان و دەوڵەتی زایۆنیەوە بانگهێشت و لە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەدا لە قودس پێشوازییان لێکرابوو.
هەربۆیە دەبێت ئێمە لە ناوچەکەدا پابەندی پەرەپێدان و بەهێزکردنی یەکڕیزیی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەریانە بین. لەم روانگەوە، سەرجەم دەوڵەت پێشکەوتووەکان و رێکخراوە ئازادیبەخشەکان لە ناوچەکە، بە تایبەتی سوریا، دەبێت ریزەکانیان پتەو و بەهێز بکەن. هەر بەم جۆرە سیستمی سۆسیالیستی بە تایبەتی یەکێتی سۆڤیەت، دەبێت ئەرکی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندی دولایەنەی پشتئەستور بە هێزە ئازادیبەخشەکانی گەلان بەجێبگەیەنێت. پارتی کرێکارانی کوردستان تێکۆشانی خۆڕاگرانەی ژیاندنەوە لە کوردستان زیاتر بەهێزتر دەکات و ئەرک و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی تا کاتی ئازادی گەلانمان جێبەجێ دەکات و درێخی لەوەدا ناکات.
بەم بڕوا و ئاواتەوە ١٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەکەتان لێ پیرۆز دەکەین و سڵاوی هاوڕێیانە و ئاواتی سەرکەوتنتان ئاراستە دەکەین.
١٢/٠٧/١٩٨٤
عەبدوڵا ئۆجالان
سکرتێری گشتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
هـ . ب