"پێویستە عێراقییەکان بە یەکگرتوویی بڵێن، نەخێر بۆ پێشێلکردنی سەروەری"
دکتۆر عەبدولقادر بەشیر ڕایگەیاند، "ئەگەر عێراق خاوەن سەرکردەی دەستپاک و نیشتمانپەروەر بوایە ئەو کات هیچ کەس نەیدەتوانی سەروەریی عێراق ببەزێنێت".
دکتۆر عەبدولقادر بەشیر ڕایگەیاند، "ئەگەر عێراق خاوەن سەرکردەی دەستپاک و نیشتمانپەروەر بوایە ئەو کات هیچ کەس نەیدەتوانی سەروەریی عێراق ببەزێنێت".
لە دوای ٢٠٠٣ ئێران و توركیا بە شێوەیەكی بەردەوام تۆپبارانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، دەوڵەتی عێراقیش كە بەپێی دەستوور دەبێت پارێزەری سەروەری سنوور و ئاسمانی خاكەكەی بێ، لێی بێدەنگە، عێراق لە ھەرێمی کوردستان و باشووریشەوە دەستدرێژی بۆسەر سەروەریی خاکەکەی بەردەوامە و ئەم پرسە هەر تایبەت نییە بە ململانێ و دەستوەردانی ئەمریکا، تورکیا و ئێران لە پرسە ناوخۆییەکانی عێراق، هەروەک ڕۆژانە دەبینین فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن و نزیکەی ١٠٠ بنکە و بارەگای سەربازیشیان هەیە.
بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، حکومەتی عێراق مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە تەواوی خاکی عێراق بکات لە هەر کارێکی دوژمنکاری کە لەلایەن هەر وڵاتێکەوە بکرێتە سەر نەخشەی سیاسی عێراق و لەو ڕوەشەوە بۆی هەیە سکاڵای یاسایی خۆی تۆمار بکات لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێی دراوە لە ماددەکانی ٣٩ و ٥١ لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند بژاردەیە لەبەردەمیا هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پاراستنی سەقام گیری لە جیهاندا و بەرگریکردن لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نێو ئەو بژاردانەش ڕاگرتنی پەیوەندیی دبلۆماسی و ڕاگرتنی پەیوەندییە ئابوریەکان و ڕاگرتنی هەموو جۆرە پەیوەندییەکان بە شێوازێکی گشتی.
لە دواین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەباشوری کوردستان ئەنجامیدا کۆمەڵکوژییەکەی گوندی (پەرەخ) بوو، کە لە ڕۆژی ٢٠ی تەمووز دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گوندی پەرەخێ-ی سەر بە زاخۆ گەشتیارانی عێراقی تۆپباران کرد، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا ٩ کەس لە گەشتیارەکان کۆمەڵکوژکران و٢٣ کەسی دیکەش برینداربوون، کە قورباییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە خەڵکی ناوەند و باشوری عێراق بوون، ئەمەش ناڕەزایەتیی شەقامی عێراقی لێکەوتەوە بەجؤرێک، کە لە تەواوی شارە عێراقییەکان هێرش کرایە سەر ناوەندەکانی سەر بەدەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و تەواوی ناوەندەکانی تورکیا لە عێراق داخران، هەروەها لەلایەن گروپە چەکدارەکانی عێراقەوە بەردەوام هێرش کرایە سەر بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەناو خاکی عێراق.
سەبارەت بە بەردەوامیی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لە ڕووی سیاسی، سەربازی، ئابوری و کۆمەڵایەتی، لەلایەن دەوڵەتانی هەرێمی وەکو ئێران و تورکیا و دەستێوەردانی سیاسیش لەلایەن ووڵاتانی دیکەی ناوچەکە و ووڵاتانی زلهێزی جیهانی، ڕاوێژکار و شیکەرەوەی سیاسی، دکتۆر عەبدولقادر بشیر، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
وڵاتانی هەرێمی و دراوسێکان سەروەری عێراق دەبەزێنن
دکتۆر عەبدولقادر بشیر ڕاوێژکارو شیکەرەوەی سیاسی و سەرنووسەری گۆڤاری( الصواب المستقلة) لە کەرکوک، سەبارەت بەهۆکاری بەردەوامی پێشەڵکردنی سەروەری عێراق و دەستێوەردانی دەوڵەتان لەکاروبای عێراق ووتی: "سەروەری عێراق لە بارودۆخێکی زۆر خراپە، لەدوای هەڵبژارادنی ڕابردوو کە نزیکەی ١٠مانگ لەمەوبەر بوو تا ئیستا نەتوانراوە هیچ حکومەتێک پێکبهێنرێت تەنانەت نەتوانراوە حکومەتی رزگاری نیشتمانیش پێکبهێنن، ئەم لەدەستدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی عیراق و لەدەستدانی هەردوو لایەنی ئاسایشی ووڵات و یاسا، هۆکاری سەرەکی دەستێوەردانی ووڵاتانن لە کاروباری عێراق، ئەمەش بئ هۆی ئەوە ووڵاتانی هەرێمی دراوسییەکانی عیراق بتوانن لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ئابوری عێراق ببەزێنن".
عێراق خاوەن هێزێکی یەکگرتووی نشتیمانی نیە
دەربارەی سنور بەزاندن و ئەنجامدانی ئۆپراسێۆنی سەربازی لەناو خاکی عێراق لەلایەن ووڵاتانی دراوسێوە، دکتۆر عەبدولقادر بشیر ڕایگەیاند: "ئەگەر عێراق یەک هێزی بەتوانای نیشتمانیی بەهێزی و یەکگرتووی هەبوایە هیچ ووڵاتیك نەیدەتوانی لەڕووی سەربازی و سیاسی دەستێوەردان لە عێراق بکات، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ عێراق بەهێز و یەکگرتوو نیە تا بتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت لە دەستێوەردانی دەرەکی، ئەگەر عێراق خاوەن سەرکردەی دەستپاک و نشتیمان پەروەر بوایە ئەو کات هیچ کەس نایتوانی سەروەری عێراق ببەزێنێت".
هاووڵاتیان تووشی بێ ئومێدی بوون
سەبارەت بە دەستێوەردانی ووڵاتان لە کاروباری عێراق و کاریگەریی لەسەر هاووڵاتیانی عێراق ناوبراو ووتی: " خەڵکی عێراق بە تەواوی پێکهاتەکانەوە تووشی بێ ئومێدی و رووخانی دەروونی بوون بەهۆی نەبوونی حکومەتێک کە بتوانێت بیپارێزێت، هەروەها حکومت مافە سەرەکییەکانی هاووڵاتیانی دابین نەکردووە، کە ئەرکی سەرشانی هەموو حکومەتێکە مافە سەرەکییەکانی هاووڵاتیانی دابین بکات بۆ نموونە مافی دابین ڕەخساندنی ژینگە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی، کە ئەمە سەرەکترین مافی هاووڵاتییە".
بڵێن نەخێر بۆ پێشێلکردنی سەروەری
لەکۆتایدا دکتۆر عەبدولقادر بشیر پەیامێکی ئاڕاستەی تەواوی عێراقییەکان کرد لەپێناو پاراستی سەروەری ووڵات دا و ووتی: "داوا لە دەستپاکان و ژیرەکانی سیاسەت و دەسەڵاتداران و پەرلەمان دەکەم لەگەڵ گەلدا بەیەکەوە وەک یەک کەس بوەستن و بڵێن نەخێر بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و بەزاندنی سەروەری و تەواوی پێشێلکارییەکان بۆسەر سەروەریی عێراق، بڵێن نەخێر".
ژ.ت