قەرەیلان: زاپ دەکەینە قەڵای سەرکەوتن

قەرەیلان شەڕی زاپ و ئاڤاشینی بە شەڕێکی نەتەوەیی وەسفکرد، کە ئایندەی گەلی ناوچەکە دیاری دەکات. قەرەیلان وتیشی: "دوژمن ئێستا بە بنبەست گەیشتووە، بۆیە هەر چییەکی لە دەست بێت ئەنجامی دەدات".

قەرەیلان شەڕی زاپ و ئاڤاشینی بە شەڕێکی نەتەوەیی وەسفکرد، کە ئایندەی گەلی ناوچەکە دیاری دەکات. قەرەیلان وتیشی: "دوژمن ئێستا بە بنبەست گەیشتووە، بۆیە هەر چییەکی لە دەست بێت ئەنجامی دەدات".

قەرەیلان ڕایگەیاند، گەریلاکان لە زاپ و ئاڤاشین ماوەی ١٥ ڕۆژە بەرخۆدانێکی شایستە و هێژایان ئەنجام داوە و وتی: "هیچ دۆزێک لە دۆزی ئازادیی گەلی کورد دۆزێکی مافدارتر نییە. هەر گەریلایەک وەک شێرێک بەرامبەر بە دوژمن دەوەستێتەوە. ئێمە بڕوامان بە عەقڵ و ڕێگا و ڕێبازەکانی خۆمان هەیە. ئێمە بە ڕوانگەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بڕوامان هەیە و پێی پشت قایمین. بەو بڕوا و بڕیارەوە لە دژی دوژمن دەجەنگین. دوژمنیش دەیەوێت بە رێگا و شێوازی نائەخلاقانە ئەنجام بەدەست بهێنێت، بۆیە سەرکەوتن بۆ  دوژمن نابێت، بەڵکو بۆ ئێمە دەبێت، سەرکەوتن بۆ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەبێت"

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل لە ڕادیۆی دەنگی وڵات هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک و بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کرد.

ئێمە ڕۆژی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکاران و زەحمەتکێشانمان تێپەڕاند. هاوکات مانگی ئایار مانگی شەهیدانە. ئێوە دەتانەوێت لەسەر ئەم مانگە چی بڵێن؟

پێش هەموو شتێک ١ی ئایار  ڕۆژی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و هەموان پیرۆز دەکەم. ١ی ئایار ڕۆژی پێشکەوتن و گەشەکردنی تێکۆشان و بەرخۆدانە، بەم بۆنەیەوە سڵاو لە هەموو بەرگریکاران و بەرەنگاران دەکەم.

لە هەمان کاتدا جەژنی ڕەمەزان لە گەلەکەمان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەم. بە تایبەتی پیرۆزبایی لە دایکان و باوکانی شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەم و دەستیان ماچ دەکەم. لە هەمان کاتدا ئەم ڕۆژانەش ڕۆژانی یادی شەهیدانمانە. لەو بڕوایەداین  جەژنەکانی داهاتوو لە کوردستان لە دۆخێکی ئازاددا پیرۆز دەکرێن. ئەمڕۆ جەژنە، بەڵام لە وڵاتەکەمان دا زوڵم، کوشتار، کوشتن،  دەستگیرکردن و زیندانیکردن هەیە. واتە دوژمنان هێرش دەکەن. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە هۆ و ئامرازی یەکگرتن بۆ گەلەکەمان.

ئێمە چووینەتە ناو مانگێکی پیرۆزەوە. هەم جەژنی کرێکاران و زەحمەتکێشان، هەم جەژنی جیهانی ئیسلامی و هەم مانگی شەهیدانە. ١ی ئایار ساڵیادی شەهیدبوونی ڕەمەزان کاپڵان- ە، کە لە خەرزان شەهید بوو، عەبدولقادر چوبوکچو، کە لە بەیروت شەهید بوو. ٢ی ئایار ساڵیادی شەهیدبوونی یەکەمین فەرماندەمان محەمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگینە، ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندەکانمان لە ناوچەی ئامەد ئازاد سیسەر و چاکدار ئامەدە.

