هێرش و سیاسەتی گوشارەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی زیندانیانی سیاسی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. کاربەدەستانی زیندان ڕۆژانە فشاری نوێ بەسەر زیندانیاندا دەسەپێنن. هەرچەندە بەشێک لە زیندانییەکان حوکمەکەیان تەواو کردووە، بەڵام سزای جیاواز دەسەپێندرێت بۆ ئەوەی ئازاد نەکرێن، ڕێگرییان لێدەکرێت بۆ نەخۆشخانە ، چارەسەریان بۆ ناکرێت و هەروەها رووبەرووی مەرگ دەکرێنەوە.
پارێزەر فورات تاشکین ئەندامی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (OHD)، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بە کارە نامرۆڤانەکانی ئیدارەی زیندانەکان قسەی کرد.
پارێزەر تاشکین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فشارانەی کە لایەن پارتە سیاسییەکانی دەسەڵاتەوە دروست دەکرێن لە زیندانەکانیشدا رەنگیداوەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەم دۆخەەوە، فشار و پێشێلکردنی مافەکان زیاتر بووە.
بەپێی کەش و هەوای سیاسی دەجوڵێنەوە
پارێزەر تاشكین رایگەیاند كە پێشێلكردنی مافەكان وەك سیستمی ئەشكەنجەدانی لێهاتووە و لە درێژەی قسەكانیدا وتی: "دەزانین ئەشكەنجەدان تەنها كارێكی جەستەیی نییە. هەروەها لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی و دەروونیشەوە ئەنجام دەدرێت. گرنگترین و بنەڕەتیترین ماف، مافی ژیان، لەژێر سێبەری سیاسەتی ئاسایشی زینداندایە. زیندانییە نەخۆشەکان کە بە تەنیا ناتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن، بەهۆی فشارەکانی ناو زیندانەوە چارەسەریان بۆ ناکرێت، هەروەها ژینگەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان دانەنراوە. داواكارییەكانی زیندانیان بۆ دواخستنی سزای زیندان لەسەر بنەمای راپۆرتی دامودەزگا دادییەكانە كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت پشكنینی بۆ بكرێت و بەپێی كەشوهەوای سیاسی ئێستا راپۆرتی نادادپەروەرانە و بێلایەن دەردەکرێن.
لە کاتی چوون بۆ نەخۆشخانە پشکنین بە ڕووتی دەسەپێنرێت
پارێزەر تاشکین بەبیری هێنایەوە کە لە ساڵی ڕابردوودا ٤٨ زیندانی نەخۆش لە ئەنجامی سیاسەتی ئەشکەنجەدان گیانیان لەدەستداوە و بەم شێوەیە قسەی کرد: "هەرچەندە ڕۆژانە زیندانی نەخۆش گیان لەدەست دەدەن، بەڵام نزیکەی ١٥٠٠ زیندانی نەخۆش کە ژیانیان لە مەترسیدایە لە زیندانەکاندان. ئەو زیندانیانە کە پێویستە بە زوترین کات چارەسەریان بۆ بکرێت، لە کاتی چوون بۆ نەخۆشخانەدا پشکنینی بە ڕووتی بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
زیندانەکان گۆڕدراون بۆ ناوەندی ئەشکەنجەدان
پارێزەر تاشکین ئاماژەی بەوەشکرد، زیندانەکان ژینگەیەکی پاک نین و هیچ خۆراکێکی گونجاو و باشی بۆ زیندانییەکان دابین ناکرێت و گوتی: " پێداویستییەکانی زیندانییەکان کە ڤیتامینە دابین ناکرێت، ئاوی گەرمی کەم هەیە و سەرپێچی زۆر لەم جۆرە هەیە. ئەگەری ئەوە هەیە کە زیندانییەکان تووشی نەخۆشی درێژخایەن و هەمیشەیی ببن. ئەو فشارانەی زیندانەکانیان بۆ ژووری ئەشکەنجە گۆڕیوە، لە لایەنی کۆمەڵناسیشدا هەستیان پێدەکرێت. وەک دەزانرێت زیندانییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو شارانەی کە دوورن لە بنەماڵەکانیان. ههروهها مافی چالاكییه كۆمهڵایهتییهكانیان هەیە لەگەڵ خانەوادەکانیان، بەڵام هەموو ئەم مافانە پێشێل دەکرێن
هەراسانکردن بە کامێرا
پارێزەر تاشكین روونیكردەوە، سیاسەتی گۆشەگیری لەسەر ئەو زیندانییانە جێبەجێ دەكرێت كە لە هەموو هەنگاوێكدا تووشی فشاری دەروونی دەبنە و هەڕەشەی سزای دیسپلینیان لێدەکرێت و وتی، " وەك لە بڕیارەكانی بەڕێوەبەرایەتی و دەستەی چاودێریدا دەبینرێت، ئەو زیندانیانە ئازادناکرێن کە یاسای پەشیمانی دەیانگرێتەوە بەڵام دان بە پەشیمانیەکەیاندا نانێن. مافی هەموو زیندانیان هەیە کە بەشداری لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا بکات، بەڵام رەت دەکرێتەوە. رۆژنامە و گۆڤار و کتێبیان لێقەدەغەدەکرێت. بە کامێراکان کە لە قاوشەکاندا دانراون زیندانیان هەراسان دەکەن. فشاری دەرونیان لەسەر دروست دەکەن و هەوڵی بێناسنامەکردنیان دەدرێت.
پێویستە هەڵوێستێکی هاوبەش هەبێت
پارێزەر تاشکین ئاماژەی بەوەشکرد کە زیندانیان تاک بە تاک پەنا دەبەنە بەر رێگەی دادوەری و کارگێڕی لە دژی هەموو ئەو فشارانە و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئەو زیندانیانەی کە لە ژێر هەڕەشەی دیسپلیندان، دۆسیەی دیسپلینیان بۆ کراوەتەوە ئەوە چەند مانگێکی تر کۆتایی دێت. بەڵام ناڕەزایەتی ئەو زیندانیانەی کە سکاڵا لە بەرامبەر ئەو فشارانە دەکەن کە باسمان کردوون، یان گلەیی لە بەرامبەر فشارەکان دەکەن، دوادەخرێت. زۆرجار تانە و سکاڵاکان پشتگوێ دەخرێن. زۆر جار بڕیارەکانی پێشوو لەلایەن ئیدارەکانەوە جێبەجێ ناکرێت. جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی دادوەری و کارگێڕی بۆ زیندانیان چارەسەری بەردەوام بۆ دڕندەیی ناهێنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە ئەو ڕێکخراوە مەدەنیانەی لە بواری یاسا و مافدا کاردەکەن بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە مامەڵە بکەن و ڕاپۆرتەکانیان لەگەڵ دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و یەکەکانی دادوەری هاوبەش بکەن. پێویستە ڕای گشتی لە دژی ئەم فشارانە و سیاسەتی بێ سزای پێکبهێنرێت”.
ف.ق