تەوار عادل: هیچ بڕیارێک ناتوانێت دەنگی ئێمە کپ بکات
کارمەندی کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان رۆژنامەوان تەواو عادل ئەوەی خستەڕوو کە هیچ بریارێک ناتوانێت دەنگی ئەوان کپ بکات و داوای پشتیوانی لە هەموو ئازادیخوازان لە هەرێمی کوردستان کرد.
کارمەندی کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان رۆژنامەوان تەواو عادل ئەوەی خستەڕوو کە هیچ بریارێک ناتوانێت دەنگی ئەوان کپ بکات و داوای پشتیوانی لە هەموو ئازادیخوازان لە هەرێمی کوردستان کرد.
کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان سەبارەت بە داخستنی کۆمانیاکەیان لە سەنتەری مێترۆ لە سلێمانی بە بەشداری رۆژنامەوانان، چالاکوانان و ئەکادیمیسیانەکان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد. راگەیەندراوەکە لەلایەن کارمەندی کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان رۆژنامەوان تەواو عادلەوە خوێندرایەوە.
تەواو عادل باسی لەوەکرد کە سەرباری تێپەڕبوونی ٣ رۆژ بەسەر داخستنی کۆمپانیاکەیان، تائێستا هۆکاری داخستنەکە نازانین. هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە بە بێ پاساوی یاسایی بڕیارێکی لەو جۆرە پێشێلکردنی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی مافی دەستکەوتنی زانیارییە.
لە درێژەدا وتی: "بەداخەوە ٣١ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی سەرەکی کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان بۆ بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و ئۆفیسەکەیان داخست و هەموو کارەکانیان راگرت. بە بێ ئەوەی بڕیارێکی فەرمی یاخود فەرمانێکی دادگا بخەنەڕوو.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣ رۆژ بەسەر کۆمپانیاکەمان تائێستا لایەنە پەیوەندیدار و جێبەجێکارەکان کە کۆمپانیاکەی ئێمەیان داخستووە هیج هۆکار و زانیارییەکیان لەو بارەوە نەخستووەتەڕوو. لەکاتی داخستنی کۆمپانیاکەمان تەنیا وتیان هەفتەی داهاتوو سەردانی ئاسایشی هەرێم بکەن و جگە لەوەی لەبارەی بڕیارەکەوە هیچی تریان نەگوت.
ئێمە رژدین لەسەر هەڵگرتنی ئەو بڕیارە لەسەر کۆمپانیاکەمان. لەبەر ئەوەی کۆمپانیاکەمان بە فەرمی لە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ لەلای بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکان سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بە ژمارە ٢٦٠٧٧ مۆڵەتی وەرگرتووە. هیچ کێشەیەکی یاسایی نیە، کە ببێتە مایەی داخستن و راگرتنی کارەکانی کۆمپانیاکەمان.
ئەم بڕیارە پێشێلکردنی مافەکانە
کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی میدیاییە و بە پێی رێککەوتنێک بەرنامە بۆ ژن تیڤی ئامادە دەکات. بە درێژایی ٧ ساڵی رابردوو بە گوێرە رێسا و یاساکان کاری کردووە. لەسەر بنەمای ئیتیک و ئاکاری کاری میدیایی بووەتە دەنگ و رەنگی ژنانی باشوری کوردستان، لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە ژنان کاری کردووە.
بڕیاری داخستنەکەی هیچ پاساوێکی یاسایی نییە، پێشێلکردنی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی مافی دەستکەوتنی زانیاری ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣یە کە بناغەی ئازادی کاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستانە.
داخستنی کۆمپانیاکەمان بە پێشێلکردنی ئازادیی کاری راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەزانین و پێمانوایە کە دەرکردنی ئەو بڕیارە و داخستنی دەزگایەکی میدیایی، جارێکی دیکە هەڕێمی کوردستان بە گشتی و سنووری پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی دەخاتە ناو بازنەی سوری سەرکوتی ئازادی راگەیاندن. هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا زیان بە ناوبانگی هەرێم لە رووی ئازادی کاری راگەیاندن دەگەیەنێت.
دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەو پێشێلکارییە بهێندرێت
هەربۆیە داوا لەلایەنەکانی پەیوەندیدار بە دەرکردنی ئەم بڕیارە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکەین، ئەگەر لە خەمی ئازادی و کاری راگەیاندن و گەیاندنی دەنگی ژناندان، با دەستبەجێ کۆتایی بەو پێشێلکارییە بهێنن و دەست لە سەرکوت و چەوساندنەوەی راگەیاندنی ئازاد هەڵبگرن. رێگە بدەن کە کۆمپانیاکەمان درێژە بە کارەکانی بدات و چیتر لەمپەر لەبەردەم ئازادی کاری راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان ساز مەکەن.
هەروەها داوا لە هەموو کەسانی ئازادیخواز لە هەرێمی کوردستان دەکەین کە لەم دۆخەدا پشتیوانی خۆیان دەرببڕن و پێکەوە لەپێناو ئازادی راگەیاندندا تێبکۆشین. بەوەش رێگە نەدەن کە زیاتر راگەیاندنی ئازاد رووبەڕووی هێرش و گوشاری سیاسی، داخستن و کپ کردن ببێتەوە.
وەک پێشتریش بەڵێنمان داوە و ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە بڕیارێکی نایاسایی لەو جۆرە ناتوانێت دەنگی ئێمە کپ بکات و ناتوانێت پێنوسەکانمان بوەستێنێت. بەپێچەوانەوە لەپێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەک بە دەنگ و رەنگی ژنان و دوور لە هەموو جۆرە توندوتیژیەک، بە شێوەیەکی بەهێزتر درێژە بە خەبات و تێکۆشانمان دەدەین".