شەنگال و ئێزدیەکان لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا

کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی گوزەری پڕ لە ژاندا تێدەپەڕێن. کوردستان بووەتە چەقی ململانێکانی ناوچەکە و گۆڕەپانی دەستشکاندنەوەی هێزە جۆراوجۆرەکان. گەلی کورد و پێکهاتەکانیشی باجی بەشێکی گرنگ لەو دەستشکانەوانە دەدەن...

کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی گوزەری پڕ لە ژاندا تێدەپەڕێن. کوردستان بووەتە چەقی ململانێکانی ناوچەکە و گۆڕەپانی دەستشکاندنەوەی هێزە جۆراوجۆرەکان. گەلی کورد و پێکهاتەکانیشی باجی بەشێکی گرنگ لەو دەستشکانەوانە دەدەن. لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ و لە دوای داگیرکردنی کوێت و شەڕەکانی یەکەم و دووەمی کەنداو و دەستێوەردانی هێزە جیهانییەکان،  ڕفاندنی ئۆجالان، ڕووداوی ١١ی سپتەمبەر، خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران، سەرهەڵدانی گروپە جیهادییەکانی قاعیدە و گروپە ئیسلامیەکانی تر لە عێراق و ئەفغانستان، بەهاری عەرەبی و ڕووداوەکانی عێراق و سوریا و سەرهەڵدانی خەلافەتی ئیسلامیی داعش و شەڕی یەمەن، کوژرانی زەرقاوی، بن لادن، بەغدادی، قاسم سولەیمانی و ئیبراهیم قارداش ناوچەکەی بردووەتە قۆناغێکی پڕ لە کێشمەکێش و قەیران، کە لەو کاتەوە قەیران لە دوای قەیران کارەسات بەرامبەر بە خەڵک و گەلان و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان و تاوانی جەنگ و جینۆساید ڕوودەدات و ئارامی و ئاشتی بووەتە خەونێکی ئاسۆ دوور.

 پارچەپارچەکردنەوەی کوردستانی پارچەکراو

بۆ ئەوەى داگیرکەرانی کوردستان و هێزە ناوچەیەکان بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا زیاتر بکەن پێویستیان بەوە هەیە هێز و گروپە کاریگەر و ناوچە جۆگرافیە گرنگ و ستراتیژییەکان و سەرچاوەکانی وزە بە شێوەی جۆراوجۆر کۆنترۆڵ بکەن. دەوڵەتە داگیرکەرەکان و هێزە جیهانییەکان کێشەى کورد بە یەک پاکێج و یەک خاک و یەک نەتەوە و یەک کێشە سەیر دەکەن. بۆ ئەوەش کاتێک ئەوان دەڵێن، کێشەى کورد مەبەستیان سەرتاسەری کوردستان و هەموو کوردە. بۆیە کار بۆ ئەوە دەکەن کورد خۆی بە یەک نەتەوە و یەک خاک و یەک چارەنوس نەزانێت تاوەکو لە دیزاینکردنەوەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رێگری لە دروستبوونی هێزی کورد و کیانی کورد بکەن. بۆ ئەوەش دەبێت دووبارە کوردستان پارچە پارچە بکەنەوە. ناوچەکان لە یەکتر داببڕن  و پێکهاتە ئایینی و زمانییەکان بکەن بە گژی یەکدا.

 یەکلایی نەکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لە باشووری کوردستان و جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠، کە ڕووبەری ئەو ناوچانە بە ئەندازەی خاکی هەرێم دەبن و قوڵایی ستراتیژی و هێڵی تەماسی نێوان کورد و عەرەبن و سەرچاوەی گرنگی وزەیان تیادایە، لە چوارچێوەی ئەو سیاسەت و پرۆژانەدایە. بۆ رێگریکردن لە جێبەجیکردنی ئەو ماددەیە لایەنە دەستڕۆیشتووەکانی دژ بە کورد بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان پرۆژەی جۆراجۆری وەک هەرێمی سونە، فیدراڵی پارێزگا بۆ کەرکوک، دروستکردنی هەرێمی تورکمانی و هێشتنەوەى دۆخی تەعریب و ئاسایی نەکردنەوەى دۆخی دیمۆگرافیا دەخەنە بەرنامەى کار و پڕوپاگەندەی میدیایی و گوشاری دیپلۆماسی و سەربازی و دانوستانەکانەوە.

