راپەرینی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە؛ دوو کەس لە مەهاباد شەهید بوون

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە فراوانیی بەردەوامە و دەیان هەزار کەس لە شارە جیاجیاکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان؛ هێزەکانی ئێران لە چەندین شار تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەران دەکەن و لە مەهاباد دوو کەس تائێستا شەهیدبوون.

ئەمڕۆ لە مەهاباد دوای بەخاکسپاردنی تەرمی ئیسماعیل مەولودی، یەکێک لە شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی دوێنێی ئەو شارە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەشێوەیەکی فراوان لە مەهاباد سەریهەڵدا.

خۆپیشاندەرانی مەهاباد دەستیان بەسەر بەشێکی فەرمانداریی شاری مەهاباد-دا گرتووە و هێزەکانی ئێرانیش تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کردووە؛ بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان تائیستا ژنێکی تەمەن ٥٢ ساڵ بەناوی “کوبرا شێخ مستەفا” و گەنجێکی دیکە بەناوی “شاهۆ خزری” لە مەهاباد کوژراون.

هاوکات لە شارەکانی مەریوان و بانەش هەزاران کەس خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و هێزێکی زۆری ئێرانیش بە شارەکاندا بڵاوکراونەتەوە و تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاوڵاتییان دەکەن.

هەروەها لە سنە، دیواندارە، دێگولان، کرماشان، بۆکان و چەندین شاری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەشێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندەران دروشم دژی ڕژێمی ئێران دەڵێنەوە.

هەر ئەمڕۆش هەزاران کەس لە خوڕم ئاوا-ی لوڕستان بەشدارییان لە مەراسیمی چلەی نیکا شاکەرەمی کرد و دروشمیان دژی عەلی خامنەیی وتەوە.

ف.ق