لە بانگەوازێکدا پەژاک بە ئاماژەدان بەوەی لە رۆژانی رابردوودا، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران رۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووەتە چەقی سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەران و بە هۆیەوە دەیان خۆپیشاندەری کورد شەهیدبوون، داوای کردوە رۆژی پێنج شەممە ٣ی خەزەڵوەر (٢٤ی تشرینی دووەم) سەرجەمی چین و توێژەکانی ئێران بە مەبەستی پشتیوانی لەگەلی کورد و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە شێوەی سەرتاسەری مانبگرن.
لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا هاتووە: " تەنیا لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٥٠ رۆڵەی قاڕەمان شەهید کراون و پلانی بۆ کۆمەڵکوژی دیکەش داناوە. بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو پلانە ستەمکارانە گەلی کورد پێویستی بە پاڵپستی هەمەلایەنەی گەلان، رێکخراوەکان، سەندیکا و پارتەکانی سەرتاسەری ئیران هەیە".
دەقی بانگەوازەکەی پەژاک بەم جۆرەیە:
"بانگەوازی پەژاک بۆ گەلانی ئێران بە مەبەستی مانگرتن و بانگهێشت بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی گەلی کورد
بۆ رای گشتی!
و رێکخراو، پارت، لایەن، توێژ و کۆمەڵانی سەرتاسەری ئێران
جوڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی توانیویەتی گەورەترین راپەڕین لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران بێنێتە ئاراوە. لە سایەی ریشەداربوون، ئەم شۆڕشە سەرجەم ئێرانی تەنیوەتەوە و هەموو گەلان تیایدا بەشدارن. رژێمی فاشیستی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە گەلی کورد کە دەستپێشخەری ئەم راپەڕینەیە، لە هەوڵی تۆڵەکردنەوەدایە لە رێگەی سەرکوتی بێبەزەییانە و کوشتار. لە رۆژانی رابردوودا بینیمان کە گەلی کورد بە پێداگرییەوە درێژەی بە راپەڕینەکەیدا و فراوانتری کرد، بەڵام بەداخەوە بە شێوەی سەرتاسەری پشتیوانی لێنەکرا و تاڕادەیەک راپەڕین و شۆڕشەکە لە کوردستاندا قەتیس مایەوە. رژێمی ئێرانیش بەو پەڕی هێزەوە هێرشی کردەسەر و تاوانی دڕندانەی ئەنجامدا. تەنیا لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٥٠ رۆڵەی ئازامانی شەهید کردووە و پلانی بۆ کۆمەڵکوژی دیکەش داناوە. بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو پلانە ستەمکارانە گەلی کورد پێویستی بە پاڵپشتی هەمەلایەنەی گەلان، رێکخراوەکان، سەندیکا و پارتەکانی سەرتاسەری ئیرانە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای ئەوەی بە توندی سیاسەتی کوشتاری رژێمی ئێران شەرمەزار دەکات، تەواوی گەلان، چین و توێژەکان، سەندیکا، رەوتەکان، پارتەکان و دامەزراوە جیاجیاکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی بە مەبەستی پشتیوانی لەگەلی کورد و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" رۆژی پێنج شەممە ٣ی سەرماوەز دەست بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین بکەن.
بێگومان رابوونی سەرتاسەری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لەلایەن چین و توێژەکان، کۆمەڵانی خەڵک و تەواوی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسیخواز و ئازادیخوازەوە دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی شەپۆلی سەرهەڵدان و دەشبێتە بەربەستێک لەبەردەم سیاسەتی کوشتاری رژێمی ستەمکاری و دیکتاتۆر. ئەم راپەڕینە جیالە لە پشتیوانی لەگەلی کورد، پێویستییەکی سەرەکی و بێئەملاولایە بۆ تەواوی گەلانی ئێران. پێویستە کە لە پیر و گەنجە تا کرێکاران، مامۆستایان، رووناکبیران و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا، بە پێشەنگایەتی ژنان و پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی ئازادیخواز بڕژێنە گۆڕەپانەکان و پاڵپشتی لە شۆڕشگێڕانی کوردستان بکەن. مانگرتنی چین و توێژە جیاجیاکان و هاوپشتی و یەکڕیزی سەرتاسەری، بە شێوەیەکی بەرچاو شەپۆلی خرۆشاوی سەرهەڵدانی گەلان بەهێز دەکات.
بەبەشداری سەرجەم کۆمەڵانی خەڵک و لەسایەی یەکڕیزی سەرجەم توێژ و کۆمەڵانی گەل دەتوانرێت زنجیری دیکتاتۆری و ستەم بپسێنرێت و رێگەی بەنرخی ئازادی گەلان بکرێتەوە. بە دڵنیاییەوە سەرجەم گەلانی ئێران شان بە شانی گەلی کورد توانای هێنانەدی ئەم حیماسە سەرسوڕهێنەرەیان هەیە. چاوەڕوانیمان لە سەرجەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنە کوردی و ئێرانییەکانە کە ئاگاداری ئەرکە مرۆیی، ئەخلاقی و سیاسییەکانیان بن و لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی رژێم ببنە کۆڵەکەیک بۆ ئەوەی راپەڕیوان پشتی پێوەببەستن.
بژی سەرهەڵدان دژی دکتاتۆری و ستەمکاری
بەرز و بەڕێز بێت یاد و یرەوەری شەهیدانی رێگای ئازادی
سەربەرزن ئەو نەتەوانەی رۆڵەکانیان دەنێرنە گۆڕەپانی ئازادی خوازی."
ف.ق