هاوکات دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر جۆرە بیر و جوڵەیەکی کورد بە ئاڕاستەی یەک چارەنووسیدا و یەکخستنی  جوگرافیای کوردستاندا لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠ەوە دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازی لە باشووری کوردستان، کە کاریگەریی لەسەر دووبەرەکێ نانەوە و شەڕی کورد بە کورد و بڕیاری سیاسی لە هەرێم هەیە.

 لە دوای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و شۆڕشی کورد لە سوریا، دەوڵەتی تورکیا بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونی کورد ناوچەکانی باب و جەرابلوسی داگیرکرد و بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی کورد بە دەریا عەفرینی داگیرکرد. دوای ئەوەش بۆ دابڕاندنی ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان لە یەکتر گرێ سپی و سەرێکانیی داگیرکرد. لە باشووری کوردستانیش ناوچەیەکی زۆری داگیرکردووە، کە بە سیاسەتی باری نائاسایی سەربازی و دۆخی جەنگی مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە و دانیشتوانەکانی دەکات و خەڵک و باخ و رەز و گوندەکانیان بۆردومان دەکات.

شەنگال پردی بەستنەوەى باشوور و رۆژئاوای کوردستان

لە سیاسەتی داگیرکاریى داگیرکەرانی کوردستاندا کار بۆ دابڕاندنی شەنگال و تەریکخستنی و پاکتاوکردنی دانیشتوانەکەی دەکرێت. ئێزدییەکان وەک پێکهاتەیەکی گرنگ و سەرەکیی کوردستان لەلایەن بەشێک لە مێژوونووسەکانەوە بە نەوەی میتانییەکان دەزانرێن. زۆرینەیان لە باشووری کوردستان لە شێخان و شەنگال، لە باکووری کوردستان لە مێردین، ئامەد و دێرسیم و رحا، لە رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکە و تەبقا و عەفرین، لە ئەرمینیا، جۆرجیا و ئازەربایجان و رووسیا و ئەڵمانیادا دەژین و نزیکەى ٢ ملیۆن کەس دەبن.

 هەڵکەوتەى ناوچەى شەنگال و دەرووبەری دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا، لە هێڵی باکوورەوە تاوەکو خابوور و بادینان درێژ دەبێتەوە، لە باکوور و رۆژئاواوە نزیکەى ٣٠٠ کیلۆمەتر لەگەڵ رۆژئاوادا سنووری هەیە. چیای شەنگال لە دیوی رۆژئاوا و چیای قەزوان (عەبدولعەزیز) لە دیوی رۆژئاوا درێژکراوەی یەک هێڵن. لە شێخان و چیای شەنگال و عەفرین و ئەرمینیادا چەندین مەزارگە و ناوەندى پیرۆزیان هەیە. لە ڕووی جۆگرافیاوە شەنگال و دەورووبەری گرنگترین خاڵی پێکەوە بەستنەوەى باشوور و رۆژئاوای کوردستانە، بۆیە هەوڵێکی زۆر هەیە شەنگال بە تەواوەتی لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش داببڕێت. بەوەش پردی پەیوەندیی نێوان باشوور و رۆژئاوا ناهێڵدرێت و دوو بەشی گرنگی کوردستان بە تەواوەتی لە یەکتر دادەبڕدرێن. پەلامارەکەى داعش و بۆردومانەکان و گەمارۆکانی سەر شەنگال لەو چوارچێوەیەدان.

