سەرکەوت شەمەسەدین: بارزانی ئامادە نیە لە پێناو موچەی خەڵک هیچ رێکەوتنێک بکات

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکەوت شەمسەدین لە لێستی هیوا دەڵێت، بارزانی ئامادە نیە لە لە پێناو موچەی خەڵک هیچ ڕێکەوتنێک بکات.

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە بەغدایە بە مەبستی دانیشتن و ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر کەیسی نەوتی هەرێمی کوردستان و موچەی فەرمانبەران، دەربارەی ئەگەری ڕێکەوتن یاخود نا سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هیوا لە ڕونکردنەوەییەکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسەکەمان ناردووە رایدەگەیەنێت: ڕون و رەوان شاندەکەی بارزانی لە بەغداد رایگەیاندووە، کە ئەوان پێنج مانگە چۆن موچەیان دابەشکردووە، ئەوە ئەمساڵیش هەمان شت دەبێت و ئامادەی رێکەوتن نین لەگەڵ عێراق، ئەگەر عێراق پارەی بەلاش بنێرێت ئەوە جیایە.'

حکومەتی هەرێم: خەڵک کێشەی نیە

هەروەها سەرکەوت شەمسەدین دەڵێت شاندەکەی هەرێم پێیانوایە خەڵک هیچ  کێشەیەکی نیە و بەمشێوازە لە زمانی شاندەکەوە دەڵێت: شاندەکەی بارزانی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد بە هاورێیانی ئێمە لە هاوپەیمانی هیوایان راگەیاندوە کە "خەڵک کێشەی نیە و رێکەوتن بکرێت یان نا، بەپێی ئەوەی کە هەیە موچە دابەش دەکرێت."

 "عێراق چەند بژاردەیەکی هەیە کە دەبێتە هۆ گێڕانەوەی پشکی هەرێم"

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت: عێراق چەندین بژاردەی ئامادەکردووە، کە هەمویان دەبێتە هۆی گێڕانەوەی پشکی هەرێم و کۆتایی هاتنی بابەتی موچە، و گێڕانەوەی پترۆ دۆلار و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئەوەی عێراق داوای دەکات تەنیا ئەوەیە دەسەڵاتی فیدڕاڵی نەوت بفرۆشێت و بەرپرسیاری دارایی و بەبازاڕکردنیش بگرێتە ئەستۆ. ئیتر هیچ بیانویەک نەماوەتەوە، کە مەسعودبارزانی و کوڕەکانی و وەکیلەکانیان لە ناو گۆڕان و یەکێتی خەڵکی پێچەواشە بکەن.

لە کۆتایی قسەکانییدا سەرکەوت شەمسەدین بۆچوونی لیستی هیوا دەخاتەڕوو و دەڵێت: با رون بێت، هاوپەیمانیی هیوا بژاردەی خۆی پێشکەش دەکات و مافی دارایی خەڵک سەنتەری بژاردەکەمانە و هیچ بیانویەک بۆ وەکیلەکانی بارزانیش نامێنێ، کە بەردەوامی بدەن بەم کەمپینی سپیکردنەوەی روی دەسەڵات و چەواشەکردنی رای گشتی.

ژ.ت