پەکەکە: ئێمە کاریگەرانەتر درێژە بە تێکۆشان دەدەین

کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ۱٤ی ئایار نیشانی دا کە دەبێت تیکۆشانێکی بێ ڕاوەستان و کاریگەرانەتر لە دژی سیاسەت و عەقڵییەتی فاشیست - پاکتاوکار ئەنجام بدرێت.

کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕاگەیاندراوێکی بەبۆنەی ۱۸ی ئایار ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بڵاوکردەوە. ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

"وەک دەزانرێت، ئێمە یەکەم شەهیدی گەورەی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستانمان لە ۱۸ی ئایاری ۱۹۷۷ لە دیلۆک بەخشی. بەرخۆدانی ئازادیمان و حیزبەکەمان، کە پێشەنگی ئازادیمانە، بۆ یادکردنەوەی یەکەم شەهیدی مەزنمان هاوڕێ حەقی قەرار دامەزرێنرا. ڕێبەر ئاپۆ بۆ هاوڕێ حەقی قەرار دەڵێت، 'ئەوە وەک ڕۆحی شاراوەی من بوو'. خاوەنداریەتی ڕاستەقینە و دروست بۆ  یادی هەڤاڵ حەقی قەرار، بە دوای خۆیدا بەرخۆدان و شەهیدبوونی نوێی هێنا. لە ۱۹ی ئایاری ۱۹۷۸دا هاوڕێمان خەلیل چاڤگون لە حیلوان شەهید بوو. ئێوارەی ۱۷ی ئایاری ۱۹۸۲ بە چالاکیی بەرخۆدانی مێژوویی چوارەکە، زیندانی ئامەد ڕووناک بویەوە. لە ۱٦ی ئایاری ۱۹۹۷، نزیکەی ۷۰ هاوڕێمان لە هەولێر بە خیانەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کۆمەڵکوژکران. بەوشێوەیە هەموو ڕۆژێک لە مانگی ئایاردا دەیان شەهیدمان دا، بۆیە ئایار بوو بە 'مانگی شەهیدانی کوردستان' و ۱۸ی ئایار بوو بە 'ڕۆژی شەهیدانی کوردستان.'

بە ڕێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە

ئێمە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و گەلی کورد، چووینە ناو مانگی نوێی شەهیدان و دەچینە ڕۆژێکی نوێی شەهیدان، کە ۱۸ی ئایارە. لە ٤٦هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی حەقی قەرار پێشەنگی شۆڕشگێڕی مەزن، بە ڕێزداری، رێز و پێزانییەوە بە بەهێزی یادی هاوڕێ حەقی قەرار دەکەینەوە. لە کەسایەتیی هاوڕێ حەقی قەراردا ئێمە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی شەهیدانی قارەمان و ئازای ڕێپێوانی ئازادیی گەورەی ٥٠ ساڵەی ئازادی دەکەینەوە، بەڵێنی خۆمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان دووپات دەکەینەوە و خاوەنداری لە  یادیان و ڕێگاکەیان دەکەین. ئێمە ڕێبەر ئاپۆ، کە خۆی بە 'وتەبێژی شەهیدان' پێناسە دەکات، سڵاو لە بەرخۆدانی مێژوویی ئیمراڵی دەکەین. ئێمە ڕایدەگەیەنین، لە ٤۷هەمین ساڵی تیکۆشان لەسەر هێڵی ڕێبەرایەتی و شەهیدان بەرەنگاری و بەرخودان دەکەین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین.

بۆ خاوەنداریکردن لە یاد و بیرەوەرییەکانیان

وەک دەزانرێت، لە مانگی ئایاردا شەهیدانی گەورەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تورکیاش هەن. دەنیز گەزمیش، یوسف ئاسلان و حوسێن ئینان لە ٦ی ئایاری ۱۹۷۲ لە ئەنقەرە لە سێدارە دران. لە ۱۸ی ئایاری ۱۹۷۳ دا ئیبراهیم کایپاک کایا لە ئاسایشی ئامەد لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. لە کۆتایی مانگی ئایاردا، سینان جەمگیل و هاوڕێکانی لە نورهەق لە شەڕدا شەهید بوون. لە ٥۰ەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا، پێشەنگانی شۆڕشگێڕی مەزن ئیبراهیم کایپاک کایا و سینان جەمگیل، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانی تیکۆشانی دیموکراسی و سۆسیالیزم لە تورکیا دەکەینەوە. ڕێبەر ئاپۆ بۆ پاراستن و خاوەنداریکردن لەم یادەوەرییە دەستی بە تیکۆشانی ئازادی کرد، بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی هێنایە ئەم ئاستە و بە دڵنیاییەوە لە ئێستا بەدواوەش لەسەر هەمان هێڵ درێژەی پێدەدرێت.

هێڵی سەرکەوتن دیاری کرا

ڕوون و ئاشکرایە، کە بەرزبوونەوە و گەشەکردن و گەورەبوونی ئەم دۆزە بە شەهیدەکانیدا دەردەکەوێت، کە لەو پێناوەدا دراون. ئەو شەهیدانە، کە لەو پێناوەدا دراون، بوون بە شایەتحاڵ و نیشانەی گەشەکردن و سەرکەوتنی ئەو دۆزە. هەموو پێشکەوتنە ئەرێنییەکان بە تیکۆشان لەسەر هێڵی شەهیدان، بە پێشەنگایەتیی شەهیدان بەدەست دەهێنرێن. بزووتنەوەی ئازادیی کوردستانیش بزووتنەوەیەکی مێژوویی لەو شێوەیە، دۆزی ئازادیی کوردستان دۆزێکی بەوشێوەیە بەرز و بڵندە. سەرچاوەی گەورەبوونەکەیشی بە دەیان هەزار شەهید، کە لە هاوڕێ حەقی قەرارەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا لە زاپ ئاڤاشین و مەتینا بەردەوامیی هەیە. هێڵی سەرکەوتن لەلایەن شەهیدە ئازا و قارەمانەکانمانەوە دیاریکرا، کە بەبێ دوودڵی لە دژی دوژمنی فاشیست - پاکتاوکار لەسەر هێڵی فیدایی شەڕیان کرد.

