شیار دێرسیم باس لە سەکینە جانسز دەکات

شیار دێرسیم: هەڤاڵ سارا نەک هەر لە کوردستان، لەسەرتاسەری جیهان بووە نمونە بۆ ژنان. لە کوردستان هەموو پێشکەوتنێک لەسەر بنەمای ئازادیی ژن، وەک شۆڕشی ژن پێناسە دەکرێت. پشکی هەڤاڵ سارا لەوەدا گەورەیە.

لە ٩ ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ دا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا یەک لە پێشەنگانی بزوتنەوەی ئازادیی کورد سەکینە جانسز (سارا) لەگەڵ هاوڕێیانی فیدان دۆغان (رۆژبین) لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) لەلایەن دەوڵەتی تورکی فاشیستەوە تیرۆر کران. شیار دێرسیم یەک لە هاوڕێیانی سەکینە جانسز لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات باسی لە هۆشمەندی هاوڕێیەتی، کەسایەتی شۆڕشگێڕانە و هەڵوێستی ئایدۆلۆژیکی سەکینە جانسزی کرد.

شیار دێرسیم ئەوەی خستەڕوو کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا سەکینە جانسزی لە نزیکەوە ناسیوە، بەڵام پێشتر تێکۆشانی چەندین ساڵەی ئەو لەناو پەکەکە و بەرخودانی زیندانەکان ناسیبوو و وتی، "هەڵوێستی ئەو لە بەرخودان لە زیندان، مامەڵە و هەڵسوکەوتەکانی لەگەڵ هاوڕێیانی، بەردەوام باس دەکرا. ئەو بەشانەی ژنانی تێدابوون، بەراورد لەگەڵ ئەو بەشانەی پیاویان تێدابوو، دۆخیان دژوارتر بوو. هەڵوێستی هەڤاڵ سارا لەناو ئەو هەلومەرجە دژوارەدا لە ناو یادگەی مرۆڤەکاندا نەخشاوە".

'هەڤاڵ سارا شۆڕشگێڕێک بوو لە سەر ئاستی جیهان'

شیار دێرسیم باسی لەوەکرد کە سەکینە جانسز شۆڕشگێڕێک کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەناسرا و ئەوەی خستەڕوو کە کۆمەڵکوژی پاریس بە رێکەوت نەبووە و لە ئەنجمای پلاندانانی گلادیۆی ناتۆدا کراوە. دوژمن لە رێگەی کردنە ئامانجی هەڤاڵ سارا ویستی لە ناو رێکخستندا پشێوی بنێتەوە. هەم هەوڵی دا ئەوە وەک شەڕێکی ناوخۆیی نیشان بدات، هەمیش پەیام بداتە کۆمەڵگە، کە ئەگەر وەفادار بن بەرامبەر بە تێکۆشانی ئازادیی کورد، کۆمەڵکوژی بەو جۆرەتان بەسەردا دێت. دەرسیم ئەوەشی خستەڕوو کە پلانەکەی دوژمن سەرینەگرت و وتی: "دوژمن نەیدەزانی کە ئەو کۆمەڵکوژیە بەو رادەیە پشتیوانی لە تێکۆشانی ژنان و بزوتنەوەی ئازادیی کورد زیاتر دەکات".

رۆڵی پێشەنگایەتی لەناو شۆڕشی ژناندا

شیار دێرسیم سەرنجی راکێشا بۆ سەر کاریگەری سەکینە جانسز لەسەر بزوتنەوەی ئازادی ژنان و وتی، "لە کوردستان هەموو بەرەوپێشچوونێک لەسەر بنەمایە شۆڕشی ژنان ئەنجامدراوە. هەڤاڵ سارا لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا کەسایەتیەکی بەو جۆرە بوو، کە نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە جیهانیش بووە نمونە بۆ ژنان... هەموو پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونێک لە کوردستان لەسەر هێڵی ئازادیی ژن دەستەبەر بووە؛ وەک شۆڕشی ژن پێناسەدەکرێت. لەمەشدا هەڤاڵ سارا پشکی گەورەی بەردەکەوێت".

'کەموکوڕی هاوڕێکانی بە کەموکورتی خۆی دادەنا'

دەرسێم باسی لەوەکرد کە هۆشمەندی هاوڕێیەتی سەکینە جانسز لە هێڵی ئایدۆلۆژیکی پەکەکەوە سەرچاوەی دەگرت و وتی، "زمانی رەخنەگرتنی بە جۆرێک بوو کە مرۆڤی نەدەشکاندەوە، یەک لە تایبەتمەندییە سەرەکیەکانی کەسایەتی ئەو بەم جۆرە بوو، کەموکورتی هاوڕێیانی بە کەموکورتی خۆی دادەنا، بۆ بەرەوپێشبردنی هاوڕێیانی هەوڵی زۆری خستەگەڕ. شیار دێرسیم جەختیشی کردەوە کە سەکینە جانسز بەو تایبەتمەندیانەی خۆیەوە کاریگەری بەهێزی لەسەر هەموو کەسێک دانا.

دەرسیم ئاماژەی بە لایەنێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی سەرکردایەتی سەکینە جانسز کرد و ئەوەش دیالۆگەکانی بوو لەگەڵ رێبەر ئاپۆ و و لەو رووەوە وتی، "یەک لەو هاوڕێیانی دەیتوانی بە ئاسانی لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا گفتوگۆ بکات".

کاریگەری کۆمەڵکوژی

دەرسیم باسی لە ساتی کۆمەڵکوژیەکە و کاریگەرییەکانی کرد، "لەەڵ بیستنی هەواڵەکە خەڵک لە هەموو لایەکەوە خۆی گەیاندە شوێنی رووداوەکە. تاکە وشەیەک کە لە سەر زاری هەمووان بوو ئەمەبوو: تۆڵەکردنەوە". دەرسیم ئەوەشی خستەڕوو کە چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژیەکە لە سەروی لێکدانەوەی هێزە ئەمنییەکان بوو و وتی، "پێشبینیان نەدەکرد کە لە ماوەی شەوێکدا ٢٠٠-٣٠٠ هەزار کەس دەتوانن بکەونەڕێ بەرە پاریس. لەسایەی کۆمەڵگەی رێکخستنکراومان گەمەکانی دوژمن بۆ دوای کۆمەڵکوژیەکە تێکشکێندران".

شیار دێرسیم لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو کە شەهیدبوونی سەکینە جانسز لە ناو بزوتنەوەکەدا نەبووە مایەی دروستبوونی بۆشایی، بە پێچەوانەوە هێزێکی ئافراند کە هێندەی تر تێکۆشانی گەورەتر کرد.