تەڤگەری ئازادیی: کێشە خودی دەسەڵاتە

ئەنجوومەنی گشتی تەڤگەری ئازادی لە شاری کەرکووک لە سەردواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبرد.

ئەنجوومەنی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری کورکووک لەسەر دواین پێشهات وگۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبرد. تەڤگەری ئازادی دەستنیشانیکرد هۆکاری کێشەکان خودی دەسەڵاتە و وتی، " دەبێت لە دەمێکی کوررتدا دۆخی گوزەرانی خەڵک باش بکرێت و لەگەل دەسەڵاتی ناوەندی عێڕاقدا ڕێکەوتن بکەن.

تەڤگەری ئازادی لە سەرەتای بەیاننامەکەیدا پیرۆزبایی جەژنی لە دایکبوونی مەسیحی لە سەرجەم مەسیحییەکانی جیهان کرد.

'دەسەڵات بەرپرسە'

لە بەیاننامەکەدا هاتووە “ئەگەرچی گەلی کورد بەگشتی لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە و هێشتا کێشەی ناسنامە و خاک و هەبوونمان هەیە و لەو پێناوەشدا شەڕێکی بێ بڕانەوەمان لەگەڵ دەکرێ، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە لە باشووری کوردستان دەرفەت زیاترە بۆ ئەوەی هەم کێشە نەتەوەییەکان بەشێکی چارەسەر بکرێت، هەم کێشە ناوخۆیی و نیشتمانیەکان چارەسەربکرێت، بەڵام بە داخەوە نەک چارەسەر ڕۆژ بەڕۆژ کێشەی هاوڵاتی و قەیرانەکان ڕوو لە زیاد بوونە و قوڵتر دەبێتەوە."

' هۆکاری سەرەکی ناکۆکییەکان دەستێوەردانی ولاتانی دەرەکییە'

تەڤگەری ئازادیی ئاماژەی بەوەکردووە، کە “دەستێوەردانە بێ بڕانەوەکانی دەوڵەتانی هەرێمی و زل هێز و بێ ئیرادەیی دەسەڵاتی کوردی وهەماهەنگییە خراپەکانیان سەرچاوەی سەرەکی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانە، هەموو ئەوانە بوەتە هۆکاری ئەوەی جارێکی دیکە کورد لە باشووری کوردستاندا لەگەڵ عێراق و حکومەتەکەیدا لێکترازانی گەورە و دوورکەوتنەوەیان بۆ دروست ببێت.

' حکومەت لەجێگەی ئەوەی کە هێرشی داگیرکاری ئیدانە بکات ، پەکەکە تاوانباردەکات'

لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “سەرکردایەتی کورد کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانی هەر بیرچووەتەوە و دیار نییە چۆن ئاسایشی ئەو ناوچانە دەپارێزرێ، کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و زۆر گرفتی دیکەی خەڵکی ئەم ناوچانە لە ئێستادا بابەتێکی لاوەکییە بۆ دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “سەرباری هەموو ئەو کێشانە دەوڵەتی تورکیا هەڵمەتێکی گەورەی هەمەچەشنی دەستپێکردوە بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان، کەچی حکومەتی هەرێم لە جێگەی ئەوەی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و عێراق کار لەسەر ئەو پێشێلکارییانە بکات، پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان ڕادەکێشێت و ئەو بە هۆکاری کێشەکان دەزانێت، لە کاتێکدا تورکیا هەر لەم ساڵدا و بەبەر چاوی جیهانەوە دەستێوەردان و داگیرکاری لە زۆر وڵاتی دەورووبەر و دەرەوەدا ئەنجام داوە."

' ئێمە هەست بەبەرپرسیارەتی دەکەین و بە ئەرکی خۆمان ڕادەبین'

تەڤگەر باسی لەوەشکردووە، کە دەسەڵاتی کوردیی نە توانیویەتی لە پرۆژەی ئابوری سەربەخۆدا سەرکەوتوو بێت و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکات، نە توانیویەتی لەگەڵ عێراقدا ڕێکبکەوێت، “ئێمە پێمان وایە لە ئەگەری ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەرفەتی گەندەڵی و بردنی سامانی وڵاتیان بۆ نامێنێتەوە، هەر بۆیە ئامادەی ڕێککەوتن نین لەگەڵ بەغدا، ئەمە جگە لە گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیا.

تەڤگەری ئازادیی سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ هاوڵاتیانی ناڕازیدا و ڕایگەیاندووە: سەرەڕای بوونی هەموو ئەو کێشانە، کاتێک خەڵکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دێتە سەر شەقام بە توندترین شێواز ڕووبەڕووی دەبنەوە، شەهید کردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی ئەم دواییە پەڵەیەکی ڕەشی ترە بە نێوچاوانی دەسەڵاتی کوردیەوە.

داواشیان کردووە، کە “هەرچی زووە دەسەڵات بەخۆیدا بچێتەوە، هەرچەندە هیوا زۆر کەمە بۆ ئەوەی دەسەڵات گۆڕانکاری و چاکسازی لە خۆیدا بکات."

ک-ش