ئێزدییەکان، ڕەگ و ڕیشە و ئایینیان

ئێزدییەکان بە یەکێک لە کۆنترین و دێرینترین بڕواکانی سەر زەوی و درێژکراوی یەکێک لە گرنگترین شارستانیەتە دێرینەکانی ناوچەکە دەزانرێن، کە شارستانیەتی میتانییە. لە ڕووی ئایینییەوە خۆر لەلای ئیزدییەکان پیرۆزە، کە رەگ و ریشەى ئەوەش بۆ ئاینی زەردەشتی و میترایی دەگەڕێتەوە. میتانییەکانیش بە یەکێک لە باپیرە گەورەکانی کورد دەزانرێن، کە ئەوانیش درێژەى هۆرییەکانن و مێژوویان بۆ نزیکەى ٥ هەزار ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە. رەنگە هۆکاری مانەوەى ئێزدییەکان سەرباری سەدان هێرش و کوشتاری گەورە بۆ ئەو رەگە مێژووییە دێرینە بگەڕێتەوە.

لە ڕووی ئاینییەوە ئێزدییەکان دوو کتێبیان بە ناوەکانی مەسحەفا رەش و جیلوە هەیە. ئەو کتێبانە بە زمانی کوردی نووسراون. جەژنەکانی چوارشەممە سۆر، جەما، ئیزی، باتیزمێ، خدر ئەلیاسیان هەیە و هەموو جەژنەکانیش راستەوخۆ پەیوەندییان بە سروشت و گەردوون و ژیانی مرۆڤ و بەرهەمهێنانەوە هەیە.

 بەپێی ئایینی ئێزدی لە مانگی نیساندا جیهان دروستکراوە. ئیزدییەکان پێیانوایە لە چوارشەممەى یەکەمی هەموو مانگێکی نیسان (یانی ئەم چوارشەممەیە) مەلەک تاوس دادەبەزێتە سەر زەوی تاوەکو زەوی لە خراپە و ناپاکی پاک بکاتەوە و خۆشی و شادی و چاکە بە ناو مرۆڤەکاندا بڵاوبکاتەوە. لەو بڕوایەدان کاتێک گەردون دروستکراوە هەموو رەنگەکان کۆکرانەتەوە بۆ ئەوەى بە جوانترین شێوە گەردون دورست بکرێت بۆ ئەوەش جوانترین رەنگەکان لە تاوسدا جیلوە دەکەن. لە جەژنی کۆمەڵگەى ئێزدیدا هێلکە دەکۆڵێنرێت و رەنگیان دەکەن، چونکە لەو بڕوایەدان لە کاتی دروستکردنی جیهاندا هەموو شوێنک بە هەموو رەنگەکان رازێنراوەتەوە. ئەو هێلکەیش بە مانای سەرلەنوێ ژیانەوە و دروستکردنی گەردوونە، چونکە هێلەکە هاوشێوەی گەردوونە و ناوەکەشی خۆری تیایدایە، کە مەبەست لە زەردێنەى هێلەکەیە، کە هاوشێوەی خۆرە.

لە یەکەم چوارشەممەى مانگی نیسان، واتە چوارشەممە سۆردا، هەر کەسێک بەیانی زوو هەڵدەستێت روودەکاتە خۆر و بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گەردوون دوعای خێر دەکات.

لە چوارشەممە سۆردا ئێزدییەکان دەڕۆن گوڵی سوور لە دەشت و دەر دەچنن و دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە و لەگەڵ توێکڵی هێلکەکاندا بە بەردەرگای ماڵەکانیاندا هەڵیاندەواسن، ئەوەش بۆ ئەوەیە لە هەموو خراپییەک پارێزەراو بن. هەر لەو رۆژەدا توێکڵی هێلەکەکان دەبن بۆ ناو زەوی و زار و دەخڵ و دانەکانیان بۆ ئەوەى خوا بەرەکەت بخاتە ناو دەخڵ و دانیان.

لە ڕووی کولتوری و هونەرییەوە ئێزدییەکان زۆر دەوڵەمەندن و چەند ئامێری مۆسیقایی و هەڵپەڕکێ و حەیران و لاوکیان هەیە و ئەوانەش بە گشتی لە کۆمەڵگەى کوردستاندا برەویان هەیە. بە بڕوای مێهردادی ئێزدی تاوەکو نزیکەى ٢٠٠ ساڵ لەوە پێش زۆربەى کوردەکان ئێزدی بوون، یان بەلانیکەمەوە بە کولتوری ئێزدییەوە ژیاون. هەر یەک لە بڕواکانی یارسانی و عەلەوی و ئێزدی خۆیان لە بە نزیک لە یەکتر دەزانن. هەموویان رەنگی سپی لەلایان پیرۆزە و هەروەها بڕوایان بەوە هەیە لە دوای گیان لە دەستدانی کەسێک، رۆحەکە دەڕوات و لە کەسێکی تردا درێژە بە ژیان دەداتەوە.

