سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ: سزادانی شێروان شێروانی ستەمکارانەیە

ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر سەپاندنی سزای چوار ساڵی دیکە بە سەر رۆژنامەنووسی زیندانیکراو شێروان شێروانی بەردەوامە و هەر یەک لە سەنتەری میترۆ وسەندیکای رۆژنامەنوسان سزاکەیان بە ستەمکارانە ناوبرد و رایانگەیاند، چیتر بێدەنگ نابن.

ئەمڕۆ لە ماڵی سندی لە شاری سلێمانی، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ١٧دەزگای میدیایی و ١٥٠ ڕۆژنامەنووس وهەریەک لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ ، لە دژی سزادانی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، وتاریان پێشکەشکرد.

 کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکدا بە وتنی زیندانتان باش ڕۆژنامەنووسان، وتارێکی پێشکەش کرد وتی: هەتا ئێستا یەک تەقەکەری کەسی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان دەستگیرکراوە، لە هەرێمی کوردستاندا لەو هەموو کەیسە، ئیتر بۆچی شێروان شێروانی سزا نەدرێت، نابێت ڕۆژنامەنووسان هەر وا دابنیشن، دەبێت جووڵەیەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بکەین، سزادانی شێروان شێروانی سزایەکی ستەمکارانەیە، دڵیابن ڕۆژنامەنووسان تینیان بۆ هاتووە و چیتر بێ دەنگ نابن.

دواتر هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتی: ئەو کەسانەی لە دادگای کردنی شیروان شیرواندا بەشدار بوون باس لەوە دەکەن، کە بەڵگەکان دروستکراوبوون و ئەو تاوانانەی خرابوونەتە پاڵی ڕاستەقینە نەبوون، ئەو سزایەی کە بۆ شێروان شیروانی دەرچوو کەس چاوەڕێی ئەوەی نە دەکرد ئەم سزایە بدرێت، دادگا دووبارە سەلماندی ویستێک نییە بۆ ئەوەی سەروەری یاسا بەرقەرار بێت.

ئەوەشی خستەڕوو،  ئەمە لە کاتێکدایە لەم کابینەی حکومەتدا باس لەسەروەری یاسا و ڕووبەڕووبوونەی گەندەڵی دەکەن، دەزگا میدیایەکان و ڕۆژنامەنووسان بکاتە دۆستی خۆی لە پرسەکاندا هاوکاری بکات، لە شوێنی ئەوە کۆمەڵێک یاسایان دەرکرد لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە ئازادی ڕۆژنامەنووسانیان زیاتر بەرتەسک کردەووە، ئێمە چیتر لەبەرامبەر سزادانی ڕۆژنامەنووسان بێدەنگ نابین.

هـ . ب