شاندی ئاشتی و ئازادی نێونەتەوەیی جێگای تاوانی جنگی تورکیای بەسەرکردوە

شاندی ئاشتی و ئازادی نێونەتەوەیی لە ناوچەی شارباژێر سەیرانگای کونە ماسی بەسەرکردوە کە ساڵێک لەمەوبەر دەوڵەتی تورک تاوانێکی جەنگی و کۆمەڵکوژی لە دژی ھاوڵاتیانی مەدەنی تێدا ئەنجامدابوو.

شاندی ئاشتی و ئازادی نێونەتەوەیی دوای نێوەرۆی ئەمرۆ گوندی کونە ماسی ناوچەی شارباژێریان بەسەرکردەوە کە لەو گوندە سالێک لەمەوبەر لە ٢٥-٦-٢٠٢١ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە تاوانێکی جەنگی کۆمەڵکوژی تێدا کرد و لە ئەنجامدا ٥ ھاوڵاتی مەدەنی برینداربوون کە چواریان لە یەک خێران بوون، شاندەکە ئەو خێزانەی بەسەرکردەوە لە نزیکەوە گفتوو گۆیان کرد دەربارەی ئەو تاوانەی تورک ئەنجامیدابوو.

لەسەر ناوی شاندەکە نیکۆ ڤۆگل وتی: ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ھاوخەمی خۆمان دەربرین لە نزیکەوە ھەست بە ئازارەکانتان بکەین، لە نزیکەوە  تاوانەکانی تورکیا ببینین، پێشمان وایە تورکیا دەوڵەتێکی فاشیستە  بەھەموو شێوەیەک پاکتاوی ڕەگەزی لە دژی گەلی کورد پەیرەودەکات، پێمان وایە ئەو ھێرشانە تەنھا تورکیا بە تەنیا خۆی نیە بگرە دەوڵەتانی تریش پشتیوانی ئەو تاوانەن بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە چەک بەتورکیا دەفرۆشن و پشتیوانی سیاسەتی  شەرەنگێزانەی تورکیا دەکەن.

نیکۆ باسی لەوەکرد، "ئێمە وەک گەلی ئەڵمان دژی چەک فرۆشتنی دەوڵەتی ئەڵمانین بە تورکیا کە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی گەلی سڤیلی ناوچەکە ببێتە قوربانی سیاسەتی بازرگانی چەک بەم شێوازە." ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا کە  بەڵێنی ئەوە دەدەن کە گەرانەوە بۆ وڵاتەکانیان تەواوی چیرۆکەکانی فاشیزمی تورکیا کە لەبەرامبەر ھاوڵاتیان پەیرەوی دەکات بۆ گەلانی ئەورپا بیگوازنەوە.

پەیمان تاڵب یەکیک لەو ژنانەیە کە بۆیە قوربانی بۆردومانی ئەو جەنگە و قاچێکی لە ئەژنۆیەوە لەدەستدا و دوو لە منداڵەکانی برینداربوون و ھاوژینەکشی بە سەختی برینداربوو بە شێوازێک تا ئیستاش ٢٠ پارچەی موشەکەکە لە لەشیدا ماوەتەوە وتی: "تاکە داواکاری ئێمە ئەوەیە کۆتایی بەو دەستدرێژیانەی تورکیا بھێنرێت کە بەو شێوازە درندانەیە ھێرش دەکاتە کوردستان و ئێمە بوینە قوربانی ئەو بۆردومانەی تورکیا و چیتر وڵاتانی ئەورپا چەک بە تورکیا نەفرۆشن بۆ ئەوەی چیتر کەسیتر نەبێتە قوربانی. 

ف.ق