'شەهادەتی کاروان هۆرامی خەسارێکی گەورە بوو بۆ ڕۆژنامەگەریی ئازاد!'
ڕۆژنامەنووس ئامەد دیجلە، کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ شەهید کاروان هۆرامی کاری کردووە ڕایگەیاند، شەهید کاروان لە کارەکانیدا زۆر بە پەرۆش بوو و دەیخواست خزمەتی شۆڕشی کوردستان بکات.
ڕۆژنامەنووس ئامەد دیجلە، کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ شەهید کاروان هۆرامی کاری کردووە ڕایگەیاند، شەهید کاروان لە کارەکانیدا زۆر بە پەرۆش بوو و دەیخواست خزمەتی شۆڕشی کوردستان بکات.
ڕۆژنامەنووس ئامەد دیجلە، کە بۆ ماوەی چەند ساڵ لەگەڵ شەهید کاروان هۆرامی (محەمەد مالک) کاری کردووە، باسی ژیانی شۆڕشگێڕانە و خەبات و ڕۆڵی لە ڕۆژنامەگەریی ئازاددا کرد.
'سەرچاوەی ڕووداو و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو'
دیجلە سەرەتا لە کەسایەتیی شەهید کاروان هۆرامیدا یادی هەموو شەهیدانی ڕۆژنامەگەری و چاپەمەنیی کردەوە و وتی: "نزیکەی ١٠ ساڵە شەهید کاروان دەناسم. لە بەشی فارسیی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دا کاری دەکرد. لەو کاتەدا منیش لە ستێرک تیڤی کارم دەکرد، بەهۆی گفتوگۆ لەسەر بابەت و زانیارییە ناوخۆییەکان یەکترمان ناسی. دواتر لە ساڵی ۲۰۱٥ بۆ ۲۰۱۸ لە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) پێکەوە کارمان کرد. ئێمە وەک تیمێک کارمان دەکرد، ئەو لە باشوور بوو و لەوێ کارەکانی ئاژانسەکەی بەڕێوەدەبرد. ئەو بەدوای ڕووداو و ڕۆژەڤەکانی باشوور و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا دەڕۆیشت و بڵاوی دەکردنەوە. لە چوارچێوەی کاردا ئێمە زۆر جار لە باشوور یەکترمان بینی و گفتوگۆمان لەسەر کارەکانمان دەکرد. هاوڕێ شەهید کاروان لە هەڤڵێکی کار زیاتر، هەڤاڵێکی بێ حساب و بێ بەرژەوەندیی کەسی بوو و لە هاوڕێیەتیدا هاوڕێیەکی بێ سنوور بوو. زۆر فیداکار و زەحمەتکێش بوو. ئەو هەڤاڵانەی شەهید کاروان دەناسن دەزانن چەند فیداکار و دڵسۆز و پەیوەستی کارەکەی بوو. نموونەی فیداکاری و ڕەنجدان بوو. شەهید کاروان بە تەنها خۆی کاری سێ بۆ چوار کەسی دەکرد".
'دەیخواست خزمەتی شۆڕشی کوردستان بکات'
ڕۆژنامەنووس دیجلە وتی، شەهید کاروان تەنها وەک ڕۆژنامەنووسێک کاری نەکردووە، بەڵکو هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی ئازادیی کورد و کوردستان فیدا کردبوو و وتیشی: "شەهید کاروان تەنها کاری ڕۆژنامەگەریی نەدەکرد بۆ ئەوەی ببێت بە ڕۆژنامەنووس، یان ناو و ناوبانگی بڵاوبێتەوە و بناسرێت، ئەو وەک گەنجێک و شۆڕشگێڕێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوو و دەیخواست خزمەتی شۆڕشی کوردستان بکات. ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا بەڕێوەدەبرد. پێشتریش لە بوارە جیاجیاکاندا کاری کردبوو. حەزی لە کاری ڕۆژنامەنووسی و چاپەمەنی دەکرد و دەیویست لەم بوارەشدا خزمەت بکات. هەروەها زمانی فارسی، کورمانجی، سۆرانی، عەرەبی و هەندێک ئینگلیزیشی دەزانی. ئەوەش بواری ئەوەی بۆ دەڕەخساند، کە ئاگاداری ڕۆژەڤەکانی هەرێمەکە و ناچەکە ببێت. شەهید کاروان بۆ ئێمە بوو بە سەرچاوەی پێشکەوتن. لە فەلسەفەی ژیانیدا، هەرگیز وتەکانی وەک 'من ماندوو بووم' و 'بەسە' بوونیان نەبوو. خزمەتی باشی دەکرد و هاوبەشیی لە شتەکاندا دەکرد و بڵاویشی دەکردنەوە".
