بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی زانستە سیاسیەکانی کوردستان و رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (سی دی ئۆ) لە سلێمانی لەبارەی سەدساڵەی لۆزانەوە لەلایەن ئەندامی کەنەکە سالار مەحمود سمینارێک پێسکەش کرا.
لە سمینارەکەدا ژمارەیەکی زۆر رۆشنبیر و چالاکوانی سیاسی ئامادەبوون کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سالار مەحمود بە ناونیشانی 'پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان' سازی کرد.
سالار مەحمود ئاماژەی بەوەکرد کە کورد لە لۆزاندا تووشی گەورەترین شکست بوو و وتی، "کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای لۆزان پارچەکرا. ئەو پارچەپارچەکردنە وایکرد کە گۆڕانکاری گەورە بەهۆی نەبوونی سەقامگیرییە لە ناوچەکە بێتە ئاراوە.
'ئەقڵیەتی سەد ساڵی رابردوو هێشتاش بەردەوامە'
ئەندامی کەنەکە سالار مەحمود سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەقڵیەتی قڕکەر و پاکتاوکەری تورکیا لە سەردەمی لۆزان و دوای ئەوە و لەم بارەوە ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "ئەو داگیرکەرانەی بەر لە سەد ساڵ خاوەنی هەمان ئەقڵیەت بوون، ئەمرۆ درێژە بە هەمان ئەقڵیەت لە دژی گەلی کورد دەدەن. لە رێگەی لۆزانەوە خەونی بە دەوڵەتبوونی کورد لەباربرا،. لە لۆزاندا بە هیچ جۆرێک ناوی کورد نەهێندرا. لۆزان کوردی وەک ئایین لە ناو گەلی تورکیادا ون کرد. تورکیا لەسەر بنەمایەکی نەژادپەرستی دامەزرا و بە هیچ شێوەیەک جێگەیان بۆ کورد نەکردەوە. لەبر ئەوە تورکیا هەبوونی خۆی لە سەر ستراتیژی لەناوبردنی کورد دامەزراند. دەوڵەتانی هاوپەیمانیش هاوکاریی ئەو سیاسەتەی تورکیایان کرد نەوە دوای نەوە ئەو ئەقڵیەتەیان درێژە پێدا.
'لۆزان مافی نەتەوەیی کوردی زەوت کرد و رێگەی لەبەردەم کۆمەڵکوژی کردەوە'
سالار مەحمود باسی لە دوای پەیمانی لۆزان و دۆخی کورد کرد و بەمجۆرە بەردەوام بوو: "لە ١٤٣ ماددەی پەیمانی لۆزاندا هەرگیز باس لە کورد نەکراوە، بە کورتی و بە کوردی لۆزان مافی دەوڵەتبوونی لە کورد زەوت کرد، هەبوونی کوردیشی وەک نەتەوە سڕیوەتەوە. دوای لۆزان کە کوردستان دابەش کرا، دەست بە کۆمەڵکوژکردن و قڕکردنی کوردان کرا. لەوانە کۆمەڵکوژی دێرسیم، دۆڵی زیلان و سەرکوتکردنی راپەڕینەکانی کوردان، ئەمانە هەرهەموو دەرەنجامی لۆزانن. تورکیا لە لۆزانەوە لەسەر بنەمای ئەوەی لە کوێ کورد هەبێت، دەستکەوتی کورد هەبێت، ئەو لەناوی دەبات، قەبوڵی ناکەن، لە دژی دەوەستێتەوە، مامەڵە دەکات".
' چارەسەری یەکێتی و یەکگرتوویی نەتەوەیی گەلی کوردە'
ئەندامی کەنەکە باسی لەوەکرد کە ئەو کاتە کورد لاواز بوون و وتی، "ئێستا کورد ئامادەیە، بەهێزە. لە سەر ئاستی عێراق خاوەنی قەوارەی فیدڕاڵین، لە رۆژئاوا باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سیستمی خۆبەڕێوەبەری هەیە. کورد لە سەر ئاستی ناوچەکە لۆبیەکی بەهێزی هەیە، دەتوانن لە هەموو بورێکدا بەشدار بن.
بۆ ئێمەی کورد گرنگە دوای تێپەڕبوونی سەدساڵ بەسەر لۆزان یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد دەرمانی ئەو کێسەیە. دەبێت ئێمە کلیلی ئەو قوفڵەی یەکێتی و یەکڕیزیی نەتەوەییمان پێکدەهێنێت بدۆزینەوە. دەبێت ئێمە ئەم سەردەمە بکەینە سەردەمی گەلی کورد".
هـ . ب