سەندیکای پارێزەرانی شەرناخ ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر تاڵانکردنی سرووشت

سەندیکای پارێزەرانی شەرناخ ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر تاڵانکردنی سرووشتی بۆتان کە بەدەستی جەردەوان و سەربازانی تورک ئەنجام دەدرێت.

تاڵانکردن یان قڕکردنی دار و سرووشت لە هەرێمی بەستا، چیای جودی و گابار و دواجاریش تاڵانکردنی دارەکان لە گوندی کۆماتی سەر بە ناوچەی ئەلکێ کە بەدەستی جەردەوان و بە چاودێری سەربازەکان ئەنجام دەدرێت، بەردەوامە. کۆمیسیۆنی ژینگەی شار و سەندیکای پارێزەرانی شەرناخ لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوە دژی تاڵانکردنی هەرێمەکە تێدەکۆشن، دەڵێن: "ئێمە هەموو سالێک دژی تاڵانکردنی سرووشتی شەرناخ، داوا و سکاڵا بەرزدەکەینەوە، ڕاپۆرت بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە، کەچی هەوڵەکان بۆ بێ دار کردن و وشککردنی هەرێمەکە بەردەوامە. بە هاتنی وەرزی هاوین بڕینی دار و تێکدانی سرووشت بەشێوەیەکی ترسناک بەردەوامە. ئێمە پێشتر گوتمان، سرووشتی شەرناخ دەکەنە قوربانی کرێخۆری. هەرێمەکە دەگۆڕن بۆ گۆڕەپانی کانگا و بیناسازی.

لەم قۆناغەدا درێژە بە پرۆسەی یاسایی دەدەین، بڕیار و ئیرادەمان پیشان دەدەین و چاوناپۆشین لە تاڵانکردنی سرووشتمان. ئێمە دژی ئەم تاڵانە دیسان هەوڵی یاسایی دەست پێ دەکەین و لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەین".