ڕۆژنامەنووسی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، سلێمان ئەحمەد، ماوەی ٤٠ ڕۆژە لەلایان پەدەکەوە دەستبەسەرە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی بڵاو نابێتەوە.
بەم هۆیەوە نیگەرانییەکان سەبارەت بە ژیانی سلێمان ئەحمەد زیاتر دەبن. تەنانەت پەدەکە ڕێگە بە پارێزەر و بنەماڵەکەی نادات چاویان پێبکەوێت. ڕۆژنیوز ڕایگەیاند، پەدەکە بەرپرسیارە لە سەلامەتی و ژیانی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووسەکەیان.
ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە شێوەیەکی یاسایی لە باشوورەوە دەچێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان و سەردانی بنەماڵەکەی دەکات لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب، بەڵام دواتر لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کاتێک ویستوویەتی لە ڕێگەی دەروازەی سنووری پێش خابوور (سێماڵکا)ەوە بگەڕێتەوە ناو باشووری کوردستان بۆ ئەنجامدانی کارەکانی، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ڕفێندراوە. لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە لایەن ناوبراوەوە بڵاو نابێتەوە.