تا ئێستا لە مەرەش دەست بۆ هەزاران داروپەردووی بینا ڕووخاوەکانی بومەلەرزەکە نەبراوە

تا ئێستا هەزاران داروپەردوی بینا ڕووخاوەکانی بومەلەرزەکە لە ناوەندی مەرەش دەستیان بۆ نەبراوە. تا دێت بۆنی تەرمی ژێر داروپەردووەکان زیاتر دەبێت.

تا ئێستا هەزاران داروپەردوی بینا ڕووخاوەکانی بومەلەرزەکە لە مەرەش، کە چەقی بومەلەرزەکە بوو، دەستیان بۆ نەبراوە. بەپێی زانیارییەکانیش هێشتا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە ژێر داروپەردووەکاندان و دەرنەهێنراون.

لە زۆرێک لە شەقامەکاندا کاری لابردنی داروپەردوی بینا ڕووخاوەکان بەردەوامە، بەڵام تا ئیستا هیچ دەستێوەردانێک بۆ لابردنی  داروپەردوی خانووە ڕووەخاوەکانی ناو کۆڵانەکانی شاری مەرەش ئەنجام نەدراوە. 

جگە لە خۆڵ و تۆزی بینا ڕووخاوەکان، تاوەکو دێت بۆنێکی قورس بە ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر تەرم لە ژێر داروپەردوەکاندان و هێشتا دەرنەهێنراون.

١٢٠ هەزار کەس کۆچیان کردووە

بەپێی زانیارییەکان تەنها لە ناوەندی شاری مەرەش دا زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس کۆچیان کردووە.

گەل لەبارەی ئەو کەسانەوە، کە لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لە دەستداوە ژمارەی جیاواز لە ئامار و ژمارەکانی دەوڵەت دەڵێن. دانیشتوانی شارەکە ڕایانگەیاند، ئامار و ژمارە فەرمییەکان ڕاستن نین و ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندی مەرەش گیانیان لەدەستداوە نزیکەی ١٥ هەزار کەسە.

خەڵکی شارەکە ئەوەشیان ڕاگەیاند، هێشتا ژمارەیەکی زۆر تەرم لە ژێر داروپەردوەکاندان. خەباتکارێکی ئافاد-یش ڕایگەیاند، مەزەندە دەکەن هێشتا نزیکەی ٢٠٠ تەرم لە ژێر داروپەردووەکاندان.

ژ.ت