ئێمە لەسەر ڕێگای شەهیدان دەستمان بە هەڵمەت کردووە

لە مانگی ئایاردا چەندین شەهیدی ئازادی و دیموکراسی لە تورکیا شەهید بوون. دەنیز گەزمیش لە ٦ی ئایار شەهید بوو، ئیبراهیم کایپاکایا لە ١٨ی ئایار شەهید بوو. لە ١٧ی ئایاردا بە پێشەنگایەتیی فەرهاد کورتای چالاکیی 'چوارکەسەکە' ئەنجامدرا. لە ١٨ی ئایاردا، یەکەم شەهیدمان حەقی قەرار شەهید بوو. لەکەسایەتیی ئەم هەڤاڵانەدا بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی مانگی ئایار دەکەمەوە. حیزبەکەمان حیزبی شەهیدانە. ئەم بزووتنەوەیە، ئەم حیزبە لە سایەی شەهیداندا بەم ئاستەى ئێستا گەیشتووە. پەکەکە دوای شەهیدبوونی هەڤاڵ حەقی قەرار دامەزرێنرا و هەر شەهیدێک ئەم حیزبەى بەهێزتر کرد. شەهید سەرچاوەی هێز و تێکۆشانمانە. ئەم ڕاستییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. بزووتنەوەکەمان لەسەر رێگای شەهیدان چەندین هەڵمەتی بەڕێوەبردووە و گەیشتووەتە ئەم ئاستەى ئێستا.

٢ی ئایار ٣٩هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی محەمەد قەرەسونگورە. هەروەها ٢ی ئایار ڕۆژی شەهیدبوونی ئازاد سیسەر و چەکدار ئامەدە. محەمەد قەرەسونگور، یەکێک لە یەکەم فەرماندەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بوو، کە پێشەنگایەتیی بەرخۆدانی حیلوان و سێوەرەگی کرد. هاوکات هەوڵی زۆری دا بۆ بنیاتنانی یەکێتیی نەتەوەیی و کۆتاییهێنان بەناکۆکییەکانی نێوان کورد. لە کاتی کارکردن و هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئەو ئامانجە لەگەڵ هەڤاڵ ئیبراهیم شەهید بوو.

هاوڕێیانی محەمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگین ٣٩ ساڵ لەمەوبەر هەوڵیان دا بۆ بنیاتنانی یەکێتیی نەتەوەیی، کە ئەمڕۆش گەلی ئێمە پێویستی پێیەتی. بۆ ئەوەش جارێکی تر بانگەوازی دامەزراندنی یەکێتیی نەتەوەیی دەکەم، دەبێت هەموو کەسێک لەم بوارەدا بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکات و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. لە کەسایەتی هاوڕێ محەمەد قەرەسونگوردا جارێکی تر بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئایار و شەهیدانی شۆڕشی کوردستان دەکەمەوە. ئەو بەڵێنە دووپات دەکەمەوە، کە پێمان دابوون، ئێمە تاوەکو دوا هەناسە دڵسۆز و وەفاداری رێگاکەیان دەبین.

ساڵی کۆتایی ئاکەپە

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە. تۆ پێشتر وتت، ئەم شەڕە بۆ هەر دولا شەڕی مان و نەمانە، ئەو شەڕە ماوەی ١٥ رۆژە بەردەوامە، ئێستا ئەو شەڕە لە چ ئاستێکدایە؟

دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە دەسەڵاتێکی ئاسایی نییە. ئەم حکومەتە بۆ تێکشکاندنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دامەزراوە. هەبوون و پێگەی گەلی کورد بە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتی تورک دەزانێت، بۆیە دەیەوێت پەکەکە و گەلی کورد لەناوببات. حکومەت ئەمە بەئەرکی خۆی دەزانێت. لەبەر ئەوە ماوەی ٧ ساڵە شەڕێکی گشتیی هەمەلایەنەی لە دژی ئێمە دەستپێکردووە.

