ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هیزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە رۆژی پێنج شەممە ٢٥ی ئەم مانگە سەبارەت بە پێکدادانەکانی رۆژی ٢٤ی مانگ لە ئامێدی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرشەکەى ئامێدی بە هاوبەشی پەدەکە و دەوڵەتى تورکیا ئەنجام دراوە و هیزەکانی پەدەکە لە زەمینەوە بۆسەیان بۆ گەریلاکانیان داناوە و بە چەکی قورس هێرشی کردووەتە سەریان، هاوکات دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاش لە ئاسمانەوە بۆردوومانى کردوون.
هەپەگە دەشڵێت، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر پیلانی هاوبەشیان نێوان پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا لەدژی گەریلاکانى هەپەگە.
لە درێژەی دەقی راگەیاندراوەکەی هەپەگە-دا هاتووە، دوو ئۆتۆمبێل کە گەریلای هێزەکانیانی تێدابووە لەسنووری ئامێدی ویستوویانە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بچن کە لەوکاتەدا لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانی پەدەکە بۆسەیان بۆ داندەنرێت و تەقەیان لێدەکرێت.
هەروەها هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هێرشەکە گەریلاکانیان لە ئۆتۆمبێلەکان دادەبەزن و وەڵامیان دەدەنەوە و بۆ ماوەیەک شەڕ بەردەوام دەبێت و لە ئەنجامدا دوو گەریلایان بریندار دەبن.
ئاشکراشی کرد کە لەسەرەتای هێرشەکەوە تا کۆتایی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئاسمانى ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە، دواتریش گەریلاکان ئۆتۆمبێلەکان جێدەهێڵن و لە شوێنەکە دوور دەکەونەوە و دوای چەند خولەکێک فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورک دەگەنە ئەو سنورە و ئۆتۆمبێلەکانیان بۆردوومان دەکەن.
جێگای باسە، ئەو هێرشە لەدوای بڕیارێکی فەرماندەی هێزی زێرەڤانی پەدەکەوە دێت کە فەرمانی کردبوو لە هەر شوێنێک گەریلای پەکەکەیان بینی تەقەیان لێ بکەن و بیانکوژن.
سەبارەت بەو بابەتە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا، شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی و سەربازی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
'سیاسەتی دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورک زیادیکردووە'
سەبارەت بە هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ داگیرکردنی کوردستان، شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی و سەربازی، ڕایگەیاند: "لای هەمووان ئاشکرایە سیاسەتی دوژمنکاریانەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو و بەتایبەتی لەسەردەمی حوکمڕانی ئەردۆگان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لە هەوڵی ئەودایە ئیرادەی خەڵکی باشوری کوردستان کۆنترۆڵ بکات، و کاریگەری زۆری هەیە بەسەر بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی باشور و بەتایبەتی بەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان".
'بنکە سەربازی و هەوڵگرییەکانی تورکیا چەند ئامانجێکیان هەیە'
ئەو شارەزا سەربازییە سەبارەت بە ئامانج لە بنکە سەربازییە و هەوڵگرییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ناوچەکانی پەدەکە، ئاشکرای کرد: "تورکیا کاریگەرێیەکی زۆری لە سنوری ژێر دەسەڵاتی پەدەکە هەیە بەشێوەیەک کە چەندین بنکە و بارەگای هەواڵگری جێگیرکردووە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم بنکە سەربازی و هەواڵگرییانە دوژمنایەتی کردن و لێدانە لە هێزەکانی پەکەکە وە ئامانجی دیکەشی دەستگرتنە بەسەر سەروەت و سامان و سیاسەتی ئیرادەی ئەم سنورە".
'هێزە کوردستانییەکان سیاسەتێکی ڕوونیان هەبێت لەبەرامبەر داگیرکەران'
هەروەها ناوبراو ووتیشی: "هەمووان دەزانن کە دەوڵەتی تورک دراوسێی هەر ووڵاتێک بێت کێشەی لەگەڵ هەیە بەتایبەتی لە بابەتی کورد و کوردستان مێژووێکی دوور و درێژیان هەیە، پێویستە لەسەر سەرجەم هێز و پارتە سیاسییەکانی باشوری کوردستان سیاسەتێکی ڕوونیان بەرامبەر دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان هەبێت، تا داگیرکەران و دوژمنانی کورد نەتوانن دەستێوەردان بکەن وە لەڕێگەی دەستێوەردان بتوانن درز بکەنە نێوان پارتە سیاسییەکانی کوردستان، کە بەداخەوە دەلێم کە تائیستا توانیویانە درزێکی گەورە بکەنە نێوان پەدەکە و یەکێتی نشتیمانی کوردستان، کە یەکێتیش لە ناسنامەکەی دیارە کە نایەوێت بکەوێتە ژێر ئیرادەی هیچ لایەن و دەوڵەتێک وە هەمیشە ڕێزی لە ووڵاتانی دراوسێ گرتووە".
پێویستە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن بێت نەک یارمەتیدانی داگیرکەر
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو ئاماژەی بە مەترسی پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کرد و ووتی: "پێویستە پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش بێت نەک لەسەر بنەمای یارمەتیدانی دوژمن وداگیرکەری کورد و پەیوەندی ژێربەژێر و هاوکاری کردنی دوژمنان بۆ سەرخستنی ئامانجی دوژمنکارانەی خۆیان".
ئامانجی دوژمنان لەناوبردنی کوردە
سەبارەت بە هێرشەکانی پەدەکە بۆ سەر گەریلا و ڕوودانی ڕووبەڕووبوونەوە، ئەو شارەزای ئەمنی و سەربازییە ڕایگەیاند: "دەبێت ئەو بەرکەوتن و پێکدادانە لەلایەن هەردوولاوە کۆنترۆڵ بکرێت، تا هیچ بیانەویەک نەدرێت بەدەستی ناحەزان و دوژمنانی گەلەوە، لای هەمووان ئاشکرایە کە باشوری کوردستان لەژێر فشارێکی زۆری هەرێمیدایە کە چاویان بە ئەزموونی باشوری کوردستان هەڵنایات نایانەوێت کورد لەمە زیاتر پێشکەوتن و دەستکەوت بەدەستبهێنێت و ئامانجی دوژمنان لەناوبردنی کوردە".
'خزمەت بە ئامانجەکانی دوژمنانی کوردستان دەکات'
لە کۆتایی قسەکانیدا شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی و سەربازی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "هەموو جۆرە لێکتێنەگەیشتنێک لەنێوان هێزە کوردستانییەکان لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەر لایەک دەستپێشخەر و هۆکار بێت بۆ شەڕی کورد بە کورد ئەوە خزمەت بە ئامانجەکانی دوژمنانی کوردستان دەکات، ئیتر هەر پارت و لایەنێک هەڵەیەک بکات کە ببێتە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی خزمەت بە بەرژەوەندی داگیرکەران بەتایبەتی دەوڵەتی تورک".
هـ .ب