سوپای تورک لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەدەکە خاڵی پشکنینی داناوە

سوپای داگیرکەری تورک دوو خاڵی پشکنینی سەربازی لە نێوان گوندەکانی بازێ و بێریزانێ و هەروەها لە نێوان بێریزانێ و کانی بەلاڤێ لە هەرێمی بەرواری باڵا لە ناوچەی ئامێدی داناوە و ناسنامەی هاووڵاتییان کۆنترۆڵ دەکات.

سوپای داگیرکەری تورک دوو خاڵی پشکنینی داناوە

سوپای داگیرکەری تورک دوو بازگەی سەربازی لە نێوان گوندەکانی بازێ و بێریزانێ و گوندەکانی بێریزانێ و کانی بەلاڤ لە هەرێمی بەرواری باڵا لە ئامیدی کە سنووری نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی ژێر کۆنترۆڵی پەدەکەیە، داناوە و ناسنامەی هاووڵاتیان لە بازگەکاندا کۆنترۆڵ دەکرێت. نزیکەی ٢٠٠ مەتر پێش و دوای گەیشتن بە خاڵە پشکەنینەکان، بەربەستی ئاسنین لە لای ڕاست و چەپەوە دانراوە. هەروەها خاڵی پشکنینەکان بە بلۆکی چیمەنتۆی گەورە لە لای ڕاست و چەپی ڕێگاکە دانراوە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک سەربازانی خاڵە پشکنینەکان لە بنکەکانی ئەو ناوچەیەوە دەهێنێت.

بۆ یەکەمجار خاڵی پشکنین دادەنرێت

سوپای داگیرکەری تورک لە ٢٥ی ئایاری ١٩٨٣ بە هێزێکی نزیکەی ١٠ هەزار کەسی و بە بەزاندنی ٥ کیلۆمەتر نێوان زاخۆ و ئامێدیەوە، یەکەم لەشکرکێشی بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکرد. دوای ئەم هێرشە تا ئەمڕۆ هێرشی داگیرکەران بەردەوامی هەیە. بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە سوپای داگیرکەری تورک لە ناوچە سنوورەییەکانی عێراق کە لەژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدایە و نزیکەی ٣٥ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی کۆماری تورکیاوە دوورە، بنکەی سەربازی دادەنێت و بۆ یەکەمجارە بە سەرباز و کەرەستەی سەربازییەوە خاڵێکی پشکنینی سەربازی لەناوەوەی سنوورەکانی عێراق دروست دەکات و ناسنامەی هاووڵاتیانی عێراقی و هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ دەکات.

لەوەتەی ئەم دۆخە ئاشکرا بووە تا ئێستا هیچ لێدوانێک لەلایەن حکومەتی عێراق و پەدەکەوە بڵاونەکراوەتەوە. ئەم کارە چ لە ڕای گشتی عێراق و چ لە ڕای گشتی باشور کوردستانەوە ناڕەزایەتی جددی لێکەوتووەتەوە.

سوپای داگیرکەری تورک داوای هاوکاری لە هاووڵاتیان دەکات

سەربازە داگیرکەرەکانی تورک ناسنامەی هاووڵاتییان دەپشکنن و داوای هاوکارییان لێدەکەن. نوسراو دەدرێت بەو هاوڵاتیانەی بە بازگەکاندا تێدەپەڕن واتە بەم کارەیان بە ئاشکرا سیخوڕی بەسەر خەڵکی ناوچەکەوە دەکەن و دەیانەوێت خەڵک ناوچەکانیان چۆڵبکەن. لە ئێستادا ٦٠٪ی خەڵکی ناوچەکە ڕوویان لە دهۆک کردووە و لە دانانی خاڵە پشکنینەکان ڕازی نین.

پەدەکە هەڕەشە لە هاوڵاتیان دەکات

بەگوێرەی سەرچاوە هەرێمیەکان، یەکەکانی سەر بە پەدەکە هەڕەشە لە خەڵک دەکەن کە باسی جموجۆڵەکانی سوپای تورک نەکەن لە ناوچەکە.

هەروەها ناوچەی دارستانی دەوروبەری گوندی دەرگەل لە هەمان ناوچە لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە سووتێنراوە. لە دوێنێوە ئاگرەکە بەردەوامە.