کۆمیتەی گەلان و باوەڕیەکانی کەجەکە بە بۆنەی مانگی موحەڕەم کە لە ئایینی عەلەویەکاندا جێگەیەکی گرنگی هەیە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە عەلەویەکان لە رۆژانی موحەڕەمدا لێپێچینەوە لە نەفس و دەرونی خۆیان دەکەن، دەبێت بیر بکەنەوە کە چۆن هەبوونی کولتوری ئایینی و ژیانی بەهێزتر دەکەن.
دەقی پەیامەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە:
"ئێمە پێدەنێینە مانگی موحەڕەمە کە لە باوەڕی عەلەویەکاندا خاوەن جێگە و پێگەیەکی گرنگە. ئێمە هیوادارین کە پەرستشی عەلەویەکان و مسوڵمانە شیعەکان لە موحەڕەمدا و ئەو رۆژوانەی لە پێناو بیرهێنانەوەی کەربەلادا دەیگرن، قەبوڵ بێت. بە بۆنەی مانگی موحەڕەمەوە کە دەستیپێکردووە ئێمە داوا لە هەموو ئەوانە دەکەین کە لایەنگری ماف و راستین، تا لە دژی یەزیدەکانی ئەم سەردەم لەسەر هێڵی بەرخودانی کەربەلا هەڵوێستی حسێنیی بگرنەبەر.
چەمکی یەزیدی رێگەکانی خۆیان بە زیندوویی راگرتووە
چەمکی یەزیدی لە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمرۆماندا رێگەکانی خۆی بە زیندوویی دەبینێت. رژێمە ستەمکار، فاشیست، قڕکەر، کۆلۆنیالیست لە نەوەکانی یەزید لە کوردستان و سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستەم لە گەلان و گەلەکەمان دەکەن. هێرشەکان لە شێوازی ئەشکەنجە، گۆشەگیری، گوشار و قڕکردن لەسەر کوردستان، ئەو راستیە باش نیشان دەدات. لە کوردستان و تورکیا ئەو کەسانەی لە نەوەکانی یەزیدن هەڕەشە لە عەلەویەکان دەکەن. عەلەویەکان رووبەڕووی هەموو چەشنە گوشار، توندوتیژی، قڕکردن و نکۆڵی دەبنەوە. وابیردەکەینەوە کە عەلەویەکان دەزانن کە رووبەڕووی مەترسیدارترین کۆمەڵکوژین. چاوەڕوانین کە ئەوان لە بەرامبەر ئەو راستیەدا لە هەموو کات زیاتر هەڵوێستی تێکۆشان بگرنەبەر. سیاسەتەکانی دەوڵەت لەسەر پەروەردە، جەمخانە و باوەڕی عەلەویەکان، مەترسیدارترین شێوازی قڕکردنە. ئێمە چاوەڕێین کە لە دژی ئەو هێرشانەی قڕکردن، عەلەویەکان هێڵی بەرخودانی حسێنی بە بنەما بگرن و لە دژی ستەمکاران و بێ مافی تێبکۆسن و نیشانی بدەن کە ئەوان لە ریزەکانی حەزرەتی حسێندان.
یەکێتی و یەکریزی لە دژی ستەمکار
عەلەویە هێژا و بەنرخەکان، دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە دەبێت عەلەویەکان کە لەم رۆژانەی موحەڕەمدا نەفس و دەرونی خۆیان دەخەنە بەر لێپرسینەوە، بیر بکەنەوە کە جۆن دەتوانن هەبوونی کولتوری، باوەڕی و ژیانی بە شێویەکی بەهێزتر بپارێزن. بەم بۆنەوە دەمانەوێت ئەوە رابگەیەنین کە دەبێت یەکێتیی و یەکڕیزیی بناغەی سەرەکی تێکۆشان لە دژی دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان بێت. عەلەویەکان لە رۆژانی موحەڕەمدا رۆژوو دگرن و رۆژەکانیان بە لێپرسینەوەی قووڵ لە خۆیان تێدەپەڕێنین. ئێمە داوا لە عەلەویەکان دەکەین کە با ئەوەیان لەبەر چاوبگرن کە لە هەر شوێنێک رووبەڕووی هێرش دەبنەوە و لە دژی یەزیدەکانی ئەم سەردەمەدا لە بەرەی دیموکراسیدابن. ئێمە پێشنیاز دەکەین کە یەکێتی خۆیان گەورە تر بکەن و بڕوایان هەبێت کە هێرشەکانی دەوڵەت بێ کاریگەر دەکەن. با لە دژی ستەمکاران، بە شێوەی یەکڕیزانە بجوڵێنەوە.