فەرمانی دژ بە ئێزدییەکان

ئێزدییەکان بەو هێرشانەى دەکرێتە سەریان دەڵێن، فەرمان. تا ئیستا ٧٤ فەرمان کراوەتە سەر ئێزدییەکان. بەپێی کتێبی رۆڵەکانى خۆر؛ ئێزدی، کە لەلایەن محەمەد ئۆزجانەوە نووسراوە، یەکەم فەرمان لە ساڵی ٩٠٦ دا لەلایەن حەمدانی والیی موسڵەوە کراوەتە سەر ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژی کردوون، چونکە ئامادە نەبوون دەستبەرداری باوەڕەکەیان ببن و ببنە مسوڵمان. حەمدانیەکان لە دوای رووخانی ئەمەوییەکان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و بە شیعە دەناسرێن. حکومڕانی ناوچەکانی موسڵ و حەلەب بوون.

٥ لە فەرمانەکانی دژ بە ئیزدییەکان لەلایەن نادر شاوە ئەنجامدراون. بۆ نمونە لە ساڵی ١٧٤٢ عەلی تەقی خانی سەر بە نادر شا ئێزدییەکانى سلدوز لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵکوژ کرد. نزیکەى ٦٠ فەرمانی دژ بە ئیزدییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئەنجامدراون. بەشێک لەو فەرمانانە لە رێگەى والییەکانی دیاربەکر، موسڵ و بەغدا و حەلەب و چەند میرێکی بەدرخانییەکان و بابانییەکان و.... ئەنجامدراون. لە فەرمانەکانی دژ بە ئیزدییەکاندا جگە لە کوشتنی بە کۆمەڵی ئێزدییەکان، تاڵانکردنی سەر ماڵ و موڵک و مەڕ و ماڵاتەکانیان بە ناوی غەنیمەوە ئەنجام دەدرا.

 ئێزدییەکان بۆ خۆپاراستنیان لە فەرمانەکان هەمیشە پەنایان بردووەتە سەر چیا سەختەکان و چیاکان باشترین پارێزەری ئەو پێکهاتە سەرەکی و گرنگەى کوردستان بووە، کە چیاکانی شێخان، شەنگال، باگۆک، کورمێنج لە عەفرین، چیاکانی دێرسیم و ئامەد لەو چیا گرنگانە بوون بۆ ئێزدییەکان. لەبەر ئەوەش ئێزدییەکان پەرستگە و مەزارگە و ناوەندە گرنگەکانیان لە چیاکاندا دروستکردووە.

لە دوای پرۆسەى ئازادیی عێراقەوە دوو فەرمانی گەورە دژ بە ئیزدییەکان لە باشووری کوردستان ئەنجامدراوە، کە یەکێکیان لە رێگەى تەقینەوەى چەند لۆرییەکی پڕ لە تەمەنی بوو لە کۆمەڵگەى سیبا شێخ خدر لەلایەن چەکدارە خۆکوژەکانی قاعیدەوە لە ساڵی ٢٠٠٧، کە زیاتر لە ٧٠٠ ئێزدیی بێ تاوان و مەدەنی کرانە قوربانی. لە ساڵی ٢٠١٤شدا داعش هێرشێکی گەورەی پاکتاوکاریی بۆ سڕینەوەی یەکجارەکیی ئێزدییەکان ئەنجامدا، کە لەو هێرشەدا زیاتر ٥ هەزار هاووڵاتیی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و نزیکەى ٧ هەزار ژن و کچی ئێزدیش لەلایەن جیهادییەکانەوە رفێنران و وەک کۆیلەی سێکسی و سەبایا و غەنیمە بە دورر لە بەها و رەوەشتە بەرزەکانی مرۆڤایەتی مامەڵە و بازرگانی و کڕین و فرۆشتنیان لە پێناو تێرکردنی هەوەسی هەندێک پیاوی چەکداردا پێوە کرا.