شەڕەکە بە قورسکردن و چڕکردنەوەی گۆشەگیری لە ئیمراڵی دەستیپێکرد. بەزیادکردنی زوڵم و ستەم لە زیندانەکاندا بەردەوامییان پێدا. هەروەها لە دژی گەلەکەمان، لە دژی تێکۆشەرانی سیاسەتی دیموکراتیک لە تورکیا بە سیاسەتێکی گەورەی هێرشبەرانە دەستیان بە پەلاماردانکرد. هاوکات ئاکەپە - مەهەپە هەموو ناوچەیەکدا هێرشی گەورەیان لە دژی گەریلا دەستپێکرد، بەڵام بەو هەموو هێرش و گوشارانەشەوە نەیتوانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت. بۆیە تووشی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی بووە. وەک دەزانرێت، ساڵی پار ویستی بە هێرشکردنە سەر گارە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام بە بەرخۆدانی گەریلا شکستیان هێنا.

ئێستا بە هێرشکردنە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەیانەوێت ئەو ئامانجە بەدەست بهێنن، کە ساڵی ڕابردوو نەیانتوانی بە دەستی بهێنن. ئەوان تەنها ئەمساڵیان بە دەستەوە ماوە، ئەمە کۆتا ساڵە بۆ ئەم حکومەتە. ئەگەر لەو هێرشانەی دژ بە ئێمە سەربکەون، ئەوا لە دژی گەلی کورد سەردەکەون، دەسەڵاتی خۆیان هەمیشەیی دەکەن، بەڵام ئەگەر شکستیان هێنا ئەوە لەناو دەچن. بۆیە ئەم دۆخە بۆ ئەوان دۆخی مان و نەمانە.

بەتایبەتی ئەو دۆخە بۆ ئەردۆغان و باخچەلی بەو شێوەیەیە. ئەوان بۆ ئەوەى سەربکەون چییان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن. ئەگەر سەربکەون نەک تەنها پەکەکە لەناودەبەن، بەڵکو دەستکەوتەکانی گەلی کوردیش لەناودەبەن. مەترسییەکی گەورە لەسەر گەلی کورد دروست دەبێت و سیاسەتی جینۆساید لە کوردستان سەردەکەوێت، بۆیە ئێمە بۆ هەردوولامان وت، کە ئەمە شەڕی مان و نەمانە. شەڕی زاپ شەڕێکی نەتەوەییە لە ئاڤاشین، ئەو شەڕەیە، کە ئایندەی گەلەکەمان و گەلی ناوچەکە دیاری دەکات. ئەگەر دوژمن لە دژی ئێمە سەربکەوێت سیاسەتی فاشیزم و جینۆساید لە کوردستان زاڵ دەبێت و پرۆسەیەکی تاریک باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت.

بەڵێنێكی ژێربەژێریان بەكوردانی هاوكاریان داوە

چ جیاوازیەك لەنێوان ئەم هێرشەی دەوڵەتی توركی داگیركەر و هێرشەکانی پێشوودا هەیە؟ لەهێرشانەكاندا زیاتر چە تاكتیكێك بەكاردێنن؟

ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی داگیركەران جیاوازیەكی خۆی هەیە. دۆژمن ساڵی پاریش بەهەمان ئامانج دەستی بەهێرش كرد، بەڵام گەیشتە بن بەست. ئەمساڵ هەندێك گۆڕانكاریان كردوە و دەیانەوێت هەندێ ئەنجام بەدەست بهێنن. دۆژمن لەم ئۆپەراسیۆنی دواییدا هەم باش تەكنیك بەكاردێنێ و هەمیش بۆ ئەوەی پشتگیریەكی بەهێزتر لەهێزە دەرەكیەكان وەربگرێت، ئامادەكاری باشی كردوە. لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە هێڵی خیانەتی لەنێو كوردان باشتر ئاكتیڤ كردووە. لەم چوارچێوەیەدا بۆ ئەوەی بتوانێت لەلای باشوورەوە پەلاماری گەریلا بدات لەگەڵ پەدەكە هەندێ چاوپێكەوتنیان ئەنجامداوە و هەندێ بەڵێنی ژێربەژێریان بە پەدەكە داوە. پەدەكەش بۆ دۆژمن ئامادەكاری كرد. پیلانی دۆژمن ئەوە بوو كە گەریلا لەزاپ گەمارو بدات و بەمشێوەیەش سەربكەوێت.