'دڵپاک، پەرۆش و پڕ لە خرۆشان بوو'
دیجلە ئاماژەی بە تایبەتمەندییە بەهێز و یەکلاکەرەوەکانی شەهید کاروان کرد و لەوبارەیەوە وتی، "مرۆڤێکی زانا و شارەزا بوو. گرنگترین شت بۆ ئەو خزمەتکردن و کارکردن و ڕەنجدان بوو. شەهید کاروان زۆر دڵپاک و میهرەبان بوو. هیچ حساب و بەرژەوەندییەکی بۆ خۆی نەدەویست. ئەو ڕۆحێکی پڕ لە پەرۆشیی پاکی وەک ڕۆحی پاک و پڕ لە پەرۆشیی منداڵان هەبوو. زۆر بە پەرۆش و پڕ لە جۆش و خرۆش بوو. ئەو پەرۆشی و جۆش و خرۆشییەی بۆ کارکردن تا ڕۆژی شەهیدبوونەکەی پاراست."
'کەسێک بوو، وەک ئاژانسێک کاری دەکرد'
ڕۆژنامەنووس ئامەد دیجلە لەبارەی ڕۆڵی شەهید کاروان لە ڕۆژنامەگەریی ئازاددا وتی: "ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە زۆربەی وڵاتان و لە هەر چوار بەشی کوردستان، لەو وڵاتانەدا، کە کوردستانیان داگیرکردووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نموونەیەکە بۆ گەیشتنی ڕاستییەکان بە مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان. هاوڕێ شەهید کاروان لەوەدا بەشدار بوو، بە تایبەتی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کاری دەکرد. ئەو بەرپرسی بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بوو و لەوێیەوە هەموو پێشهاتەکان و ڕووداوەکان، کە لە کوردستان و دەرەوە ڕوویان دەدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بڵاو دەکردەوە. کەسێک بوو، بەڵام وەک ئاژانسێک کاری دەکرد. ئێمە لە شەهید کاروانەوە لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران تێدەگەیشتن و ئاگادار دەبووینەوە".
'هەرگیز تەندروستیی خۆی نەخستە پێش کارەکەیەوە'
دیجلە ڕاشیگەیاند، سەرەڕای کێشە تەندروستییەکانی شەهید کاروان، بەڵام هەرگیز کارەکانی خۆی نەدەوەستاند و ئەوەشی وت: "ئێمە زۆر کات بینیمان، کە شەهید کاروان بەهۆی کێشەی تەندروستی و نەخۆشییەوە سەختی دەکێشێت، بەڵام شەهید کاروان گوێی بە کێشە تەندروستییەکانی خۆی نەدەدا و پشتگوێی دەخستن. هەرگیز کێشەی تەندروستیی نەخستە پێش کارەکەیەوە. هەرچەندە هەموو هەڤاڵان پێیان دەوت، کە دەبێت ڕێوشوێن بەرامبەر بە باری تەندروستی و نەخۆشییەکانت بگریتەبەر و خۆت چارەسەر بکەیت، بەڵام شەهید کاروان ئەمەی پشتگوێ دەخست و بە داخەوە گوێی بەو داوایانەی هەڤاڵەکانی بۆ نەخۆشییەکەی خۆی نەدەدا و دەیویت، 'پێش هەموو شتێک دەبێت کارەکان ئەنجام بدرێن'. شەهید کاروان ئەوەشی دەوت، 'لە تێکۆشان دا ئەوەندە قوربانی و شەهید دەدرێت، نابێت من بە کێشەی لەمشێوەیە خۆم سەرقاڵ بکەم و بێمە پێشەوە'. شەهادەتی هاوڕێ کاروان بۆ ئێمە و رۆژنامەگەریی ئازاد لە دەستدان و خەسارێکی گەورە بوو".
ژ.ت