تورکیا و ئێزدییەکان

 بەپێی ڕاپۆرت و سەرچاوە جۆراجۆرە هەواڵییەکان ئەمیر محەمەد سەعید عەبدوالرحمان الموالی ناسراو بە ئەبو ئیبراهیم قارداش، عەبدوڵا قارداش، ئەبو ئیبراهیم قرشی، کە ساڵی ١٩٧٦ لە بنەماڵەیەکی تورکمان لە تەلە عفەری موسڵ لە دایکبووە و پلاندانەری سەرەکیی هێرش و کوشتار و سڕینەوەى ئیزدییەکان و پێکهاتەکانی تر بووە لە ناو داعش دا. قارداش بە پشتبەستن بە ئایدۆلۆژیای شۆڤێنیی تورکی و پشتبەستن بە جیهاد بۆ سڕینەوەى و کوشتنی خەڵکانی غەیری بڕواکەى خۆی، بەو پەڕی توندی و هێزەوە کوشتاری ئەنجامدا. قارداش لە دوای کوژرانی بەغدا کرایە خەلیفەى داعش و ساڵی پار لە ناوچەیەکی ژێر دەستی تورکیا لە ئیدلب لە چالاکیی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا و هەسەدەدا کوژرا.

 قارداش و پلانەکەى بە پلانێکی تورکی دەزانرێت بۆ سڕینەوەى بەشێک لە پێکهاتەکانی کوردستان، کە دەوڵەتی تورکیا لە پشت ئەو پلانانە بووە. لە پشت ئەوە بووە داعش لە بری رووکردنە بەغدا و دیمەشق ڕووی کردە کوردستان و پەلاماری کوردی دا بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی کورد لە باشوور و رۆژئاوا لە ناو ببات. زۆرێک لە سەرچاوەکان باس لە چۆنییەتی گواستنەوەى داعشەکان لە رێگای تورکیاوە بۆ سوریا بۆ ناو چەکدارانی داعش و هەروەها هاوکاریی لۆجستی و راهێنانی سەربازی بە چەکدارەکانی داعش لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە.

ڕووخاندنی مەزارگەی شێخ بەرەکات

دەوڵەتی تورکیا لە دوای داگیرکردنی عەفرین یەکێک لەکارەکانی ڕووخاندنی مەزارگەى شێخ بەرەکات بوو لە عەفرین، کە مەزارگەی پیرۆزی ئێزدییەکانە و لە دوای مەزارگەى لالەش لە شێخان گرنگترین مەزارگەی ئێزدییەکان بوو. سوپای تورک لەسەر شوێنی ئەو مەزارگەیە، کە تەمەنی بۆ زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە، بنکەیەکی سەربازیی دروستکردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەدا بە بەردەوامی گوندە ئێزدییەکانی ناوچەی عەفرین دەڕۆخێنرێن و بۆردومان دەکرێن. جگە لە کوشتنیان ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێزدیى عەفرین لەلایەن چەکدارانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکراون. چەکدارەکان بنەماڵە ئێزدییەکان بە کافر تۆمەتبار دەکەن و دەیانکوژن، یان لە بەرامبەر پارە (فدیە)یەکی زۆردا ئازادیان دەکەن.

هەر لە دوای داگیرکردنی عەفرین لە ناو باکووری کوردستانیش ژمارەیەک هێرشکراوەتە سەر ئێزدییەکان و مەزارگەکانیان و پیرۆزییەکانیان.

 دەوڵەتى تورکیا لە گوندی ئەفشێ لە ناوچەی میدیاتی سەر بە مێردین مەزارگەی ئێزدییەکانی لە ساڵی ٢٠١٨دا رووخاند.

