شەهید بوونی رێزان جاوید تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی تەنیوە

لەدوێنێیەوە بەبڵاوكردنەوەی هەواڵی شەهیدبوونی؛ فەرماندەی شەهید؛ یوسف رەبانی، ناسراو بە"رێزان جاوید"، زۆرینەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پڕ بوون لەوێنە و دیمەنەكانی شەهید رێزان.

لەدوێنێیەوە بەبڵاوكردنەوەی هەواڵی شەهیدبوونی؛ فەرماندەی شەهید؛ یوسف رەبانی، ناسراو بە"رێزان جاوید"، زۆرینەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پڕ بوون لەوێنە و دیمەنەكانی شەهید رێزان و بەشێك لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، دۆستان و هەڤاڵانی شەهید، رۆژنامەوان و سیاسەتوانان و كەسایەتیە ناسراوەكان، بەنوسین، پێزانینی خۆیان بۆ شەهیدی فەرماندە دەربڕی و هەر یەك لەو كەسانەش بەنوسین و دانانی وێنە و دیمەنی شەهید هاوخەمی خۆیان دەڕبڕی و بەشێكیش لەو كەسانە؛ بەراشكاوانە رایانگەیاندوە كە شەهید، رێزان جاوید؛ هەم رێزانە و هەمیش لەتێكۆشاندا بەجاویدی دەمێنێتەوە.

بروسك رۆژهەڵاتی دەڵێت؛ هەڤاڵ و تێكۆشەر، مرۆڤی پیرۆز و خاوەن نرخ، فەرماندە و قارەمانی شۆڕشی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان؛ هەڤاڵ رێزان جاوید تۆ نەمری و هیچ كاتێك نامری ئەی شەهیدی مەزن. دۆژمنە گڵاوەكەی كورد، كە ترس و دڵەڕاوكێ كورد بەری نادات، لەقامیشلۆ بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان قارەمانەكانمان شەهید دەكات. بروسك؛ سەرەخۆشی لەبنەماڵەی شەهید و هەڤاڵانی پەژاك دەكات و دەڵێت؛ نەمری بۆ شەهیدانە و بمرێ رژێمی فاشیستی تورك.

هاوكات؛ عەبدوڵلا حیجاب؛ لەتویتێكدا دەڵێت؛ شەهید بەخوێنی خۆی دەنوسێ"بژی كوردستان"، بەبۆنەی شەهید بوونی هەڤاڵ رێزان جاویدەوە سەرەخۆشی خۆی لەبنەماڵەی سەرفراز و هاورێیان و هاورێبازەكانی لە پژاكدا دەكات و دەڵێت؛ من خۆم بەشەڕیكە خەمتان دەزانم و نەفرەت لەرژێمی فاشیستی دەوڵەتی تورك.

رۆژنامەوان؛ هاوژین غەریبیش لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبۆكەوە دەنوسێت؛ شەهید بونی رێزان جاوید یەكێك لەو هەواڵە ناخۆش و پڕ ئازارانەیە كە بە دەستی خۆم نوسیومەتەوە، چونكە ئەگەر چی زەمەنێكی زۆرە من هەواڵم نەزانیوە، بەڵام هەر ئەوەی كە جارجار لە میدیاكانەوە دەمبینی دەمزانی تەندروستی باشە دڵخۆشی دەكردم.

هاوژین دەڵێت؛ جاوید بە مانای وشە مرۆڤیكی جوان بوو، یەكێك لە پێشەنگە نوێیەكانی تێكۆشانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو ئەو ئەگەرچی مرۆڤێكی بە تەمەن گەنج بوو، بەڵام بە باوەر و فكر مرۆڤیكی تەواو كامڵ بوو.

فەتحی كۆساریش لەواڵای خۆی لەتوڕی فیسبۆكەوە نوسیوویەتی؛ رێزان جاوید لە پێناو ئامانجە بەرزەكانی نەتەوەكەیدا گیانی بەخت كرد. چی شانازییەكی گەورەی بە نسیب بوو.

كەسایەتی ناسراو"محەمەد عەلی"، یش بەهەمانشێوە لەپێناسەی شەهیدی فەرماندەدا دەڵێت؛

ڕێزان جاوید شەهیدی فەرماندە ئەوندە بەس بوو كە دوژمن لە وێنەكانی بترسێت دوای شاهادەت، داوابكات بڵاوكردنەوەی وێنەكانی بوەستێنرێت ، شەهید نامرن سەری ڕێز و پێ زانین بۆ خەبات وتێكۆشان و ڕەنجت دادەنوێنین.

ئارێز زارعییش دەڵێت؛ رێزان جاوید، ئەو تێكۆشەرە شۆڕشگێڕە نەسرەوتویەی هەم تۆاناكانی بزوتنەوەكەی خۆی دەناسی و هەم دوژمنی ئەو بزوتنەوە مافخوازەی باش ناسیبوو، لە سەنگەرێكی بەرخۆدانی شەرافەتمەندانەی كوردستاندا بەسەربەرزی گیانیبەختكرد.

زارعی رایدەگەیەنێت؛ یادی ژیان و خەباتی چێگوارا ئاسای هاورێ رێزان بە دانەواندنی سەری رێز و داگیرساندنی مۆمێک، بەرز دەنرخێنم. هاوبەشی خەمی گەورەی بنەماڵەی ئازیزی و هاوڕێیانی سەربەرزیم.

مام فەرهاد رانیەش شەهید رێزان جاوید بە"جاویدان هەڵۆكەی قەندیل"پێناسە دەكات و دەڵێ؛ هەلۆیەكی بەور ئاسا لەقامیشلۆ گیانی بەختكرد؛ رێزان جاوید هەلۆوەكەی قەندیلە.

عەلی كەریمی؛ شەهادەتی شەهید رێزان وەكو ناسۆرێكی بەسۆ دەبینێ و دەڵێ؛ شەهید وونت زۆر ناسۆرێكی بەسۆیە هەڤاڵی ئازا و خۆشەویست كاك رێزان جاوید.

پیر شاڵیاریش لەتوێتێكدا دەڵێ؛ تیرۆری فەرماندە؛ رێزان جاوید، یەكەم لێكەوتەی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی رئێسی و پووتین و ئەردۆغانە. و محەمەد شەریفیش دەڵێت؛ شەهید باڵای بەقەد باڵای كوردستانە.

هاورێبازی شەهید رێزان جاوید؛ ئەمیر كەریمیش وەها پێناسەی شەهید رێزان دەكات؛ هەڤاڵ رێزان تۆ بۆ ئێمە هەمیشە هەر جاویدی، رێبازەكەت هەر جاویدە هەڤاڵ.

خاتوو لیموو ئەرجۆمەندیش بەپێناسەیەك یادی شەهید بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت؛ پرسە و سەرەخۆشی شەهید بوونی هەڤاڵ

(یوسف رەبانی) ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان، گەلی وەڵاتپارێزی مەهاباد و هەڤاڵانی تێكۆشەری و گەلەكەمان لە هەرچوارپارچەی كوردستان دەکەم.

ف.ق