پەیامنێرانی بێسنور لەسەر تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل داوای لێکۆڵینەوە دەکات

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور تیرۆرکردنی سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی شەرمەزارکرد و دەڵێت، فیمینیستێکی کورد بێدەنگ کرا.

دوای ئەوەی لە ڕۆژی چواری ئەم مانگە ناگیهان ئاکارسەل، سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی لە شاری سلێمانی تیرۆرکرا، ریکخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی بڵاوکردەوە و تیرۆرەکە شەرمەزار دەکات.

پەیامنێرانی بێسنور ڕایگەیاند، ئەمە پێنجەمین هێرشە لە باشوری کوردستان لە ساڵێکدا دژی کەسایەتی و چالاکوانانی کورد کە ڕەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرن ئەنجام دەدرێت.

نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە دەشڵێت، ڕۆژنامەوان و نووسەری فیمینیستی کورد ناگیهان ئاکارسەل لە پرۆسەیەکی وەهادا کوژرا کە ژنانی کورد پێشەنگی ڕاپەڕین بۆ ئازادی ژنان دەکەن ئێمە ئەو هێرشە بە توندی شەرمەزار دەکەی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەریمەکە کراوە ڕووداوەکە ڕوون بکەنەوە و بکوژەکان دادگایی بکەن و دادپەروەری لە دژی بکوژانی ئاکارسەل بەدین بهێنن.

دوای ڕووداوەکە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند “تۆمەتبارانی ڕووداوی کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر- کۆیە دەستگیرکران”.

هاوکات سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرایکرد، تۆمەتبارەکان لە دوایین خاڵی پشکنینی ئاسایشی یەنەکە لە سماقوڵیی دەستگیرکراون و هەوڵیانداوە بپەڕنەوە بۆ سنووری پەدەکە.

 پێستریش لە ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢١دا، یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە سلێمانی تیرۆرکرا.

 دوای ئەوەش ڕۆژی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢، زەکی چەلەبی، لەلایەن دوو ماتۆڕسواری میتی تورکەوە، لە تەنیشت ڕێستۆرانەتەکەیدا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی تیرۆرکرا.

هەر لە درێژەی ئەو تیرۆرانەی دەوڵەتی تورکدا لە ڕۆژى ١٧ ى مانگى ٦ى ئەمساڵ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکیان کرد و بە هۆیەوە فەرهاد شبلی و سێ هاوڕێی شەهیدبوون و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

هەر لە درێژەی ئەو کردەوە چەپەڵانەدا لە ڕۆژی ٢٨ی ٨ی ٢٠٢٢، سوهەیل خورشید عەزیز، ناسراو بەمامۆستا شەماڵ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەى کفریی، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایە بەر دەسڕێژی گوللـە و شەهیدکرا.

ف.ق