 لە ساڵی ٢٠٢٠دا گۆڕستانی حەسەن بەگی ئێزدی، کە مێژووەکەی بۆ ٣٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە و لە گەڕەکی مەزرە مهۆکی ناوچەی باگۆک لە سنووری شاری نسێبین لە پارێزگای مێردین دایە وێرانکرا.

لە ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس لە هاووڵاتییە ئێزدییە ئاوارەکانی لە ئامەدەوە بە زۆر گواستەوە بۆ دیلۆک، کە بە ناوچەی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەناسرێت.

هاووڵاتیانی ئێزدیی گوندی کەلهۆک لە ناوچەی قوبین لە پارێزگای ئێلح دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، کە لەلایەن سوپای تورکیاوە گوندەکەیان ڕووخێنراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا ئەو داوایەیان قبوڵ نەکراوە و دەست بەسەر زەوی و موڵکەکانیاندا گیراوە.

لە ساڵی ٢٠١٩دا سەربازانی سوپای تورکیا لە زاخۆ گەنجێکی ئاوارەی ئێزدییان بەناوی ئەمین ساڵح کوشت. ئەو گەنجە دانیشتووی کامپی چەم مشکۆ بوو و لە باخێکدا سەرقاڵی کارکردن بوو و سەبازانی تورکیا لە کاتی کارکردندا لە دوورەوە بە چەکی قەناس تەقەیان لێکرد و کوشتیان.

پرۆژە ئۆڤاکۆی و شەنگال

دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە کردنەوەى دەروازەیەکی سنووری بە ناوی ئۆڤاکۆی ڕاستەوخۆ تاوەکو بەسرە پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەبێت. ئەو پرۆژەیە لە کۆتا خاڵی سنووریی نێوان باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان دروست دەکرێت بە کەناری ڕووباری دیجلەدا تاوەکو تەلەعەفەر و موسڵ و لەوێشەوە بۆ سامەڕا و بەغدا درێژ دەبێتەوە. بەپێی پرۆژەکە سوپای تورکیا بۆ پاراستنی رێگای گواستنەوەى بارهەڵگرەکان و رێگاری ئاسنینەکەی شەمەندەرفەرەکان ژمارەیەک بنکەى سەربازی تاوەکو موسڵ دروست دەکات و رێگاکان دەپارێزێت. بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە شەنگال بە تەواوەتی لە باشووری کوردستان دادەبڕێت، چونکە دیوارێکی ئەمنی و سەربازی لە نێوان باشوور و شەنگال دا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دروست دەکرێت.

رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم

حکومەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیازی تورکیا و بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە ڕەزامەندیی ئەمریکا لە ٩ی تشرینی ٢٠٢٠دا  رێککەوتنێکی ٤ خاڵییان لەسەر شەنگال بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری ئێزدییەکان و رەزامەندیی ئێزدییەکان واژۆ کرد. ئەو رێککەوتنە باس لە ئاسایکردنەوەی دۆخی شەنگال و ئاوەدانکردنەوە و نەهێشتنی گروپە چەکدارەکان و پەکەکە دەکات لە شەنگال.

ئەو رێککەوتنە لە کاتێکدا ئەنجامدرا، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا بە بەردەوامی هەوڵ دەدەن شەنگال وەک ناوەندێکی پەکەکە بناسێنن و لە لێدوانەکانیان و راگەیاندنەکانیاندا زۆر کار لەسەر ئەوە دەکەن. پەکەکە لە کاتی هێرشی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ژمارەیەک گەریلای ١٢ کەسیی نارد بۆ شەنگال، کە ئێزدییەکان پێیان دەڵێن، ١٢ سوارەکەى دەروێشی عەبدی رێگرییان لە کۆمەڵکوژکردنی یەکجارەکیی ئێزدییەکان گرت و دواتر بە هاوکاریی یەپەگە و یەپەژە رێڕەوێکی مرۆییان بۆ ئێزدییەکان کردەوە و ئێزدییەکانیان گواستەوە بۆ رۆژئاوا و دواتر گەڕاندنیانەوە بۆ باشووری کوردستان. دوای ماوەیەک گەنجان و ژنان و خەڵکی ئێزدی هێزێکیان بە ناوی یەبەشە و یەژەشە و ئاسایش دروستکرد بۆ پارێزگاریکردنی خۆیان. ئەو هێزانە لەلایەن پەکەکەوە راهێنانیان پێکرا و لەو کاتەوە تا ئێستا شەنگال دەپارێزن.

