دوێنێ لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک ژنە چالاکوانێکی کوردی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی فریال سلێمان بە دەستدڕێژی گولەی دوو چەکدار شەهیدکرا، هێشتاش تاوانباران نەدۆزراونەتەوە.
دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو ئەم کارە تیرۆریستییەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، وەک چۆن چەند ڕۆژێک پێش ئێستە داعش پێشمەرگەیەکی کوردی تیرۆر کرد، دوێنێش دەوڵەتی تورک ژنە چالاکوانێکی تیرۆرکرد، وا دیارە داعش و فاشیستانی تورک لەسەر کوشتنی کوردان لە کەرکوک ڕێککەوتوون، هەروەها تەڤگەری ئازادی داوا دەکات دەستبەجێ تاوانباران دەستگیر بکرێن و بەسزای خۆیان بگەن.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی بەم جۆرەیە:
"شەرمەزاریی بۆ تیرۆریستان:
جارێکی تر تیرۆری کەسایەتییەکی ئازادییخواز و چالاکوان و تێکۆشەرێکی بزوتنەوی ئازادیی ژنان لەکەرکووکی دێرین، بەدەستی تیرۆریستە فایشستەکان شەھید کرا.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ١/١٨ لەگەڕەکی سەرچناری شاری کەرکووک، لەلایەن دوو تیرۆریستەوە “فریال سلێمان خالد” کە چالاکوانێکی سیاسیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و بۆ درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی ژنان سەردانی باشووری کوردستانی کردبوو، دەرێتە بەر دەستڕێژی گولە و شەھید دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو کردەوە ترسنۆکانە و تیرۆریستانەیە بەتوندی مەحکووم دەکەین، داوا دەکەین دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک بکوژان بدۆزنەوە و بەسزای یاساییان بگەیەنن. دیارە داعش و فایشستەکانی تورکیا لە کەرکووک بۆ تیرۆرکردنی کوردان رێککەوتوون، چەند رۆژێک پێش ئێستا پۆلیسێکی کورد لەناو شاری کەرکووک لەلایەن داعشەوە تیرۆرکرا، دوژمنان بۆ قەرەبووی شکستەکانیان دەستیان داوەتە تیرۆر و شەڕ فرۆشستن بەخەڵکی مەدەنیی و بۆمبارانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
ئێمە لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان وێرای شەرمەزارکردنی ئەو کردەوە تیرۆرستیە ترسنۆکانەیە داوا لەژنان و ئازادیخوازانی کەرکووک و تەواوی کوردستان دەکەین خاوەن ھەڵوێستبن و خاوەنداری لە خوێنی ئەو مرۆڤە ئازادو تێکۆشەرانەبکەن ، لەھەمان کاتدا پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان لە کەرکووک بەرپرسن لە دۆزینەوەو ئاشکراکردنی تیرۆرستان و بەسزاگەیاندنیان، تیرۆری مامۆستا شەماڵ لە کفری و ناگھان لە سلێمانی و چەندانی دیکە نابێت ھەروا تێپەرێت، ژن ژیان ئازادیی دەبێت لە کەرکووک و تەواوی کوردستان ببێتە دورشمی ئازادیی ژنانی ستەملێکراو.
نەمریی بۆ شەھیدان
رووڕەشی بۆ تیرۆر و تیرۆریستان".