قوبەى شێخ بەرکات ٧٥٠ ساڵە وەک خۆی ماوەتەوە
پیرۆزترین شت لە ئایینی ئێزیددا سروشتە و لە نێویاندا خاک، ئاو، با و ئاگرە. کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ئەفسانەی خۆیاندا دەڵێن ئەگەر ئەم ٤ شتە نەبن هیچ بوونەوەرێکی زیندوو ناتوانێت لەسەر زەوی ژیان بکات.
پیرۆزترین شت لە ئایینی ئێزیددا سروشتە و لە نێویاندا خاک، ئاو، با و ئاگرە. کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ئەفسانەی خۆیاندا دەڵێن ئەگەر ئەم ٤ شتە نەبن هیچ بوونەوەرێکی زیندوو ناتوانێت لەسەر زەوی ژیان بکات.
لە نێو کۆمەڵگاکانی دونیادا، هەموو ئایین و باوەڕ و کولتوور شوێنی تایبەتی (عیبادەت)ی هەیە و لەو شوێنانەدا نزا بۆ خۆیان دەکەن. لە ئایین و بیروباوەڕی ئێزدایەتیدا قوبە شوێنی عیبادەتە و لەبەردەم ئەو قوبەدا نوێژ و پەرستش دەکەن.
قوبە چییە؟
بە باوەڕی ئێزیدییەکان، قوبە پیرۆزترین شوێنی کۆمەڵگایە و هەمووان لەبەردەم ئەو قوبەدا نوێژ دەکەن. شەهید و مردوویش لەبەردەم ئەو قوبەدا دەنێژرێن. لە قوبەدا پەری و هلال و چرایەک هەیە، هەموو ئێوارەی چوارشەممە و هەینی ئەو چرایە داگیرسێنرێت و مجێوری قوبە نزا بۆ هەموو زیندەوەران دەکات.
مجێور چییە؟
مجێور کەسێکە کە لەلایەن کۆمەڵگەی ئێزیدییەوە لە دەرگای قوبە دادەنرێت. هەروەها بە ناوی (سەرداری) لە کومەڵگای ئێزیدیدا ناودەبرێت. ئەرکی ئەم کەسە ئەوەیە شەوانی چوارشەممە و هەینی چرایەک بۆ هەموو ئێزیدییەکان داگیرسێنێت بۆ ئەوەی هەمیشە لەبەردەم قوبەدا بێت و هەروەها دەبێت ئەزموونی لە بواری زانیاری ئایینیدا هەبێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی سەردانی قوبە دەکەن ئاگاداریان بکاتەوە.
لە باوەڕی ئێزیدیدا گرنگ نییە مجێور پیاو بێت یان ژن، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت زانست و ئەزموونی هەبێت. پێویستە لە کۆمەڵگادا خۆشەویست بێت. پێویست ناکات پیر بیت یان گەنج بێت. لە زۆرێک لە قوبانەکان سەرۆک بە زانای کۆمەڵگا ناسراوە و هەموو بنەماڵەکە پێی دەوترێت ماڵی مجێور. لە ڕووی هاوسەرگیرییەوە، بنەماڵەکەی سنووردارە و تەنیا لەناو خۆیاندا دەتوانێت هاوسەرگیری بکات.
هەر قوبەیەک ڕۆژێکی تایبەتی هەیە و ئەو ڕۆژە پێی دەوترێت جما. ئەم جمایە لە مانگی نۆیەمەوە (ئەیلول) دەست پێدەکات و لە کۆتایی مانگی دوانزەهەم (کانوونی دووەم)ی لالەش کۆتایی دێت. لە شەنگال یەکەمین جمای شەرەفەدی لە هەفتەی یەکەمی مانگی نۆ دەست پێدەکات و هەموو هەفتەیەک جمای قوبە هەیە، یان هەندێکیان دەکەوێتە هەمان هەفتە و هەندێک جمایش لە ڕۆژانی هەینی و شەممە دەست پێدەکات.
جما چییە؟
جما وشەیەکی عەرەبییە و کەوتووتە نێو کۆمەڵگەی ئێزدییەوە و بە واتای کۆبوونەوە دێت. بەڵام لە زۆر ناوچەدا پێی دەوترێت تەواف، لە جمادا کۆمەڵگەی ئێزیدی کۆدەبنەوە و نزا بۆ مردووەکانیان دەکەن. لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکاندا قەوڵ و پیت و نزا دەخوێندرێن. ڕۆژی هەینی سەما و دیلان بەڕێوە دەچێت، و سەما بە دەف و شەباب ئەنجام دەدرێت. لە ڕۆژی شەممەدا پەرییەک سواری دەبێت و ئەمەش شێواز و نیگارکێشانی تایبەتە و بە هەر جلوبەرگێک ئەنجام دەدرێت.
قوبە لەو شوێنانە دروست دەکرێت کە دوژمن ناتوانێت دەستی پێی بگات. لە سەرتاسەری شەنگالدا دەیان قوبە هەیە و زۆرێکیان مێژووەکەیان بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و تا ئێستا پارێزراون. هەموو قوبەکانی شەنگال لە بناری شاخەکەدا هەڵکەوتوون، واتە قوبە لە شوێنی بەرزدا دروست دەکرێن بۆ ئەوەی دوژمن بە ئاسانی نەتوانێت بگاتە ئەو شوێنانە. کۆمەڵگای ئێزیدی هەمیشە پشتی بەو قوبەکان بەستووە و خۆیان لە هێرشە قڕکارییەکان پاراستووە. بۆ نموونە هێشتا فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ لەبەرچاوی هەموواندایە، کە چۆن پێکهاتەی ئێزیدی پشت بەو شوێنانە دەبەستێت و دەیپارێزێت.
قوبەی شێخ بەرکات
لە نێو قوبە مێژووییەکانی شەنگالدا قوبەی شێخ بەرکات یەکێکیانە کە لە ساڵی ١٢٧٤ دروستکراوە. قوبەی شێخ بەرکات ماوەی ٧٥٠ ساڵە دروستکراوە و بەم شێوەیە ماوەتەوە و پارێزراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، قوبەی شێخ بەرکات یەکێکە لەو قوبەیانەیە کە لەدوای 3 قوبە دروستکراون و لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا زانایان لە کۆمەڵگەدا نەبوون و نەیاندەخوێندەوە و نەیاننووسیوە، مێژووەکەی بەم شێوەیە دانراوە . بەڵام زۆرێک دەڵێن دەیان ساڵ بەسەر مێژووەکەیدا تێپەڕیوە نەک ٧٥٠ ساڵ بەڵکو هەزار ساڵ دەبێت. ئەم قوبەیە دەکەوێتە گوندی دێرینی نەقسێ کە دەکەوێتە دامێنی شاخێکەوە. چونکە قوبە لە ناو گوندەکەدا بووە و لە دەوروبەریدا خانوو هەبووە، مردووەکان لەبەردەم ئەم قوبەدا نەنێژراون. یەکەم قوبەیە گۆڕی ئێزیدییەکانی تێدا نەنێژراون. بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت مردووەکانیان لەوێ بنێژن پێیان دەڵێن لەبەردەم قوبەی شێخ شەمس کە نزیکەی 1 کم لەوێوە دوورە بیاننێژن و لەوێ بەرەکەتیان پێدەبەخشرێت.
لە نەریتی ئێزیدییەکاندا دەڵێن: "شێخادی شێخ بەرەکاتە".