 لە دوای ئازادکردنی شەنگال لە دەست داعش پەکەکە لە ١ی نیسانی ٢٠١٨دا بە فەرمی هێزەکانی لە شەنگال کشاندەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا و پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە پەکەکە هەر لە شەنگال دایە و پەکەکەش رەتیدەکاتەوە، بەڵام ئەو ململانێ تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە و دەوڵەتی تورکیا و پارتی پێداگرییەکی زۆر لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.

دیواری سەر سنووری نێوان شەنگال و رۆژئاوای کوردستان

لە ماوەی ٢ ساڵی رابردودا سوپای عێراق چەندجارێک هێزی بەرەو شەنگال جوڵاند و هەوڵیدا بە سەپاندنی زۆر ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات، بەڵام هەموو هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە شکستی هێناوە. لە دوای ٢ ساڵ حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە دروستکردنی دیوارێک لە نێوان سنووری شەنگال و رۆژئاوای کوردستاندا بە درێژایی ٢٧٠ کیلۆمەتر. بە دروستکردنی ئەودیوارە شەنگال لە رۆژئاوای کوردستان دادەبڕێت و باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش لە یەک دادەبڕێن.

 ئەگەر پرۆژەی ئەو دیوارە جێبەجێ بکرێت، لە ئەگەری هەر هێرشک بۆ سەر کۆمەڵگەى ئێزدی، هاووڵاتیانی ئێزدی وەک پێشتر ناتوانن لە ناوچەکانیان دەربچن و خۆیان بگەیەننە ناوچە پارێزەراوەکان، چونکە بە دیوارێکی کۆنکرێتی، کە نزیکەى ٤ مەتر بەرزە و تەلی دڕکاویی لەسەر دانراوە و بنکە و قولەی سەربازیی تیادا جێگیر کراوە، سنووریان لێ دادەخرێت و بەو پرۆژەیە شەنگال بە تەواوەتی گەمارۆ دەدرێت.

وێناکە پێمان دەڵێت، دەیانەوێت شەنگال وەک عەفرین بکەنە دوورگەیەکی دابڕاو لە کوردستان و هەموو پەیوەندییەکانی شەنگال و کوردستان داببڕن و لە مانایەکی تریشدا دەرفەت بۆ سڕینەوەی یەکجاریی ئیزدییەکان خۆش بکەن.  

هەموو ئەو پرۆژانە لە خزمەتی سیاسەتەکانی تورکیادان بۆ دووبارە پارچە پارچەکردنەوەى کوردستان و دابڕاندنی ناوچەکانی کوردستان لە یەکتر و سڕینەوەى پێکهاتەیەکی دێرین و مێژووی کوردستان لەسەر خاکەکەى خۆی.

دروستکردنی رق و سڕینەوەى کولتوری و کوچپێکردنی ئیزدییەکان

بۆ ئەوەى پێکهاتەیەک، یان ئایینێک بسڕدرێتەوە، یان شەڕێک هەڵبگیرسێنرێت دەبێت هۆکارێک بۆ رەوایدان بە سڕینەوە و کوشتارکردن و جەنگە بدۆزرێتەوە و لە بەرچاوی رای گشتی و خەڵکدا چەواشەکاری و درۆی لەسەر بڵابکرێتەوە و بەوەش رق و کاردانەوە لە دژی ئەو پێکهاتەیە دروست بکەن. لە دوای ئەوەى ئێزدییەکان ڕووبەڕووی کوشتار و جینۆسایدێکی زۆر قورس بوونەوە و هێشتا برینەکانیا ساڕێژ نەکراوە، دەستکراوەتەوە بە هێرشکردنە سەر رەمز و بەهاکانی ئێزدییەکان و کار بۆ دروستکردنی رق بەرامبەر بە ئێزدییەکان دەکرێت، یان بەلانیکەمەوە ئێزدییەکان و ئایینەکەیان و کولتورەکەیان بە بێ بەها بە رای گشتی نیشان دەدەن.