چەتەكانی پاش ماوەی داعش و جاشەكانیش بەشداری پێ دەكەن

هێڵی خیانەتی كورد بەتەنیا لەباشور نا، بەڵكۆ ویستیان لەباكوریش ئەم هێڵە چالاك بكەن و بەشداری ئۆپەراسیۆنیان پێ بكەن. جاشەكانیان لەكوردستان كۆكردەوە و هەموویان بەشداری ئۆپەراسیۆن دەكەن. هەروەها ئەو چەتانەی پاش ماوەی داعش بەتایبەتی ئەو چەتانەی بەرەچەڵەك تۆركمەنن بەشداری پێ دەكەن. بەرێگەی تەكنەلۆجیای هەرە پێشكەوتوو، بەهاوكاری كوردی نۆكەر، بەتایبەتیش بەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەیانەوێت ئەنجام بەدەست بهێنن. ساڵی رابردووش بەهەمان رێ و رێباز هێرشیان كرد، بەڵام ئەمساڵ دەیانەوێت لە هێڵی خیانەتی كورد باشترین قازانج بكەن. هاوكات حیسابی ئەوەش دەكەن لەناوخۆی كوردان شەڕێك هەڵگیرسێنن و لەم چوارچێوەیەشدا دەیانەوێت هەندێ ئەنجام بەدەست بخەن.

دەستوەردانی گەریلا پێش لەپلانی دۆژمن گرت

باس لەوە دەكرێت كە هێرشی دۆژمن لە ١٧ی نیساندا دەستی پێ كردوە، بەڵام لەبنەمادا هێرش لە ١٤ی نیسانەوە دەستی پێ كردوە. لە ١٤ی نیساندا بەرێگەی فرۆكە، ئۆبۆس و هاوەن دەستیان بەهێرش كرد. پاشانیش سەرلەئێوارەی ١٧ی نیسان لەكاتژمێر ٨:٣٠ ویستیان بەرێگەی هەلیكۆپتەر سەربازەكانیان لەزاپ و زۆر شوێنی تر دابەزێنن. ویستیان لە ٩ بۆ ١٠ شوێن لەیەك كاتدا سەربازانیان دابەزێنن بۆ ئەوەی سەر لەگەریلا بشێوێنن. بەم تاكتیكە و بەم رەوشە ویستیان هەرێمەكە داگیر بكەن. واتا پلانیان كرد لەماوەی رۆژێكدا لەو هەرێمانە بەجێ ببن. بەڵام لەبەرامبەر بەوان گەریلای فیدایی كوردستان راوەستابوون. لەزاپ و ئاڤاشین گەریلا بەفیداكاری و بەئاگایی لەدۆژمن هاتنە دەست و ئەم دەستوەشاندنەی گەریلاش جێگای پێزانینە. هەڤاڵان قارەمانیەتیەكی مەزنیان نواند. هەڤاڵان لەو ٥-٦  رۆژەدا لەهەر هەرێمێك كە دۆژمن ویستی سەرباز دابەزێنن لەدۆژمنیان خست، پێش بەدۆژمنیان گرت و سینە بەسینە لەگەڵ دۆژمندا شەڕیان كرد. ئەگەر هەڤاڵان لەكات و شوێنی خویدا دەستێوەردانیان نەكردبا ئەوا دۆژمن دەیتوانی خوی بگەێنیتە هەندێ شوێنی ستراتیژی و سەركەوتنی بەدەست بهێنایە. بەڵام هۆشیاری هەڤاڵان و وڵامدانەوەی فیدایانە و قارەمانانە و زیرەكی رێگە لەپلانی دۆژمنان گرت و پلانەكەیان پۆچەڵ كردنەوە..

