تەرمی ٤١ ئێزدی لە شەنگال بەخاکسپێردران

٤١ تەرمی قوربانیانی فەرمانی ٣ هەمینی ئابی ٢٠١٤ کە لە کاتی جیاواز لە گۆڕی بەکۆمەڵ بەخاک سپێردرابوون، دەرهێنرانەوە و لە شەنگال بەخاک سپێردران.

جڤاکی ئێزدی لەکاتی فەرمانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ ڕووبەڕووی دڕندەیی چەتەکانی داعش بوویەوە و هەزاران کەس کوژران و ڕفێنران و لە بازاڕەکان فرۆشران. هەروەها بەشێکی زۆری لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەخاک سپێردران. لەکاتی فەرمانەکەدا ٦ هەزار و ٤١٧ کەس ڕفێنران و چارەنووسی زیاتر لە ٢ هەزار و ٦٠٠ کەسیان هێشتا نادیارە. چاوەڕوان دەکرێت زۆربەیان لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان بن. تا ئێستە، بێجگە لە گۆڕە تاکەکەسییەکان، تەنها لە شەنگال ٩٢ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە.

لە ١٥ ی ئاداری ٢٠١٩ ـەوە لەلایەن تیمەکانی هەڵدانەوە گۆڕەکانی سەر بە دامەزراوەی شەهیدانی عێراقەوە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەستکراوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شەنگال و دەوروبەری. بەڵام تا ئێستە تەنها ٥٥ گۆڕ هەڵدراونەتەوە و تەرمی ٢٤٢ کەس لەوێ دۆزراونەتەوە.

لەو گۆڕانەی هەڵدراونەتەوە لەو هەزار و ٣٢ شەهیدە، تەنها تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی ٢٤٢ شەهید کراوە و بۆ کەسوکاریان لە شەنگال نێردراونەتەوە.

تا ئێستە دی ئێن ئەی ٧٩٠ شەهیدی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاشکرا نەکراوە و هێشتا لە پزیشکی دادوەری بەغدایە.

لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ ٤١ تەرم پاش پشکنینی دی ئێن ئەی گەیشتنەوە شەنگال، لە گوندی سۆلاغ بە مەراسیمێک ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە. لە مەراسیمەکەدا تەرمی شەهیدان بە دەف و سروودی ئایینی پێشوازیان لێ کرا و بەخاک سپێردران.

کەسوکاری شەهیدان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی بەرامبەر خەمساردی حکومەتی عێراق و ڕایانگەیاند لە حکومەتی عێراق بێزاربوون.

دایکێک بە ناوی نیسان حەسەن ڕایگەیاند لە کەسوکاری وی لە گوندی کۆچۆ زیاتر لە ٢٠ کەس کوژراون، هێشتا حکومەت بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، هەر جارەو بەشێک لەو شەهیدانەمان بۆ دەنێرێتەوە، هەرکات بەم جۆرە تەرمەکان دەنێرنەوە، برینی فەرمانەکە نوێ دەکولێتەوە.

پارێزەر نەزار بەرجەس ڕایگەیاند، پاش ٩ ساڵ، هێشتا ژمارەیەکی کەم لە تەرمەکان و ناسنامەکانیان ئاشکرا کراون. ئەم خەمساردییەی حکومەت ئازارمان زیاتر دەکات.

هاوڵاتییەک بە ناوی ئازاد حوسێن ڕایگەیاند، کاتێک بیر لە فەرمان دەکەینەوە هۆکارەکەی دەزانین، ئەوەیە ئێزدییەکان پاراستنی خۆیان بەدەست نەبوو، بەڵکو بەدەستی لایەنی تر بوو. بەداخەوە ئەوانەی بوونە هۆکاری فەرمانەکە لەم مەراسیمانە ئامادە دەبن. پێویستە خەڵکی شەنگال ڕێگە نەدات لە مەراسیمەکان ئامادە بن.