دەروێشی عەبدی و هێدی باژۆ

لەم دواییانەدا دوو هێرشی زۆر چڕ کرایە سەر کولتور و کەرامەتی ئێزدییەکان، کە یەکێکیان ھێرشکردنە سەر پاڵەوانی بەرگریی ئێزدییەکان دەروێشی عەبدی و عەدولێ بوو. ئەو هێرشە بە چەواشەکارییەکی زۆر لە دژی عەدولێ و دەرویشی عەبدێ بڵاوکرایەوە و بە ئاشکرا سەرچاوە مێژوویەکانی بەرەنگاریی دەروێشی عەبدوی و عەدولییان بەرامبەر بە زوڵمی عوسمانییەکان شێواند.

 دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک هەڵمەتێکی تری هێرش و گاڵتەپێکردن کرایە سەر یەکێکی تر لە رەمزی ئێزدییەکان، کە حەیرانی دێرین و بەرەنگاریی هێدی باژۆیە و ئێزدییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و خۆپاراستنیان ئەوەیان ئافراندووە، بەڵام بە شێوەیەکی چڕ هێرشکرایە سەر رەمزەکانیان و هیچ کەسیش لەسەر ئەو چەواشەکارییانە و بڵاوکردنەوەی رق و وتەى نابەجێ و نەشیاو و پڕوپاگەندەی خراپ لە دژی چەوساوەترین بە بێبەشترین پێکهاتەی کوردستان دەستگیر نەکراوە، یان لێپێچینەوەی لەگەڵ دا نەکراوە.

یەکێکی تر لەو فاکتەرانە بۆ سەرخستنی پرۆسەى سڕینەوەى پێکهاتەیەکی چەوساوە کۆچپێکردنیەتی لەسەر خاکی خۆی. لە دوای هێرشی داعشەوە کۆچێکی بەرفراوانی ئێزدییەکان دەستپێکردووە. لە ماوەی ساڵانی رابروودا ئاسانکارییەکی زۆر کرا بۆ کۆچ و لەو چوارچێوەیەدا ئێزدییەکان کۆچی بە کۆمەڵیانکرد بۆ ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا. لەو ماوانەی رابردوودا سنوورەکان بە ڕووی کۆچبەراندا کراوە بوون و جۆرێک لە ئاسانکاری بۆ گواستنەوە و هەڵکەندنی ئێزدییەکان لەسەر خاکی خۆیان ڕوویدا. ئەو گواستنەوەیە  لە درێژخانەیەدا دەبێتە هاوکاری بۆ پرۆسەی سڕینەوەى و لە ناوچوونی یەکێک لە دێرینترین کولتورەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی.

بۆردومان و تیرۆر

شەنگال لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن تورکیاوە بە بەردەوامی بۆردومان دەکرێت. لەو بۆردومانەدا کەسایەتی و فەرماندە و سەرکردەکانی ئێزدی دەکرێنە ئامانج، کە شەڕیان لە دژی داعش بۆ مانەوە و پاراستنی ئێزدییەکان کردووە. لەوانە زەکی شەنگالی، زەردەشت شەنگالی، سەعید حەسەن، مەروان بەدەل خوێدا و...هتد. تورکیا لە بۆردومانەکانیدا شوێنە مەدەنییەکان و نەخۆشخانەکانیش دەکاتە ئامانج. جگە لەوانەش گوێ بە پیرۆزیی ئێزدییەکان نادات و تەنانەت لە رۆژانی جەژنی ئیزدییەکاندا هێرش دەکاتە سەریان، کە ئەو رۆژانە بەلای ئێزدیەکانەوە رۆژی پیرۆزن و بۆ ئاشتییە و شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن تیایاندا حەرامە، بەلام دەوڵەتی تورکیا لە بۆردومانەکانیدا ئەو سروتانە لە بەرچاو ناگرێت.

سەرچاوە: ژمارە ١٩٦٣ڕۆژنامەی ھاوڵاتی