پەژاك و كۆدار: شەنگاڵ تەنیا بەهێزی پاراستنی خۆیی و خۆبەرێوەبەری دەتوانێت خاوەنداریەتی لەخۆی بكات

لەراگەیەندراوێكی هاوبەشی كۆدار و پەژاكدا هاتووە؛ دەستبەرداربوونی لەئێرادەی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و كەلتوری بەدەست بیانیەكانەوە و بەتەنیا هێشتنەوەی گەلەكەمان لەشەنگاڵ، مەترسی لەسەر هەموو گەلانی ناوچەكە بەهێزتر دەكات.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك" و "كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"كۆدار" بەبۆنەی ساڵرۆژی كۆمەڵكۆژی ٢٠١٤ی سەر گەلەكەمان"ئێزیدیان"، جەختی لەسەر بەفەرمی ناسینی خۆبەرێوەبەری دیموكراتی شەنگاڵ دەكەن و دەڵێن:"خۆبەرێوەبەری شەنگاڵ بەئەندازەی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا و باكوری سوریا بۆ كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین گرنگ و ژیانییە و نەقەبوڵكردنی ئەو خۆبەرێوەبەریە و نەیاریەتی كردنی هاوشێوەی سەدساڵی رابردوو تەنیا دەكەوێـتە خزمەت و بەجینۆسایدی داگیركەرێكی وەكو دەوڵەتی توركەوە.

پەژاك و كۆدار لەراگەیەندراوە هاوبەشەكەیاندا دەڵێن:"ئازادی ئێزیدیەكانی شەنگاڵ وخۆبەرێوەبەری گەلەكەمان لەو هەرێمە، لەسەدەی ئێستاكە لەو قەرزە گەورانەیە لەئەستۆی هەموو گەلی كورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازكەیەتی. لەسەر ناوی"پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك" و "كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"كۆدار"، لەهەشتەمین ساڵرۆژی كۆمەڵكۆژی شەنگاڵ، سەرەڕای شەرمەزاركردنی هێرشەكانی چەتەكانی داعش و هاوكاروهاوبیرەكانی ئەو گروپە چەتەیە، پشیتوانی خۆمان لەخۆبەرێوەبەری شەنگاڵ و گەلەكەمان رادەگەینین و دەڵێن؛ شەنگاڵ و ئێزیدیان، ئەمانەتێكن لەدەستی گەلی كورددا.

لەبەردەوامی راگەیەندراوەكەی پەژاك و كۆداردا هاتووە؛ هێرشی داعش بۆ سەر شەنگاڵ هاوكات بوو لەگەڵ خیانەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق"پەدەكە" بەهێشتنەوەی خەڵكی بێ پاراستنی ئێزیدی و هەڵهاتن لەشەنگاڵ و لەهەمانكاتدا پشتیوانیەكانی دەوڵەت و ئەرتەشی داگیركەری تورك لەو هێرش و كۆمەڵكۆژیانە لەپاڵ بێ دەنگی دژە مرۆیی هێزە جیهانی و هەرێمیەكان، بوونە هۆكاری 73هەمین فەرمانی كۆمەڵكۆژی مێژوویی لەسەر ئێزیدیەكان.

گەلەكەمان"ئێزیدیەكان" لەشنگاڵ بەدرێژایی مێژوو هیچ زەرەر و زیانێكی بچووكیان بۆ سەر گەل و وڵاتێكی تر نەبووە و لەلووتكەی زۆڵملێكراواندا تەنیا لەهەوڵی پاراستنی هەبوونی خۆی لەبەرامبەر بەكۆمەڵكۆژیەكان بووە و لەگەڵ هیچ دین و مەزهەب و گەلێكدا شەڕی نەكردوە. گەلەكەمان لەو هەرێمە بەراستی سیمبۆل و شۆناسی مێژوویی گەلی كورد و پارێزوانی راستەقینەی كەلتوری هەزاران ساڵەیە كە رێگەی نەداوە لەناو بچێت. رۆڵی گەلەكەمان لەشەنگاڵ و باوەڕەكەی لەپاراستنی هەبوونی گەلی كورددا تا ئەمڕۆكە گەورەیە و ئینكار ناكرێت.

پەژاك و كۆدار لەبەردەوامی راگەیەندراوەكەیاندا دەڵێن؛ وەكو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك" و "كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"كۆدار"، سەرەڕای شەرمەزاركردنی كۆمەڵكۆژی شەنگاڵ و هاوبیر و هاوكارانی ئەو گروپە چەتەیە، پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆمان لەخۆبەرێوەبەری دیموكراتیك رادەگەیەنین.

ف.ق