شەڕێكی مەزن بەرێوە دەچێت

دۆژمن نەیتوانی سەربازانی خۆی لەزۆر شوێندا دابەزێنێت. راستە لەهەندێ شوێندا سەربازیان دابەزاند، بەڵام ئەوەش دوای پێنج، شەش رۆژ لەهێرش و پێكدادانی قورس پێكهاتووە و ئێستاكەش لەوێدا چەقیووە. وەكو نموونە، ئەو سەربازانەی لەكۆرەژارۆ دابەزیووەن، ئێستا زۆر تەنگاوبوونە و زۆر زەحمەتی دەكێشن. دۆژمن ویستی لەپێدەشتی شێڵادزێەوە سەربازانی لەوێدا رزگار بكات. كۆژراوێكی زۆریانداوە. شەڕێكی مەزن بەرێوە دەچێت. دۆژمن بەفرۆكە، هەلیكۆپتەر و ئۆبۆس و بەبەكارهێنانی هەموو چەكێك لەئاسمان و زەوییەوە هێرشی كرد. لەلای باكوریشەوە بەرێگەی زەمینی هێرشیان كرد. بەمشێوەیە ویستیان هەڤاڵان چاوترسن بكەن و لەو قەرەباڵغیەدا ئەنجام بەدەستبهێنن. بەڵام هەڤاڵانمان بەقارەمانیەتی و ئێرادەیەكی مەزنەوە بەزیرەكی وەڵامی هێرشەكانیان دایەوە و دۆژمنیان تێكۆپێكدا. لەم شەڕەدا كە نزیكەی پانزدە رۆژە بەردەوامە، گەریلاكانی ئازادی كوردستان سەركەوتنی مەزنیان قازانج كردوە.

بەم بۆنەوە و لەرێگەی ئێوەوە، ئەو هەڤاڵە فیدایانە لەزاپ و ئاڤاشین بەدڵ و گیان سڵاو دەكەم. بەبۆنەی ئەو بەرخۆدانیەی دەینوێنن، پیرۆزبایی لەهەمووتان دەكەم. گەلەكەشمان دەبێت پیرۆزبایی لەو قارەمانانە بكەن. چونكە رێگەیان لەپێش مەترسی گەورە گرتووە و رێگەیان بەدۆژمن نەداوە، ئەنجام بەدەست بهێنن.

 ئەو هەڤاڵانەی لەم بەرخۆدانەدا، بەقارەمانیەتی بەرخۆدانیان نواند و شەهید بووون بەرێز و حۆرمەتەوە بەبیردێنمەوە و جارێكی تر سۆز و بەڵێنی خۆمانیان بۆ دووپات دەكەینەوە كە خوێنیان بەفیرۆ نەدەین. خاوەنداری لەبیرەوەریەكانیان و بكەین و توڵەیان بستێنینەوە. گۆڕەپانی زاپ بكەینە قەڵای  بەرخۆدان و سەركەوتن. بەمشێوەیەش توڵەی خۆمان لەدۆژمن وەربگرین.

ئەردۆغان مردنی بەسەدان سەربازی لەپێش چاو داناوە

دۆژمن تا ئێستاكە نەیتوانیووە بەهیچ شێوەیەك بكەوێتە ناو گۆڕەپانەكان. لێدوانەكانی وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورك هەموو درۆن و هیچ راستیەكیان نیە. كۆژراوێكی زۆریانداوە. بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی كە هەڤاڵانمان ئاشكرایان كردوە و بەو ئەندازەی كە ئێمە چاودێریمان كردوە، نزیكەی ٣٠٠ كۆژراویانداوە. ئاشكرایە كە ئەردۆغان و باخچەلی مردنی بەسەدان و بەهەزاران سەربازیان لەپێش چاویان داناوە. وەكو نموونە، دەیانەوێت سەربازانیان دابەزێنن، بەڵام ناتوانن و هەلیكۆپتەرەكانیان دەگەڕێنەوە. پاش كاتژمێرێك، دوو كاتژمێر هەوڵدەدەن سەرباز دابەزێنن، هەڤاڵان دەستیان لێدەكەنەوە و ناتوانن سەرباز دانن. ئەو سەربازانە بەهۆی ئەوەی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ بنكەكانی خۆشیان لەو نێوەدا دەمێننەوە. واتا بەسەربازەكان دەڵێن، یا مردن یا ئەوەتا خۆتان بەجێ بكەن. گەڕانەوەیان بۆ نییە.

بۆ شاردنەوەی پیسیەكانیان...

