ڕێپێوانێکی جەماوەری بۆ ئەو شەهیدەی تەرمەکەی لەناو کارتۆندا ڕادەستی بنەماڵەکی کرایەوە، بەڕێوەچوو
لە هەزەخ ڕێپێوانێکی جەماوەری بۆ شەهید ئاخین سەیدۆ کە تەرمەکەی لەناو پاکێتی کارتۆندا ڕادەستی بنەماڵەکی کرابووەوە بەڕێوە چوو.
لە هەزەخ ڕێپێوانێکی جەماوەری بۆ شەهید ئاخین سەیدۆ کە تەرمەکەی لەناو پاکێتی کارتۆندا ڕادەستی بنەماڵەکی کرابووەوە بەڕێوە چوو.
لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٨ لە هەرێمی کاتۆ مارینۆس سەر بە ناوچەی ئەلکێ لە شڕنەخ شەڕ لە نێوان گەریلاکانی هەپەگە-یەژا ستار و سەربازانی تورکدا ڕوویدا. لە شەڕەکەدا گەریلای یەژاستار مەنفیات ئەلچیچەک (ئاخین سەیدۆ) شەهید بوو. دوای ٥ ساڵ تەرمی ئەلچیچەک لەناو پاکێتی کارتۆنێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی کولتووری یەکگرتوو بۆ پشتیوانی و هاوکاری خزم و کەسوکاری ئەوانەی لە لانکەی شارستانیەتدا کەسیان لەدەست داون (MEBYA-DER) و بە بەشداری پەرلەمانتارانی هەدەپ لە شرناخ نەورۆز ئویسال ئاسڵان، محەمەد زەکی ئیرمەز، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد(تەژەئا ) ڕێکخستنەکانی هەدەپ ناوەند و ناوچە و زۆر کەسان بە دروشمی "ئاخین شکۆی ئێمەیە" بەرەو ماڵی ئەلچیچەک لە ناوچەی هەزەخ ڕێپێوانیان کرد.
جەماوەرەکە لەبەردەم نەخۆشخانەی هەزەخ کۆبوونەوە، بەرەو ماڵی ئەلچیچەک ڕێپێوانیان کرد. لەوێ بنەماڵەی شەهید پێشوازییان لە جەماوەرە کرد. پاشان بە خولەکێک بێدەنگی پرسەکە دەستی پێکرد.
نەورۆز ئویسال ئەسڵان، پەرلەمانتاری هەدەپ، کە لەوێ قسەی کرد و باسی لە شێوازی گەیاندنی تەرمەکانی بە بنەماڵەکان کرد و وتی:" بە ساڵانە دەیانەوێت بنەماڵەکانمان بشکێنن و لە تێکۆشان دەست هەڵبگرن. بە ساڵانە تەرمەکان ڕادەستی بنەماڵەکان ناکەن. کاتێکیش تەرمەکان دەدەن یان لەناو پاکێتی کارتۆن یان لە کیسەدا ڕادەستیان دەکەن. ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین. ئێمە ئەم کارانە قبوڵ ناکەین، ئێمە دەستدرێژییەکانی سەر تەرمەکانی ئەم گەلە قبوڵ ناکەین. دەوڵەتی تورک ساڵانێکە هێرش دەکاتە سەر زمان، بوون و شوناسمان. دوژمنایەتیان تەنانەت بە کوشتنی ئێمەش تەواو نابێت. بەڵام سەرەڕای دڕندەییەکانیان، بنەماڵەکانمان سەردانانوێنن و قسەکانیان هێز دەداتە گەلی کوردستان، هێز بەم تێکۆشانە دەبەخشێت. بە گرتن و کوشتنمان دەیانەوێت بەم شێوەیە لەناومان ببەن بەڵکوو تەواو نابین، دەسەڵاتیان توانای ئەم کارەی نییە. بە سیاسەتەی دژی مرۆڤایەتی و ئەخلاق سەرکەوتوو نابن."
پاشان بۆ ئەلچیچەک نزا خوێندرا و سەردانی جەماوەریش بە دروشمی "شەهید نامرن" کۆتایی هات.