تەڤگەر: لە گارە شکست بە پیلانی گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ سەر تورکیا درا

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند: ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی گارە گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵە کە خەونی بە دینەھاتوی ئەردۆغانە، بەڵام ئەو ئامانجە شکستی هێنا.

دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕا و ھەڵوێستی ۆی سەبارەت بە ڕەوشی هێرشە داگیرکاریەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی دژ بە ھەرێمی گارە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی گارە گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵە کە خەونی بە دینەھاتوی ئەردۆغانە، بەڵام ئەو ئامانجە لەلایەن گەریلاوە شکستی پێدرا. دەبێت بزانرێت بە شەڕ گەلی کورد و بزوتنەوەکەی لەناوناچن و ئاشتەواییش لە تورکیا و باکوری کوردستان دروست نابێت.

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکەی تەڤگەر:

جارێکیتر دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی چڕ دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی دیکە کردووە بە ئامانجی داگیرکردنی باشوری کوردستان و لە ناوبردنی ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی ھەزاران گەنج و پیر و ژن و مناڵ بەدەستھاتون، بەدرێژایی مێژووی خۆی دەوڵەتی تورکیا جگە لە شەڕ خاوەنی ھیچ پرۆژەیەک نەبووە بۆ چارەسەری، ھەموو دەستپێشخەری و ئاگربەستەکانی لە لایەن خودی ڕێبەر ئۆجەلان و بزوتنەوەی ئازادی گەلی کوردی لە باکوری کوردستانی بە شەڕ وەڵامداوەتەوە و ھەمیشە لەسەر دەستی ئەوان ھەوڵە ئاشتیخوازیەکان بەربەستی بۆ دروست کراوە، و تێکدراوە، ئەگەر چی لەو ماوە درێژەدا بە سەدان ئۆپەراسیۆنی بۆ قڕکردن و کپ کردن و سڕینەوەی گەلی کورد و ڕێبەر و بزوتنەوەکەی بەڕێوەبردووە بەڵام سەرئەنجام شکستی تۆمار کردووە، بگرە گەلی کورد و نوێنەرەکانی ڕۆژبەڕۆژ لە پێشکەوتن و پێشەنگایەتی زیاتر نزیک دەبنەوە،
ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەش ئەگەرچی لە ژێر بیانوی ھێرش بۆ سەر گەریلاکانی کوردستانە، بەڵام ئامانج شکاندنی کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵە کە خەونی بە دینەھاتوی ئەردۆغانە،
گومان نیە لەوەی دەوڵەتی داگیرکار و ھەژمونگەرای تورکیا ھەر گوندێک و ھەر شاخێک و ھەر شارێک داگیربکات، تەنھا بەوە ناوەستێت، بەڵکو ئەزمونمان ھەیە و ھێشتا نمونەیەکی زیندووە کە خەڵکی ڕەسەنی عەفرین و ژنان و کچانی عەفرینیان بە چ دەردێک برد و چۆن ھەمویان ئاوارە و دەربەدەر کرد و ماڵ و سەروەت و باخ و تەنانەت ئاژەڵەکانیشیان داگیرکرد و لە جێگەیاندا چەتەو بەکرێگیراوەکانی خۆیان نیشتەجێ کرد، دەبێت حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێم، ئەو دیمەنەیان لەپێش چاو بێت و ھەوڵ بدەن پێشوەختە پێش بەو پیلانە چەپەڵانە بگرن، تەواوی پارتە سیاسیەکان بەرپرسیارین بەرامبەر بەم دۆخە، لێرەدا حیزبی بچوک یان گەورە بوونی نیە، ئەوەی ھەیە و گەورەیی و بچوکی دەردەخات ھەڵوێستە، کاری حیزب تەنھا بانگەشەی ھەڵبژاردن و گەیشتن بە پەرلەمان نیە، ھەڵوێستی خاکپارێزی و نیشتیمان پارێزی و مرۆڤپارێزی ئەرکی لە پێشینەیە، ئەگەر پەرلەمانێک خۆی بە نوێنەری گەل بزانێت و تروسکاییەک ئیرادەی ئازادی تێدا بێت، ئەمڕۆ پێویستە بە دەنگ بێت و ئەم سیاسەتە قبوڵ نەکات، ئەم قۆناخە قۆناغێکی ھەستیار و گرنگە، پێویستە خوێندنەوەی لۆژیکانە بۆ پێواژۆی ھەیی بکەین و ئاستی مەترسی و لە ھەمان کات سەرکەوتن باش ھەڵسەنگێنین،