قەبوڵکردنی خەراج و پارە لە حکومەتەوە، یاخود هەڵوێستێکی عەلەویانە؟
لەم رۆژانەی رۆژووی موحەڕەمدا ئێمە داوا لە پیرانی عەلەوی و دایکان دەکەین کە باسی ئەوە بکەن، کە ئەو دەرفەتانەی لە لایەن دەوڵەتەوە پێشکەش دەکرێن، حەرامن و با ماڵی حەرام قەبوڵ نەکەن. دەوڵەت ئافرێنەری نکۆڵی، قڕکردن و کۆلۆنیالیزمن. دەبێت بزانرێت، مشتومڕی ئەوەی 'دەوڵەت کریی جەمخانە و پسوڵەی ئاو و کارەبا بدات' هەوڵدانێکە بۆ ئەوەی عەلەویەت بخرێتە ژێر رکێفی دەوڵەتەوە و دەبێت کۆتایی بەو گفتوگۆ و مشتومڕانە بهێندرێت. دەوڵەت بۆ ئەوەی عەلەویەکان بە خۆیەوە ببەستێتەوە ئەو تێچوو و خەراجانە دەدات. ئایا کۆمەڵگەی عەلەوی ئەو خەراجە قەبوڵ دەکەن یاخود هەڵوێستێک بە شێوازی عەلەویەت دەگرنەبەر و بۆ پارێزگاری لە کولتور، باوەڕی و هەبوونی خۆیان لە دژی ئەم سیستمەی پەروەردە و مۆدێلی باوەڕیەی کە دەخوازرێت دابتاشرێت، تێدەکۆشن؟ لەبەر ئەوەی ئەم سیاسەتانەی دەوڵەت هەموو بەهاکانی کولتوری و باوەڕی کە عەلەویەکان خۆیانی پێ دەردەبرن، نکۆڵی لێدەکات و بە نەبوو دایدەنێت. لەم رووەوە ئێمە بانگەوازی لە عەلەویەکان دەکەین کە تێکۆشانی رێکخستنی خۆیان بەهێزتر و ئەنجامگرتر درێژە پێبدەن. ئێمە عەلەویەکان بانگهێشت دەکەین کە بەشێوەی قووڵتر ئەو راستیە ببینن، باش تێبگەن و پێویستیەکانی ئەوە زیاتر بەجێبگەیەنن.
تێکۆشانی هاوبەش لە دژی یەزیدەکان
ئەوانەی لە نەوەی یەزیدن، شکۆی مرۆڤایەتیان پێسێل کردووە. لە دژی ئەوە ئیمرام حسێن تێکۆشانی حەق و مرۆڤایەتی ئەنجامدا و نوێنەرایەتی شکۆمەندی مرۆڤایەتی کرد. لە بەرەی ئیمام حسێندا بەشداربوون بە واتای تێکۆشانە لە دژی ستەمکار، زەوتکار و تاڵانکاران و ئەوانە ماف و حەق ناناسن. بە بۆنەی رۆژووی موحەڕەم ئێمە لە دڵ و ناخەوە هیوا دەخوازین کە رۆژووی ١٢ ئیمامام و خمەتەکانی ئەو مرۆڤانەی کە ئێش و ئازاری کوشتنی خۆڕاگرانی کەربەلا لە ناخەوە هەست پێدەکەن، قەبوڵ بن و لە دەفتەری حەقدا بنوسرێنەوە. لەم رووەوە ئێمە داوا لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لایەنگرانی دیموکراسی و ئازادی، حەق و دادپەروەری دەکەین کە لە دژی یەزیدەکانی سەردەم، لە سەنگەری تێکۆشانی هاوبەشدا دەست بخەنە ناو دەستی یەکەوە".
هـ. ب