گەریلاکانی هەپەگە، سەبارەت بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ کە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیری لە ئیمراڵی قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد. گەریلای هەپەگە ئاسلان قیبەسین باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورک و هێزە بەشداربووەکانی پیلانگێڕییەکە رۆژ لەدوای رۆژ پیلانگێڕی لە سەر رێبەری گەلی کورد توندتر دەکەنەوە و وتی، "ئەگەر چی رێبەر ئاپۆ لە رووی جەستەییەوە بەدیل گیرابێت، بەڵام رێبەرێکە کە بە فەلسەفە، ئایدۆلۆژیا و ئەندێشەکانی خۆی ئازادی بەدەستهێناوە. وەک جەنگاوەرانی رێبەر ئاپۆ لە چیاکانی کوردستان درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین و خاکی کوردستان لە دوژمنان پاک دەکەینەوە. تا گۆشەگیری سەر رێبەرمان تێکدەشکێنین، درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. ئێمە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ سەرکەوتنی ئازادیی کوردستان دەخوڵقێنین.
بەر لە ٢٥ ساڵ لەلایەن هێزە هەژمونگەراکان، دەوڵەتی تورک و دەوڵەتە نێونەتەوەییەکان لە دژی رێبەر ئاپۆ پیلانگێڕییەکی گەورە ئەنجامدرا و ئەو پیلانگێڕییە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە بەردەوامە. لە ئەنجامدا رێبەر ئاپۆ بە دیلگیرا. ٢٥ ساڵ بەسەر ئەو پیلانگێڕییەدا تێپەڕبوو. رێبەر ئاپۆ بە ئەندێشە و رامانی خۆیەوە لەناو گەل و لەناو گەریلادایە. گەل و گەریلا لەسەر ئەو بنەمایە رێدەکەن و هەنگاو دەنێن. ئێمە ئەمساڵ دەکەینە ساڵێک کە ئێمە تیایدا سەرکەوتن و ئازادی جەستەیی رێبەرمان بەدەستبهێنین.
'چەندە گۆشەگیری توندتر بکرێتەوە، دەوڵەتی تورکیش ئەوەندە گورزی لێدەدرێت'
لە بنەڕەتدا بانگەوازی ئێمە بۆ دەوڵەتی تورک ئەمەیە؛ لەو شەڕەیدا کە سێ ساڵە بەردەوامە، دەوڵەتی تورک و نەتەوە دەوڵەت بە هەموو جۆرە تەکنەلۆژیایەک هێرشی قورس لە دژی رۆژئاوا، باکور، باشور، رۆژهەڵات و گۆڕەپانەکانی گەریلا ئەنجام دەدات. یەک لە هۆکارەکانی ئەو هێرشانەش ئەو گورزانەن کە لە چالاکیەکانی گەریلادا بەریان کەوتووە. دوژمن بە هۆی گورزی قورس کە لە گەریلاوە بەری دەکەوێت، هێزی بەرەنگاربوونەوە و بڕوای خۆی لە دەستدا. لەبەر ئەوەی گۆشەگیری سەر رێبەرایەتی بەردەوامە، هەڵمەتەکانی گەریلاش بەردەوامن. گۆشەگیری سەر رێبەرایەتی چەندە دژوارتر بێت، دەوڵەتی تورک ئەوەندە گورزی بەردەکەوێت".
'ئازادی رێبەر ئاپۆ'
گەریلای هەپەگە هەژار کارۆخ لە بارەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات و گۆشەگیری لە ئیمراڵی رایگەیاند، "گەورەترین ئامانجی پیلانگێڕییەکە بێکاریگەرکردنی رێبەر ئاپۆ، دابڕاندنی لەگەل، کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی پەکەکە، لەناوبردنی کوردی ئازادبوو. بەڵام ئەمڕۆ بە روونی دەبینرێت کە تێکۆشانی بزوتنەوەی کورد و تێکۆشانی گەلی کوردی وڵاتپاڕێز ساڵ لە دوای ساڵ گەورەتر بووە، ئەندێشە و رامانەکانی رێبەر ئاپۆ بە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەوە. بەتایبەتی لە بەر رۆشنایی پارێزنامە و ئەو رێنماییانەی کە خراونەتەڕوو، لە زۆر ناوچەی جیهان خاوەنداری لە رێبەرایەتی زیادبووە. هێزە هەژموونگەرا و پیلانگێڕەکان ناتوانن لەو هەمووانە تێبگەن، گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ دژوارتر کرا. رێبەر ئاپۆ بە ئیرادەی خۆی، بە شێوازی ئەندێشە و تێکۆشانی خۆی، هێزە پیلانگێڕەکانی پوچەڵ کردەوە. تێکۆشان لە چیاکانی کوردستان، تێکۆشانێکی مێژووییە. بەرخودانێکی مێژووییە. ئەو رێگەیەی کە ئێمە دەیگرینەبەر هێڵی رێبەرایەتیە، هێڵی گیانبازییە، هێڵی شەهیدانە. ئێمە لەسەر ئەو بنەما و پرەنسیپانە پێداگری دەکەین؛ ئێمە بە دڵنیاییەوە ئەمساڵ دوژمن تێکدەشکێنین. خاک و چیاکانی کوردستان دەبنە گۆڕی دوژمنان. ئێمە لە ٢٥ەمین ساڵەی پیلانگێڕییدا ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و ئازادی کوردستان دەهێنینەدی".
هـ . ب