پەژاک: شۆڕشی گەلەکەمان بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان بەردەوامە

پەژاک رایگەیاند: دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی جزیرە لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەرخەری ئەوەیە لە شۆڕشی گەلەکەمان بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی کۆمار لە سەرجەم بەشەکان بەردەوامە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەی یادی ٧٨ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە کانتۆنی جزیرە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە "دامەزراندنی کۆماری کوردستانی خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی لە تێکۆشانی ئازادی خوازانەیە و شۆڕشی گەلەکەمان لە هەر چواربەشی کوردستان لەپێناو هێنانەدی ئاوات و ئامانجەکانی بەردەوامە".

راشیگەیاندووە: دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جەزیرە لە رۆژئاوا لە ساڵیادی دامەزراندن و راگەیاندنی کۆماری کوردستان، هێنانەدی هەمان خواستی ئازادیخوازی گەلەکەمانە.

پەژاک بە ئاماژەدان بە چڕبوونەوەی هێرشەکانی دوژمنان بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان، داوای کردووە، گەلی کورد بە یەکڕیزی بەرپەرچی ئەو هێرشانە بداتەوە و ئەوەی خستووتەڕوو: " تەنیا ئەو کاتە دەتوانرێت یاد و بیرەوەری کۆماری کوردستان بەرزڕابگیرێت، کە بە تێکۆشانی بێ وچان و یەکڕیزی زیاتر لە جارانی گەلەکەمان بەرپەرچی سەرجەم هێرشە قڕکارییەکان بدەینەوە".

دەقی راگەیەندراوەکەی پەژاک بەم جۆرەیە:

"٧٨ەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان بۆ گەلی کورد خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەیە و شۆڕشی گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان لەپێناو هێنانەدی ئاوات و ئامانجەکانی بەردەوامە. لە وەها رۆژێکدا دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی جەزیرە لە رۆژئاوا هێنانەدی هەمان ئاواتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمانە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جەزیرە پیرۆزبایی لەگەلەکەمان دەکات.

لەمرۆدا تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چواربەسی کوردستان لە دژی فاشیزم و داگیرکەری گەیشتووەتە لوتکە و دەستکەوتی زۆر بەدەتسهاتوون. هەرچەندە سیاسەتی جینۆسایدی کولتوری و کۆمەڵکوژی دوژمنان لە هەر چوار بەشی کوردستان بەردەوامە، بەڵام رابوون و وشیاری گەل گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتوانێت سەرجەم مەترسیەکان بکاتە دەرفەت بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی. ٧٨ەمین ساڵیادی کۆماری کوردستان لە کاتێکدایە کە بە هۆی بەدەستخستنی دەستکەوتی گەورە لەلایەن گەلەکەمانەوە و زیاتر نزیکبوونەوەی لە ئازادی، دوژمنانی فاشیست بە رق و قینی زیاترەوە بۆ لەناوبردنی هەبوونی گەلی کورد دەستیان داوەتە هێرشی دڕندانە و بێ بەزەییانە. لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان و هێرشە ستەمکارانەکانی دەسەڵاتی ئێران بۆ سەر کوردەکان، ئەمساڵی کردووەتە ساڵێکی چارەنووسساز. لەم نێوەدا، تەنیا ئەو کاتە دەتوانرێت کە یاد و بیرەوەری کۆماری کوردستان بەرزڕابگیرێت، کە بە تێکۆشانی بێ وچان و یەکڕیزی زیاتر لە جارانی گەلەکەمان بەرپەرچی سەرجەم هێرشە قڕکارییەکان بدەینەوە. ئەوەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بەشێوەی جیاجیا لەئارادایە، شەڕێکی کۆمەڵکوژیە، نەک پێکدادانێکی ئاسایی. بەرەنگاربوونەوەی دوژمن لە بواری پاراستنی رەوا تا بەرزکردنەوەی ئاستی دەستکەوتەکانی هەڵقوڵاوی ئەزمونە سیاسی-دیموکراتیکەکان، تاکە رێگە پەرەپێدان و گوڕدان بە تێکۆسانە لە سەرجەم بوار و رەهەندەکان بە شێوەی هەمەلایەنە. بێدەنگی بەرامبەر دەستدرێژییەکانی دوژمنان بێگومان هەبوونی گەلەکەمان و سەرجەم ئەو دەستکەوتانەی گەلەکەمان کە لە کۆماری کوردستانەوە تا ئەمرۆ بەدەستهاتوون، دەخاتە مەترسیەوە. هەموو هەوڵی دوژمنان بۆ ئەوەیە کە بە پچڕاندنی رەوتی یەکگرتوویی نەتەوەیی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ئاستی بەهێزبوونی گیانی تێکۆشان بۆ رزگاربوون لە کۆمەڵکوژی لاواز و سست بکەن. بە دڵنیاییەوە دوێنێ لە بەرامبەر ئەزمونی کۆماری کوردستان و ئەمڕۆش لە بەرامبەر جوڵانەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دەستوەردانی هەندێک دەوڵەتی هەژموونگەرا و پیلانگێڕ بۆ هاوکاریکردنی دوژمنانی گەلەکەمان لەئارادایە. هەربۆیە لە هەناوی تێکۆشانی گەلەکەمان لەمرۆدا، لەسایەی پتەوکردن و بەهێزکردنی رۆحی تێکۆشاندا، مێژووی دوێنێی کۆماری کوردستان حەشاردراوە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە گەلەکەمان، ئازادیخوازان و ژنان بە بۆنەی ٧٨ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنی جزیرە، داوا لە سەرجەم گەلەکەمان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، کە بەرامبەر مەترسیە روو لەهەڵکشانەکانی دوژمن ئاگادار و وشیار بن لەمرۆدا ئامادەیی پڕ جۆش و خرۆش و شۆڕشگێڕانەی گەلەکەمان لە گۆڕەپانەکان دەتوانێت بەوپەڕی هێزەوە سەرجەم پلان و سیاسەتەکانی دوژمن بۆ درێژەدان بە کۆمەڵکوژی و جینۆساید پوچەڵ بکاتەوە. کۆماری کوردستان لە ٧٨ ساڵ بەر لەئێستا و خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و قەوارەی باشووری کوردستان دەرەنجامی یەکڕیزی گەلی کورد بوون و دەبێت ئەم شێوازە لە تێکۆشان بەهێزتر بکرێت".

هـ . ب