سزای زیندان بەسەر مامۆستایەکی زمانی کوردی جێبەجێکرا

دەوڵەتی ئێران سزای سەپێندراوی ساڵێک زیندانی بەسەر سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی خستە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە تۆمەتی 'تێکدانی ئاسایشی گشتی' دادگای سنە سزای ساڵێک زیندان و لێدانی ٤٠ قامچی بەسەر سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی نوژیندا پەسەند کردووە و دوێنێ ئەو مامۆستایە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی گواسترایەوە بۆ زیندانی ئەو شارە.

لە دۆسیەیەکی دیکەدا سەیوان ئیبراهیمی سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و لەئەگەری پەسەند کردنی ئەو سزایەش، دەبێت ١٠ ساڵی دیکە لە زینداندا بمێنێتەوە. لەو دۆسیەدا ئیبراهیمی تۆمەتبارکراوە بە 'دروستکردنی گروپ و رێکخراو بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات'.

سەیوان ئیبراهیمی هاوژینی زارا محەمەدیە، کە ئەویش بە تۆمەتی وتنەوەی وانەی کوردی پێشتر سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام دواتر بەر لێخۆشبوون کەوتبوو و ئازادکرابوو.

هـ . ب