منداڵانی گەلانی توركیا لەنێودا ئاشكرایە كە منداڵی كوردانیش هەن، لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بەرەو مردن پاڵیان پێوە دەنن. بۆ ئەوەی دەسەڵاتداریەتیان بەردەوام بكات، بۆ ئەوەی پیسایەكانیان بشارنەوە، منداڵانی گەل بەرەو مردن پاڵیان پێوە دەنن. لەپێش كامێراكاندا دەردەكەون و درۆ دەدەنە خواردنی گەل. تا ئێستا تەنیا دە كۆژراوی خۆیان ئاشكرا كردوە، بەڵام رەوش نەوەهایە. كۆژراوێكی زۆریان داوە. بۆ گەلانی توركیا تەنانەت ووتنێكی راست چییە، ناڵێن. شەڕێكی جددی بەرێوە دەچێ و لەم شەڕەشدا كۆژراوێكی زۆر دەدەن، لەبەر ئەوەش سەرلەنوێ دەستیان بەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی كردوە.

شه‌ڕێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت

دوژمن ئێستا كۆتایی هاتووه‌، به‌ڵام باری هه‌ڤاڵانیش سوك نیه‌. ئێمه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك ده‌بێت پشتیوانی بۆ قاره‌مانانمان له‌ زاپ ده‌رببڕین. گه‌له‌كه‌مان، هه‌ڤاڵانمان هه‌موویان، له‌ ته‌واوی ویلایه‌ته‌كانی كوردستان، هه‌موو كه‌س ده‌بێت رۆڵی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن. شه‌ڕێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو كه‌س هه‌موو شتێك بكات.

له‌و شه‌ڕه‌دا هه‌ڤاڵانی ئێمه‌ شه‌هیدبوون. ئێمه‌ زانیاری له‌ باره‌ی ناسنامه‌ی شه‌هیانمانه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ین، به‌ڵام هه‌ندێك شه‌هیدیشمان هه‌یه‌ كه‌ نه‌مانتوانیوه‌ ناو و ناسنامه‌كه‌ی روون بكه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌كان كه‌ شه‌هیدبوون ئاشكرا ده‌كه‌ین، با گه‌له‌كه‌مان له‌و باره‌وه‌ گومانیان نه‌بێت. ئێمه‌ هه‌رگیز زیانه‌ گیانییه‌كانی خۆمان ناشارینه‌وه‌. ئێمه‌ له‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌داین و له‌م شه‌ڕه‌دا سه‌ره‌تا گه‌له‌كه‌مان ده‌بێت ته‌واوی جیهان ببینێت كه‌ ئێمه‌ چۆن قوربانی ده‌ده‌ین. هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه‌ زیانه‌ گیانییه‌كانمان ناشارینه‌وه‌. شه‌هیدانمان شكۆی ئێمه‌ن. ئێمه‌ به‌رامبه‌ر دوژمنێكی به‌و جۆره‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و دوژمنه‌ پشتگیری له‌ هێزه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان وه‌رده‌گرێت و به‌ چه‌ك و نوێترین ته‌كنه‌لۆژیا شه‌ڕ ده‌كات. ئه‌و كاره‌ ئاسان نییه‌، بێگومان شه‌هیدمان هه‌یه‌. له‌ ماوه‌ی داهاتوودا ئێمه‌ زانیاری له‌سه‌ر ناسنامه‌ی ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی ترمان كه‌ شه‌هیدبوون ئاشكرا ده‌كه‌ین.

له‌ دژی ئه‌و هێرشانه‌، گۆڕانكاری چۆن به‌سه‌ر تاكتیكی گه‌ریلادا هات؟ له‌ دژی هێرشێكی به‌و راده‌یه‌ گه‌وره‌ گه‌ریلا به‌ چ شێوه‌یه‌ك خۆڕاگری ده‌كات و چۆن چالاكی به‌و جۆره‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌نجام ده‌دات؟

