تەڤگەری ئازادی: لەدژی هەر پیلانگێڕییەک لەدژی شەنگال دەوەستینەوە

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان رایگەیاند، خۆبەڕێوەبەری شەنگال دەستکەوتێکە نەوەک تەنیا بۆ ئێزدییەکان بەڵکو بۆ تەواوی باشووری کوردستان و گەلان، پێویستییەکی ژیانییە و تەنیا ڕێگەی چارەسەرییە بۆ گشت کێشەکان.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی٢٠١٤دا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئەو کارەساتە لە کاتێکدا بوو دڕندەکانی داعش لە هێرش و پەلاماردابوون و ئەگەری هێرش بۆسەر ئێزدییەکان لە ئارادا بوو، بەڵام هێزەکانی پەدەکە و سوپای عێراق کە دەیان هەزار کەس بوون و ئەرکیان بوو شەنگال و ناوچەکە بپارێزن، بەڵام بێ هیچ بەرگرییەک هەڵاتن.

تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزەکانی یەپەگە لە ڕۆژئاوا و فیداکاری گەریلا کرد کە بوونە قەڵغان بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی و وتی، "بەهێزی جەوهەری کوڕان و کچانی یەپەشە و یەژەشەی ئێزیدخان پارێزگاری لە هەبوون و کەلتوور و ژیانی ئازادی خۆیان دەکەن و لەسەر خاک و زێدی پیرۆزیان ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری خۆیان دروست کردووە و ڕێگە نادەن جارێکی تر غافڵگیر و کۆمەڵکوژ بکرێنەوە.

تەڤگەری ئازادی دەشڵێت: ئێستا کە هەشت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو فەرمانەدا و داعش شکستی هێناوە و لەنێوبراوە، هێزە هەڵهاتووەکانی پەدەکە و بەشێک لە سوپای عێراق و تورکیای داگیرکەر، بەردەوام لە پیلانگێڕی و شەڕفرۆشیدان و دەیانەوێت جارێکی تر شەنگال و ئێزدییەکان بکەنەوە بە کۆیلە و بە زۆرداری حوکمیان بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدەکرێت."ئەمڕۆ خۆبەڕێوەبەری دەستکەوتێکە نەوەک تەنیا بۆ ئێزدییەکان بەڵکو بۆ تەواوی باشووری کوردستان و گەلان، پێویستییەکی ژیانییە و تەنیا ڕێگەی چارەسەرییە بۆ گشت کێشەکان، بۆیە پشتگیری و پاراستنیشی ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانییە.

تەڤگەر ئازادی پشتیوانی هەمەلایەنە لە خۆبەڕێوەبەری شەنگال کردووە و ڕاشیگەیاند: دژی هەموو پیلانگێڕییەک دەبین بۆسەر کۆمەڵگەی ئێزدی.

لە کۆتاییدا تەڤگەری ئازادی،  داوا لە هەموو هێزە دیموکراتیەکان و ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان لە عێراق و کوردستان و جیهان کرد، پاڵپشتی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بکەن و ببنە دەنگی خەڵکی ستەملێکراوی شەنگال و ڕێگە بە کۆمەڵکوژی و دووبارەبوونەوەی فەرمانێکی دیکە نەدەن.

ف.ق