رژێمی ئێران بڕیاری سزادانی ١٣ کەسی بەهۆی پشتیوانی لە رۆژئاوا دەرکرد

دادگای رژێمی ئێران بە پاساوی ئەوەى بەشداری خۆپیشاندانەکان لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بوون، سزای ٦ مانگ زیندانی و لێدانی ٣٠ قامچی بەسەر ١٣ چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاند.

دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەریوان سزای ٦ مانگ زیندانی بۆ لێدانی ٣٠ قامچی بۆ ١٣ چالاکوانی مەدەنیی ئەو شارە دەرکرد.

رێکخراوى مافی مرۆڤی کوردستان لەوبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، بۆ هەر یەک لە فواد یووسفی، ئەفشین رەحمانی، کەماڵ کۆنەپۆشی، سەید ئومید سەجادی، شەهاب زەمانی، موبین نادری، تاریق رۆستەمی، دیاکۆ تابا، هیمەت کەریمی، مەهدی تارقی، سەید ئومید حەقپەرست، عەلی یەعقووبی و محەمەد نادری سزای ٦ مانگ زیندانی و لێدانی ٣٠ قامچییان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو سزایە لەلایەن دادگای مەریوانەوە بەسەر ئەو هاوڵاتییە گەنجانەدا سەپێنراوە و جێبەجێکردنی سزاکە بۆ ساڵێک دواخراوە.

هۆکاری سەپاندنی ئەو سزایە بەسەر ئەو چالاکوانانەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا خەڵکی مەریوان لە دژی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە پارکی میللەتی ئەو شارە کۆبوونەوە و ئەو هێرشە داگیرکەرییەیان ئیدانە کردبوو.

دادگای رژێمی ئێران لە مەریوان تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی لە رێگای کۆبوونەوەی نایاسایی و تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزە ئەمنیەکان" داوەتە پاڵ ئەو گەنجانە.

ژ.ت