سێهەمین کۆنفرانسی گەنجانی شەنگاڵ دەستی پێکرد

سێهەمین کۆنفرانسی یەکێتی گەنجانی ئێزدخان بە بەشداری سەدان گەنجی ئێزدی، عەرەب، تورکمان و بە دروشمی "بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، شەڕی ئازادی، بەسەر دەخەین و سەربەخۆیی شەنگاڵ مسۆگەر دەکەین" دەستی پێکرد.

سێهەمین کۆنفرانسی یەکێتی گەنجانی ئێزدخان لە کۆمەڵەی دوگرێ شەنگاڵ بە بەشداری سەدان گەنجی ئێزدی، عەرەب و تورکمەنی شەنگاڵ و موسڵ دەستی پێکرد. جگە لە گەنجانی عەرەب، شەڕڤانانی یەبەشە، ئاسایشی ئیزیدخان، گەنجانی تورکمانی تەلەعفەر بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. کۆنفرانسەکە لەژێر دروشمی 'بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، شەڕی ئازادی سەردەخەین، سەربەخۆیی شەنگاڵ مسۆگەر دەکەین' بەڕێوەدەچێت.

'گەنجانی ئێزیدخان، پاراستنی کۆمەڵگاکەیان گرتووەتە سەر شان'

وتاری دەستپێکی یەبەشە لەلایەن یەکێک لە فەرماندەکانی یەبەشە بە ناوی "خەمگین شەنگاڵی" پێشکەش کرا. خەمگین شەنگاڵی سەرەتا پیرۆزبایی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم گەنجانی شەنگاڵ کرد و ئەم پەیامەی خوێندەوە: "سەرەتا شەهیدان جیلۆ و ڤەژین و هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی بە بیر دێنینەوە. هیوادارین ئەم کۆنفرانسە ببێتە هۆی سەرکەوتن و یەکێتی گەنجانی ئێزدی. گەنجانی ئێزدی بەردەوام لە کار و تێکوشانن. گەنجانی ئێزدی بەرپرسیارێتی پاراستنی کۆمەڵگاکەیان لە ئەستۆ دایە و دەبێت پێشەنگ بن لە شەڕی دژی لەشکرکێشی و داگیرکارییەکان بۆ سەر گەل و خاکەکەیان. ئێمە وەک گەنجانی ڕێبەر ئاپۆ شوێنکەوتووی شەهید زەکی و شەهید زەردەشتین. پلانی دوژمن لەناوبردنی کۆمەڵگا و قڕکردنی گەنجانە. بەڵام گەنجانی ئێمە خۆڕاگر و بەرخۆدێرن. دەزانن ئەگەر شکست بە گەنجان بێنن، ئەوا کۆمەڵگاش شکست دەهێنیت. بۆیە پێویستە گەنجانی ئێزدی لەم بوارەدا وریا بن و ڕۆڵی خۆیان بنوێنن. پێویستە گەنجانمان بە هێزێکی زۆرەوە وەک چۆن هەتا ئێستا پلانەکانیان پووچ کردووتەوە، ئێستاش ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت 'ئێمە لە گەنجیەوە دەستمان پێکرد و بە گەنجیش سەردەکەوین'. ئەم قسەیە زۆرترین کاریگەری لەسەر گەنجانی ئێزدی و شەنگاڵ هەیە. پیرۆزبایی ئەم کۆنفرانسە لە ڕێبەر ئاپۆ و سەرجەم گەنجانی شەنگاڵ دەکەین".

"بە هێزی گەنجان ڕێکخستنەکەمان بەهێز دەکەین"

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگاڵ، جیهان جەلۆ، پەیامی خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵی گەیاندە گەنجانی ئیزیدخان. جیهان جەلۆ سەرنجی بۆ ڕێکخستن، بەرخۆدان و چالاکی گەنجانی شەنگاڵ ڕاکێشا و وتی:"دەبێت گەنجان لە بەرامبەر هەموو هەوڵەکانی دوژمن وریا بن. گەنجان بەردەوام دژی چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژی دەوەستنەوە. گەنجان وەک ساڵی ٢٠١٤ بۆ نەتەوەی دیموکراتیک تێدەکۆشن.

جیهان جەلۆ سەرنجی بۆ ترسی دوژمن لە هێزی گەنجان ڕاکێشا و وتی:"بەهۆی ئەم ترسەوەیە، دەبێت گەنجان لە بەرامبەر هێرشەکاندا ڕێکخستنێکی بەهێزتریان دابمەرزێنن. هەڤاڵ زەردەشت، هەڤاڵ جیلۆ، هەڤاڵ حەیدەرمان لەبیرە. ئەم کۆنفرانسە لە هەموو ئەو شەهیدانە و بەتایبەتی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ گەنجان دەخوازین".

'ئەرکی گەنجانە کە شەنگاڵ بە ڕ‌ێکخستن بکەن'

وتەبێژی تاژێ، ڕهام حجۆ کۆنفرانسی یەکێتی گەنجانی ئیزیدخانی لە سەرجەم گەنجان و بەشداربووانی کۆنفرانسەکە پیرۆز کرد و بەم شێوەیە وتی: " لە کەسایەتیی هەڤاڵ ڤەژینان هەموو شەهیدەکانمان بە بیر دێنینەوە و پیرۆزبایی لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو هەڤاڵانمان دەکەین. وەک دەزانرێت بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی و گەنجانی شەنگاڵ دەبنە ئامانجی هێرشەکان. ئەرکی گەنجان ڕووبەڕوو بوونەوەی پیلان و هێرشەکانە. بۆ ئەوەی مافی ژنان، گەنجان، منداڵان و بەساڵاچووانی گەلی شەنگاڵ بپارێزین، پێویستە یەکێتی شەنگاڵ پێکبهێنین. ئەم هاوپەیمانییە لە ئەستۆی گەنجانە. ڕێبەر ئاپۆ وتی؛ "بەگەنجی دەستمان پێکرد بەگەنجیش سەردەکەوین". بۆیە پێویستە خۆمان پەروەردە بکەین، ڕێکبخەین ولە هێرشەکان بپارێزین. گەنجان لە هەموو لایەکەوە دەبنە ئامانجی هێرشەکان یەکێک لەوانە هێرشی فیکرییە.

دوای وتارەکەی ڕهام حجۆ، پەیامەکانی گەنجانی مەخموور و ئەوروپا بۆ گەنجانی شەنگاڵ نمایش کران.

سێهەمین کۆنفرانسی گەنجان هەتا دانی ئێوارە بەردەوام دەبێت. دوای کۆنفرانسەکە پەیامی ویدیۆیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گەنجان و هەروەها کورتە فیلمێک سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی گەنجان نمایش دەکرێت.

لە ڕۆژەڤی ڕێکخستنی کۆنفرانسەکەدا کێشەکانی ڕێکخستن و پەرەپێدانی چالاکییەکانی گەنجان هەڵدەسەنگێندرێت، پەیڕەوی یەکێتی  گەنجانی ئیزیدخان نوێ دەکرێتەوە. وتاری کۆتایی کۆنفرانسەکە لە لایان سارا شەنگاڵی وتەبێژی یەکێتی گەنجانی ئیزیدخانەوە دەخوێنرێتەوە.

دوای کۆنفرانسەکە گەنجانی ئیزیدخان بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان بەیاننامەیەکی جەماوەری بڵاو دەکەنەوە.