گه‌ریلاكانی ئازادی كوردستان له‌ ناو شه‌ڕدا خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ قوڵاییه‌ك. خۆی له‌ خۆیدا ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ نه‌بووایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مووه‌ هێرشه‌ دژواره‌ كه‌س نه‌یده‌توانی خۆڕاگری بكات. ئه‌و گه‌ریلایانه‌ی به‌ ئایدۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ ده‌جوڵێنه‌وه‌، به‌ بڕوا و بوێرییه‌كی گه‌وره‌وه‌ خۆڕاگری ده‌كه‌ن. بێگومان شه‌ڕ ته‌نیا به‌ بوێری، بڕوا و ئیراده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ نابردرێت. له‌ هه‌مان كات له‌ ناو شه‌ڕدا قوڵاییه‌ك هه‌یه‌، له‌ تاكتیكه‌كاندا ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌.له‌و بابه‌ته‌دا هه‌ڤالان به‌ره‌وپێشچوون. به‌ شێوازه‌كانی پسپۆڕی و پرۆفیشناڵی شه‌ڕ ده‌كه‌ن. به‌تایبه‌تی ئه‌زمونه‌كانی پاره‌كه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگ بوون. له‌ شه‌ڕی ساڵ ٢٠٢٠دا له‌ هه‌فتانین و پار له‌ ئاڤاشین، زاپ، مه‌تینا، زه‌ندورا، مامڕه‌شۆ، شاخه‌سور، وه‌رخه‌لێ له‌ شه‌ڕدا زۆر ئه‌زمون به‌ده‌ستهێنران. هه‌ڤاڵانمان له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ئه‌زمونانه‌ گه‌یشتنه‌ ئاستێك و به‌و جۆره‌ به‌رامبه‌ر به‌ دوژمن خۆڕاگری ده‌كه‌ن.

ئێستا كیمیایی به‌ كارده‌هێنرێت

شێواز و تاكتیكی هه‌ڤاڵانمان له‌ شه‌ڕی گه‌ریلادا له‌ جیهان نوێگه‌ری سازكرد. گه‌ریلا نه‌ك هه‌ر بۆ كوردستان بۆ ته‌واوی جیهان شێواز و تاكتیكی نمونه‌یی ده‌خوڵقێنێت. واته‌ شه‌ڕ به‌ شێوه‌یه‌كی تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت. به‌ تاكتیك و شێوازی ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌ بڕوا، ویست و خاوه‌ن بڕیاربوون به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ ته‌واوكاری یه‌كترن، گه‌ریلا ده‌توانێت به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ دڕندانه‌ خۆڕاگری بكات. دوژمن ئێستا چه‌كی كیمیایی به‌كارده‌هێنێت. خۆی له‌ خۆیدا ئه‌گه‌ر چه‌كی كیمیایی به‌كارنه‌هێنایه‌ له‌ جێدا له‌ به‌رامبه‌ر گه‌ریلا شكستی ده‌هێنا. له‌ كوێ كیمیایی به‌كارهێنا له‌وێ گه‌ل ناچار بوو هه‌ڵبێت. سه‌ربازانیش له‌وێ نه‌یانتوانی بمێننه‌وه‌. به‌ڵام چه‌كی كیمیایی بۆ دوژمن له‌ ئێستادا رێگه‌ چاره‌ نییه‌. بێگومان ده‌بێت ئێمه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ بوه‌ستینه‌وه‌، شتێكی مرۆڤانه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌ دژی دوژمن له‌ ناو گه‌ریلاكانی ئازادیدا پێرفۆرمانسێك خوڵقاوه‌. گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك. ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو كوردان شكۆیه‌. له‌ دژی سوپایه‌ك كه‌ خۆی وه‌ك دووه‌م گه‌وره‌ترین سوپای ناتۆ پێناسه‌ ده‌كات، به‌رخودانێكی به‌و جۆره‌ شتێكی ساكار و ئاسایی نییه‌.