بە باوەڕی ئێمە ئەم سەدەیە سەدەی ئازادی گەلی کورد و گەلانی بندەستی ناوچەکەیە، بەمەرجێک ھێزەکانمان کۆدەنگ بکەین و گەلەکەشمان بە ڕۆحیەتی خۆڕاگری و تێکۆشانی شیلادزێ و پاڵپشتمان بێت، بەم ڕەنگە نەک ھەر لاواز نابین بەرامبەر داگیرکاران، مسۆگەر فشارمان ھێندە کاریگەر دەبێت پاشەکشەیان پێدەکات و ناچار بە گەڕانەوە دەبن و پەنا بۆ ھەوڵی ئاشتەوایی دەبەن، بێگومان لە دۆخێکی بەو ڕەنگەشدا یوئێن و تەواوی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش ھاوکاری ئێمە دەبن، بە پێچەوانەوە ڕۆژبەڕۆژ دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان لە دەست دەچن، ھەر بێدەنگیەک لە لایەن حکومەتی ناوەندیەوە یان حکومەتی ھەرێمەوە راستەوخۆ ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ پرۆسەی داگیرکاری، بۆیە بە ھەموو ھێز و لایەنە عێراقیەکانەوە واتا کۆی پێکھاتەکان، مەزھەب و باوەڕی و نەتەوە جیاوازەکانی عێراقەوە پێویستە بۆ پاراستنی خاک و سەروەری نیشتیمانمان خاوەن ھەڵوێست بین، بەر لە ھەر لایەک پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵوێستی خۆی ڕوون و ڕاشکاو بۆ ڕایی گشتی و مێژوو گەلەکەشمان ئاشکرا بکات، سەردەمی ئیتفاق لەگەڵ تورکیا و شەریکایەتی بەسەرچووە و شەرم و خیانەتێکی مەزنە، لە ئەگەری بەردەوامیدا پێویستە ھێزەکانی پشمەرگەی پارتی و ئەندام ولایەنگرەکانی بەر لە ھەر کەس فشار بخەنە سەر پارتی و شەرمەزاری بکەن و ھەڵوێست وەربگرن، تەواوی پارتی سیاسی، ڕێکخراوی ژنان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مەدەنیەت، ژینگەپارێزان، لە ھەموو پەیڕەو و نوسراوی دەستور و یاسای کارەکانیاندا، دەستپێک بەڵێنی پاراستنی بەھا نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیان نوسیوە ، پێویستە ئەمڕۆ ببنە کردار و لە توێی نوسراوەکان بێنە دەرەوە، پێویستە ھەمووان داوا لە تورکیا بکەین بە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی لەناوخۆی تورکیادا بە داننان بە مافە سیاسی و دیموکراتیەکانی گەلی کورددا کێشەکانی چارەسەر بکات، ھەرگیز بە شەڕ و ھێرشی چەکداری نە گەلی کورد و بزوتنەوەکەی لە ناو دەچن و نە ئاشتەوایی لە تورکیا و باکوری کوردستاندا دروست دەبێت، لە کۆتاییدا بانگەوازی لە ھەمووان بەتایبەتی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان دەکەین و دەڵێین: یەکدەنگیمان زامنی پاراستنمانە لە شاڵاوی داگیرکاری و پاکتاوی ڕەگەزی و سڕینەوەی قەوارە و ستاتۆی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت ھەنگاونانە بەرەو چارەسەری دۆخی ئابوری و ژیانیمان چونکە ھۆکاری سەرەکی قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیش لە باشوری کوردستان دەوڵەتی تورکیایە.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

دەستەی ھاوسەرۆکایەتی
١٤/٢/٢٠٢١

هـ.هـ