ساڵیادی شەهید باشور سۆران بەرز ڕاگیرا

ساڵیادی شەهید باشور سۆران بە ئامادەبوونی بەرێوبەرانی تەڤگەری ئازادی و کەسوکاری شەهیدان لە شاری هەولێر بەرز ڕاگیرا و تاجەگوڵیەنە لەسەر گڵکۆێ شەهید دانرا.

بە ئامادەبوونی بەڕێوبەرانی تەڤگەری ئازادی و کەسوکاری شەهیدان لە شاری هەولێر یادی سێهەمین ساڵیادی شەهید باشور سۆران کرایەوە، مەراسیمی یادکردنەوەکە سەرەتا بە وەستاندنی خولەکێک رێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی خاک و نشتیمان دەستیپێکرد و پاشان تاجە گوڵینەی رێزلینان لەسەر گڵکۆێ شەهید باشور دانرا.

 لە یادەکەدا مام هادی باوکی محەمەد هادی ناسراو بە شەهید (باشور سۆران) ووتی: "من وەکو باوکی شەهید باشور سۆران دەڵێم، کە شەهید باشوری کوڕم شەهیدی هەر چوارپارچەی کوردستانە، لەدەستدانی شەهید باشوری کۆسپێکی گەورەبوو بۆ میلەتەکەمان، کە قارەمانێکی وەکو شەهید باشوری لەدەستدا، بۆ بزوتنەوەی ئاپۆچییەتی ئەمەش یەکەم شەهید نییە و کۆتا شەهیدیش نابێت."

هەروەها مام هادی باوکی شەهید باشور پەیامێکی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد ووتی: " ئەم شەهیدانە لە رێگەیەکی پێرۆزدا شەهیدبوون، بۆیە پێویستە لەسەر بنەماڵەی شەهیدان هەر ساڵێک یادی شەهیدانیان بکەنەوە، چونکە ئەوان شەهیدی خاك و نشتیمانن و جێگای شانازین."

هەروەها سەبارەت بە شەهیدبوونی شەهید باشور، وەکو گەنجێکی باشور لە رۆژئاوای کوردستان، باوکی شەهید باشور سۆران ووتی: "چوونی شەهید باشور بۆ رۆژئاوی کوردستان و شەهیدبوونی لە رۆژئاوا و هەروەها هاتنی هەڤاڵانی رۆژائاوا و شەهیدبوونیان لە باشور و پارچەکانی دیکە دەبێتە هۆی دروستبوونی یەکڕیزیی نەتەوەی کورد."

 لە کۆتایدا باوکی شەهید باشور سۆران داوای یەکڕیزیی گەلی کوردی کرد ووتی: "ئەگەر میللەتی کورد یەک نەگرێت و کۆنگرەی نەتەوەیی نەبەستێ، ئەوە کورد ناتوانێت مافەکانی بەدەستبهێنیت، بۆیە داوا لە تەواوی گەلی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم یەکبگرن دژ بە دوژمنان تا بتوانین مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەدەستبهێنین."

مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمی (شەهید نامرن، شەهید نامرن) کۆتایی هات.

ژ.ت