بڕوای به‌ ته‌كنه‌لۆژیا و هێڵی هاوكاری كوردان هه‌یه‌

ده‌ڵێن، گه‌ریلا به‌لایه‌نی زۆره‌وه‌ چه‌ند رۆژ ده‌توانێت خۆڕاگری بكات. نا، به‌و جۆره‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر له‌م گۆڕه‌پانه‌ هێزێك له‌ ناو بچێت، ئه‌وه‌ گه‌ریلا نییه‌، ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ره‌، سه‌ربازانی توركن. به‌رخودانی گه‌ریلا، ئازایه‌تی گه‌ریلا، شێواز و رێچكه‌ی گه‌ریلا بنه‌مای سه‌ركه‌وتنه‌. دوژمن ئێستا زیاتر له‌ هه‌موو شت بڕوای به‌ هێزی ته‌كنه‌لۆژیای خۆی هه‌یه‌ و پشتی به‌ هێڵی هاوكاری و كلكایه‌تی كورد به‌ستووه‌. ئیراده‌ی شه‌ڕی نییه‌، چه‌ته‌ و جاشه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ و له‌ ئۆپراسیۆنه‌كاندا به‌شدارییان پێده‌كات. به‌و جۆره‌ ده‌یه‌وێت ئه‌نجام به‌ده‌ستبهێنێت. به‌ڵام ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ دۆزێكی ره‌وا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌قین. هیچ دۆزێكی ره‌واتر له‌ دۆزی ئازادی گه‌لی كورد بوونی نییه‌. ئێمه‌ بۆ هه‌بوون، زمان و نه‌ته‌وه‌ی خۆمان تێده‌كۆشین. فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ و شه‌هیدانمان بۆ ئێمه‌ سه‌رچاوه‌ی هێزن. هه‌موو هه‌ڤاڵێك به‌و بڕوایه‌وه‌ تێده‌كۆشێت. هه‌موو گه‌ریلایه‌ك وه‌ك شێر له‌ دژی دوژمن ده‌جه‌نگن. هه‌موو هه‌ڤاڵان ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه‌. هه‌ر وه‌ها بڕوایان به‌ ژیری خۆیان، به‌ رێباز و شێوازی خۆیان هه‌یه‌. به‌و بڕوا و خاوه‌ن بڕیاریه‌ له‌ دژی دوژمن شه‌ڕ ده‌كه‌ن. به‌ڵام دوژمن به‌ شێواز و رێبازی بێ ئه‌خلاقانه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌ ئه‌نجام. هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ركه‌وتن بۆ دوژمن نابێت، بۆ گه‌ریلاكانی ئازادی كوردستان ده‌بێت.

رۆڵی تیمی گه‌ریلای گه‌ڕۆك له‌م شه‌ڕه‌دا چییه‌؟

تیمی گه‌ڕۆكی گه‌ریلاكانی ئازادی كوردستان هه‌موو رێچكه‌ و رێبازی خۆیان ده‌پارێزن و شه‌ڕ ده‌كه‌ن. رۆڵی تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كان گرینگه‌. چالاكی زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌یان كردووه‌. واته‌ هێزێكی بچوك ده‌توانێك گورزی گه‌وره‌ له‌ دوژمن بدات. ده‌توانێت له‌ دڵی دوژمن بدات.رێچكه‌ی و شێوازی تیمی گه‌ڕۆك ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی تێدا نه‌كرێت، هه‌ڤاڵان ده‌توانن گورزی قورستر له‌ دوژمن بده‌ن. نه‌ك هه‌ر تیمێك، به‌ شێوه‌یه‌كی رێكخراو چه‌ند تیم ده‌توانن پێكه‌وه‌ بجوڵێنه‌وه‌. بێگومان پێكه‌وه‌، تیم به‌ شێوه‌ی جیایا ده‌توانن بجوڵێنه‌وه‌. ئێمه‌ شێواز و رێچكه‌ی نوێ ده‌خوڵقێنین. شێوازی تیمی گه‌ڕۆك ته‌كنه‌لۆژژیای دوژمن تێكده‌دات. رۆڵێكی گرنگی به‌و جۆره‌ی هه‌یه‌.

باری سه‌ر شانی هه‌ڤاڵان زۆر قورسه‌، ئاگاداری ئه‌وه‌ین. به‌ڵام ده‌بێت هه‌ڤاڵان بزانن كه‌ رۆڵێكی مێژووییان له‌ ئه‌ستۆیه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ پشوودرێژی، به‌ پلان، به‌ ژیری مامه‌ڵه‌ بكه‌ن. له‌ بابه‌تی شێواز و رێبازدا قوڵببنه‌وه‌ كه‌ به‌ خوێنی شه‌هیدان دروست كراون. هه‌ڤاڵان ده‌توانن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ستراتیژه‌ شكست به‌ دوژمن بهێنن، ستراتیژی شۆڕش سه‌ربخه‌ن.

ژ.ت / ھـ.ب