سەرچاوەی سەرەکی هێزن

شەهیدەکانمان بنەڕەتیترین هێزن، کە ئێمە وەک گەل و بزووتنەوە پەروەردە دەکەن، ڕێکماندەخەن، دەمانکەن بە یەک و بەڕێوەمان دەبەن. ڕابردوومان، ئەمڕۆ و داهاتوومانن. هەمیشە و لە هەموو شوێنێک دا سەرەکیترین سەرچاوەی هێزن. هەمیشە پێشەنگ و فەرماندەی تێکۆشانی ئازادیمانن. ڕوون و ئاشکرایە، کە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا هەموو ئەو شتانەی بە ناوی ئازادییەوە بەدەستهاتوون  لەسەر بنەمای فیداکاری و بوێری شەهیدە ئازاکانمان بەدەستهاتوون. کاتێک ئێمە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست لەسەر هێڵی شەهیدان دەڕۆین، هەمیشە سەرکەوتوو دەبین. بۆیە ئێمە هەمیشە خۆمان لەسەر هێڵی شەهیدان پەروەردە کردووە، لێپرسینەوەمان لە خۆمان کردووە و لەسەر ئەو بنەمایە هەمیشە بە خۆماندا چووینەتەوە و خۆمان ڕاست و نوێ کردوەتەوە. بە بەحیزبوون و شۆڕشگێڕبوونی ڕاست، ئێمە کەوتینە سەر هێڵ و رێگای سەرکەوتن.

تیکۆشان تەنیا بە هەڵبژاردن سەرناکەوێت

بێگومان ئەو ڕاستییە لە ئێستا بەدواوە بەمشێوەیە دەبێت. ئێمە وەک بزووتنەوە و گەل هەمیشە خۆمان لەسەر هێڵی ڕێبەرایەتی و شەهیدان پەروەردە دەکەین و لەسەر ئەم بنەمایە لە دژی دوژمن دەجەنگین، سەرکەوتنی نوێ و گەورەتر دەئافرێنین. هەر خۆی دوژمنی فاشیست، داگیرکەر و پاکتاوکار ڕێگایەکی جیاوازی بۆ نەهێشتووەتەوە. ئەوەتا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایاریش لە ئێمە دەخوازێت و پێویستیمان بەوەیە، کە ئێمە لە دژی سیاسەت و عەقڵییەتی فاشیست – پاکتاوکار بەبێ ڕاوەستان و بە شێوەیەکی بەهێزتر تێبکۆشین. ئەوە ئاماژە بەوەیە، کە تیکۆشان لە دژی سیاسەت و عەقڵیەتی فاشیست - پاکتاوکار تەنها لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو دەبێت هەمیشە بە هەموو شێوە و ڕێبازێک تێکۆشان بەڕێوەببرێت. بێگومان ئێمە بە گوێرەی ئەوە دەجوڵێینەوە و بۆ لەناوبردنی فاشیزم، بۆ شکاندنی گۆشەگیری و لەسەر بنەمای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادکردنی کوردستان و دیموکراتیکردنی تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، بەردەوام دەبین لە بەرەوپێشبردنی بەرخۆدانی دژە فاشیستیدا.

تیکۆشانی فرەڕەهەند و کاریگەرتر

وەک بزووتنەوە و گەل و دۆستانی کورد، ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە دەست بە ڕۆژ و مانگی شەهیدان دەکەین. هەلومەرجەکان داوامان لێدەکەن، کە تیکۆشانێکی کاریگەرتر و فرە لایەنانەتر لە دژی عەقڵییەت و سیاسەتی فاشیست – پاکتاوکار بەڕێوەببەین. بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە تیکۆشانێکی لەم شێوەیەدا سەرکەوتوو بین، پێویستە لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕاستیی ڕێبەرایەتی و شەهیدان تێبگەین و بەجێبهێنین. پێویستە ئێمە خۆمان لەسەر هێڵی شەهیدان و ڕێبەرایەتی زیاتر پەروەردە بکەین و خۆمان بە ڕێکخستن بکەین.

لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو هاوڕێیانی حیزب و گەلی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرمان، دۆستە دیموکراتییەکانمان دەکەین، کە لەسەر هێڵی شەهیدان و ڕێبەرایەتیدا زیاتر ڕەخنە لە خۆیان بگرن، لێپرسینەوە لە خۆیان بکن، خۆیان نوێ بکەنەوە و بە شێوەیەکی ڕاست و دروست لە ڕاستیی شەهیدە ئازا و قارەمانەکانمان تێبگەن، کە بە هاوڕێی حەقی قەرارەوە دەستیپێکرد و هەتا هاوڕی گوڵچیا ، هەژار و دڵخواز بەردەوام بوو. چالاکیی تێگەیشتن ئەنجام بدەن،  سەردانی مەزارگەی شەهیدان بکەن، بەشێوەیەکی ڕاستتر و درستتر خاوەنداری لە ڕاستی شەهیدان بکەن، هەمیشە لەسەر هێڵی شەهیدان بڕۆن، دوژمنی فاشیست – پاکتاوکار تێکبشکێنین، ژیانێکی ئازاد، کە پشتبەستووە بە ئازادیی ژنان لە کوردستان، بە بەهێزی بنیات بنێن."

ژ.ت