"پێویستە حزبە کوردییەکان لە حکومەتی نوێ شەڕ لەسەر پرسی نەتەوەیی و خاک بکەن"
چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: "جارێکی دیکە خەڵکی لە حزبەکانی دەسەڵاتی کوردی قەبووڵ ناکات شەڕی خاک و نیشتمان نەکەن و تەنها شەڕی پۆست پڵە بکەن".
چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: "جارێکی دیکە خەڵکی لە حزبەکانی دەسەڵاتی کوردی قەبووڵ ناکات شەڕی خاک و نیشتمان نەکەن و تەنها شەڕی پۆست پڵە بکەن".
دوای ململانێیەکی زۆر لەسەر پێکهێنانی حکومەت و تێپەڕبوونی عێراق بە ئاڵۆزترین دۆخی سیاسی دوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣، بڕیارە دوای نێوەڕۆی ئەمرۆ پێنج-شەممە حکومەتی نوێی عێراق لەلایەن محەمە شیاع سودانییەوە بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ متمانەدان بە كابینەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی کە ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراق.
لەلای خۆیەوە محەمەد نەسڕەدین سیاسەتمەدار و چاودێری دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراق لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، رۆڵی کورد لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراق، شەڕی پۆست و پلە و بەرژەوەندی حزبی لایەنەکانی دەسەڵاتی کوردی و بە قوربانی کردنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە، ناوبراو لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
پێویستە حکومەت بیسەلمێنێت، کە بەرهەمی قوربانی عێراقییەکانە
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ عیراق، محەمەد نەسڕدین سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: "ئەو حکومەتەی ئێستا هەوڵی دروستکردنی دەدرێت بەرهەمی خۆپیشاندانێکی دوور و درێژی جەماوەرییە عێراق بووە، کە قوربانیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە، بۆئەوەی ئەم حکومەتە بیسەلمێنێت کە بەرهەمی قورباینەکانی گەلی عێراق بۆ بەدیهێنانی خەونی عێراقییەکان دەبێت ئەو حکومەتە لەئاستی داواکاریی عێراقییەکان بێت، پێکهێنانی ئەم حوکمەتە لە کۆتا دەرفەتەکان دەبێت کە خەڵکی بڕوای بە حکومەت هەبێت کە دەتوانێت گۆڕانکاری چاکسازی بکات".
پێویستە حزبە کوردییەکان شەڕ لەسەر پرسی نەتەوەیی و خاک بکەن
هەروەها ئەو چاودێرە سیاسیە سەبارەت بە رۆڵی کورد لە حکومەتی نوێ عێراق و داکۆکی لەسەر مافەکانی کورد ووتی: "کورد لەئێستادا رۆڵێکی کارای هەبوو لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق و تیپەڕاندنی گرێ کوێرەی دیاریکردنی سەرۆک کۆمار، ئەو توانایەی کە هەردوو حزبی دەسەڵات بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆک کۆمار بەکاریان هێنا پێویستە ئەمڕۆ بۆ یەکلاکەرەوەی پرسە سەرەکییەکانی نەتەوەیی کورد بەکاری بهێنن کە خۆی لە پرسی نەتەوە و خاک و نیشتمان دەبینێتەوە، هەروەکو چۆن هەردوو حزبی دەسەڵات شەڕی دەستەویەکخەیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کرد بەو شێوەیە داکۆکی لەسەر مافە نەتەوەیەکانی گەلی کورد بکەن بەتایبەتی لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەکو کەرکوک و ناوچەکانی دیکە".
ناوچە جێناکۆکەکان بوونەتە قوربانی ململانێ پەدەکە و یەنەکە
سەبارەت بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە، ناوبراو ئاشکرای کرد: "تا ئێستا کەرکوک و ناوچە کورستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان قوربانی ململانیەی هەردوو حزبی دەسەڵاتی کورد (پەدەکە، یەنەکە) بوونە، هەموو کات لەپێناو بەرژەوەندیی حزبی ئەو دوو حزبەی دەسەڵات ئامادەبوونە ئەم ناوچانە بکەنە قوربانی، لەئێستادا هەردوو حزبی دەسەڵاتی کوردی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ئەخلاقیدان لەبەردەم گەلی کورد، بەرپرسانی هەردوو حزب توانای خۆیان سەلماند کاتێک سەردانی لایەنە عێراقییەکانی بەغدایان دەکرد و لەگەڵ یار و نەیاری کورد دانیشتنیان ئەنجامدا و هاوپەیمانیان ئەنجامدا، ڕاستگۆیی هەردوو حزب ئەوەیە کە ئەو هاوپەیمانیەتی ئەنجامیاندا بۆ یەکلاکردنەوەی پۆست و پلەکانی دەسەڵات بۆخۆیان لە بەغدا، پێویستە بەهەمان تواناو هەوڵدانەوە شەڕی پرسی خاک، نشتیمان و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەن".
جارێکی دیکە خەڵکی قەبووڵ ناکات شەڕی خاک و نشتیمان نەکەن
لە کۆتایدا محەمەد نەسڕەدین سیاستەمەدار و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: "جارێکی دیکە خەڵکی لەم دوو حزبە قەبووڵ ناکات، کە بڵێن شەڕی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە ئێمە ناکرێت، چونکە هەمووان بینیان کە هەردوو حزب توانای پێکهێنانی هاوپەیمانیەتیان هەیە لەگەڵ لایەن و هێزەکانی دەسەڵات لە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی پۆست و پلە، بۆیە پێیوستە ئەو هاوپەیمانیەتیانە بۆ پرسە نشتیمانیەکان بێت".
ژ.ت