پژاک: هەڵوێست وەرگرتن دژی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی، کارێکی ویژدانی و ئەخلاقیە

پژاک دژی هەوڵی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "هەڵوێست وەرگرتن دژی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی، کارێکی ویژدانی و ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراتیکە".

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دژی هەوڵی دەوڵەتی ئێران بۆ لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە. وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هەوڵە، بانگەواز لە هەمووان دەکات پێش لەسێدارەدانی زیندانییەکان، هەڵوێستی جدی وەربگرن و ڕێگە لەم کۆمەڵکوژییە بگرن.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پژاک بەم جۆرەیە:

"هەواڵی ئەگەری لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی (پەژمان فەتحی و موحسن مەزڵوم و وەفا ئازەربار و محەمەد فەرامەرزی) لە زیندانی ئەوینی تاران مایەی نیگەرانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازادیخوازانی ئێرانە. بۆ ڕێگری لە لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییانە و تەواوی زیندانیان، پێویستە سەرپاکی گەلەکەمان و ئازادیخوازان و چالاکوانان هەڵمەتێکی جدی دەست پێ بکەن و ڕێگە لەم پرۆسەیە بگرن.

پێویستە پێش ئەوەی ڕووبدات، هەڵوێستێکی ویژدانی و ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراتیک بەرامبەر هەوڵەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی پیشان بدرێت. هاوزەمان ئاماری لەسێدارەدان بەشێوەیەکی بێبەزەییانە و ترسناک لە ئێراندا زیادی کردووە و وەهمی دەوڵەتی ئێران بۆ فەرامۆشکردنی دەنگە ناڕازییەکان بەرامبەر ئەم کارە نامرۆڤانەیەی تەشەنەی کردووە. بێگومان کۆماری سێدارە بە نەبوونی هەڵوێستی گەل و ئازادیخوازان، بوێرییەکی زیاتر بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە نامرۆییانە پەیدا دەکات. لەگەڵ زیادبوونی لەسێدارەدان لەلایەن ڕژێمی فاشیستەوە، هەڵوێستی ڕادیکاڵی زۆرینەی چالاکوانان مایەی ئومێدە. بەتایبەت مانگرتن لە خواردنی ٦١ زیندانی سیاسی لە تاران بۆ شەرمەزارکردنی تەشەنەسەندنی لەسێدارەدان، هەروەها هەڵوێستی کەسانی وەک زەینەب جەلالیان و نەرگس محەمەدی بۆ خاوەندارێتی لەم مانگرتن لە خواردنە، دەرخەری هەستیاریی ئەم ڕەوشەیە. ئەم ڕەوشە ئەوە لە گەلەکەمان و ئازادیخوازان و چالاکوانان دەخوازێت، لەڕێگەی هەڵمەتەکانیانەوە دژی تاوانەکانی ئەم ڕژێمە دەنگی خۆیان هەڵبڕن. هەڵبەتە بێدەنگی چارەنووسێکی کارەساتبار دەهێنێت، هەروەها بوێرییەکی زیاتر دەبەخشێتە سیستەمی گەندەڵ تاوەکو تاوانی زیاتر بۆ پاکتاوکردنی زیندانیانی سیاسی ئەنجام بدات.

هاوکات بنەماڵەکانی ئەم چوار زیندانیە سیاسییە کورد لەبەردەم زیندانی ئەوین کۆبوونەتەوە، بۆیە پێویستە هەرچی پێویستە بکرێت بۆ پاراستنی ئەم بنەماڵانە و پاشگەزکردنەوەی ڕژێم لە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە چوارچێوەی شەرمەزارکردنی توندی شەپۆلی نامرۆڤانەی لەسێدارەدان لەلایەن سیستەمی فاشیستی ئێرانەوە، بانگەواز لە سەراپای گەلەکەمان و چالاکوانان و توێژ و بەشەکانی جڤاک و جەماوەر دەکات لەڕێگەی هەڵمەتی چالاکانەی خۆیانەوە وەڵامێکی گونجاوی کۆماری سێدارە بدەنەوە. بێگومان ئەم هەڵوێستانەی سیستەمی فاشیست جێگەی شەرمەزارکردنە، پێویستە بزانن تاقیکردنەوەی دان‌بەخۆداگرتنی گەل بە تاکتیکی سێدارە، ئاکامی جدی بۆ خۆیان دەبێت. ئەم کار و ڕەفتارە نامرۆییانە بەلای گەلانەوە مایەی فەرامۆشی و لێخۆشبوون نییە.  بۆیە دەستوبرد و پێش لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد، پێویستە هەمووان هەڵوێست وەربگرن و کۆتایی بە تاکتیکی کۆمەڵکوژی سێدارە بهێنن. هەر لەسێدارەدانێک، زیانێکی قەرەبوونەکراوە بۆ هەبوون و کەرامەت و ئازادی جڤاک و گەلان، پێویستە بوەستێنرێت. پێشتر پژاک کەمپەینی "نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ دیموکراسی" دەست پێ کرد، ئەمڕۆش یەکێک لە مەزنترین هەڵمەتەکان، هەڵمەتی "نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ دیموکراسی"یە و پێویستە فراوانتر بکرێت".