تاژێ: پێویستە بە زوترین کات بکوژی ئاخین سزابدرێت

تاژێ بانگی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بو زوترین کات بکوژی ئاخینی تەمەن شەش ساڵ سزابدرێت.

سەرەتای مانگی ئاب، لە کەمپی چەمشکۆی ناوچەی زاخۆ، فاروق میرزا کۆچبەری شەنگالی و کچەکی ئاخینی تەمەن ٦ ساڵ، لەلایەن کەسێکی خەڵکی دهۆکەوە کوژران. دوای ئەوە بکوژەکە دەستگیرکرا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، بکوژەکە دەستدرێژی کردووتە سەر ئاخینی ٦ ساڵ و دواتر کوشتوویەتی.

نارەزایی کۆمەڵگەی ئێزدی و رێکخراوەکانی ژنان لەدژی کوشتنی ئاخین و باوکی، رۆ بە رۆژ زیاتر دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوای سزادانی بکوژەکەی ئاخین و باوکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

راگەیەنراوەکەدا لەلایەن وەهتا رەشۆ ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی خوێندرایەوە. سەرەتا سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئاخین کرا و وترا، " ئێمە وەک گەلی شەنگال، ٧٤ جار رووبەروویی فەرمان بووینەتەوە، گەلەکەمان لە کەمپەکانی باشوری کوردستان لەبەرئەوەی لە خاکەکەیان دوورن، زوڵمیان لێدەکرێت.

دەستدرێژیکردن لەسەر ئاخینی ٦ ساڵ لە داعش جیاوازتر نییە. ئێمە وەک دایکانی شەنگال تاوەکو کۆتایی لەدژی ئەم جۆرە کردەوە قێزەونانە تێدەکۆشین و پێویستە بکوژەکە بە زوترین کات سزابدرێت.

لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەدا بانگەوازی لە گەلی ئێزدی لە کەمپەکانی باشوری کوردستان کرا کە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و بەم قسانە کۆتایی بە راگەیەنراوەکە هێنرا: " یەکەم جار نییە کە دەستدرێژی دەکرێتە سەر کچانی منداڵ، بە دەیان جار ئەم تاوانە قێزەونە دووبارە بووەتەوە. پێویستە ئێدی گەلەکەمان، خۆیان لە زوڵم رزگار بکەن و روو بکەنە شەنگال و ئەم خیانەتەی سەر خۆیان قبوڵ نەکەن و بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان."

ف.ق