رێبوار تەها: لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە کار بۆ خزمەتکردنی کەرکوک دەکەین

ئەمڕۆ دووشەممە ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاساییان خوارد دوای ئەو سوێندخواردنە بە فەرمی بوونە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا.

ئەمرۆ رۆژی دووشەممە، ٢٩-١-٢٠٢٤، دوای تێپەڕبوونی مانگێک و ١١ رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەمڕۆ ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنەکە جگە لە پارێزگاری بەوەکالەت، سوێندی یاساییان خوارد و دوای سوێندخواردنەکە بەفەرمی بوونە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا،

 رێبوار تەها، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و سەرۆکی لیستی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە)، دوای خواردنی سوێندنی یاسایی، لە کۆنگرەییەکی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ووتی: ''لە ئەمڕۆوە بەرپرسیارێتی ئێمەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ خەڵکی کەرکوک جیاوازتر دەبێت، وە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە پێکەوە لە ئەنجومەنەکەدا کار دەکەین و ئاوڕ لە رابردوو نادەینەوە، بەڵکو بیر لە ئەمڕۆ و داهاتووی هاووڵاتییانی شارەکە دەکەینەوە."

جێگای ئاماژەیە، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی بکرێت، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەبارەت بەو بابەتە ڕایگەیاند: ''لە رۆژانی داهاتوودا یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدرێت و بە فەرمی دەستبەکاربوونمان تۆمار دەکرێت وەکو ئەندامانی ئەنجومەن".

هەوروەها ڕێبوار ووتیشی: "سەرجەم ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاساییان خوارد، جگە لە راکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک سوێندی یاسایی نەخواردووە کە ئەویش دەرفەتی ماوە تا لە رۆژانی داهاتوودا سوێندنی یاسایی خۆی بخوات".

ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە ١٦ کورسی پێکدێت، لە هەڵبژاردنەکەدا لیستی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) کە پێکهاتووبوو لە یەنەکە و حزبی شیوعی کوردستان پێنج کورسی بەدەستهێناو، وە پەدەکە دوو کورسی ئەو ئەنجومەنەیان بەدەستهێنا و هەروەها کورسی کۆتای کریستیانەکان نزیکە لە یەنەکە بەم شێوەیە کورد لە کۆی ١٦ کورسی هەشت کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێناوە.

تا ئیستا هیچ ڕێکەوتنێک لەنێوان هەردوو پارتی کوردی نیە و یەنەکە دەلێت "بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی تائیستا پەدەکە هیچ وەڵامێکی نەداونەتەوە"، بەبۆچوونی چاودێران مەترسی ئەوەش هەیە کە پەدەکە لەسەر داوای دەولەتی داگیرکەری تورکیا هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی عەرەبی و تورکمان بکات تا کورد نەتوانێت جارێکی دیکە پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێتەوە، بەپی سەرچاوەکان لەسەر داوای تورکیا مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە لەگەل لایەنی تورکمان و عەرەبی کۆبوونەتەوە لەسەر ئەم پرسە.

جێگای ئاماژەیە، بەڕای چاودێران سەردانەکەی دوێنێی ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەوڵگریی تورکیا (میت) بۆ پیرمام و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە و پاشان کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەکە لە ئەرشەد ساڵحی و حەسەن تۆران سەرۆکی پێشوو و ئیستای بەرەی تورکمانی یەکێک لە مەبەستەکانی کۆبوونەوەکە پرسی داهاتووی پارێزگاری کەرکوک بووە".